خوێندنی باڵا داوایەك ئاڕاستەی دەرچوانی 12 ئامادەیی دەكات


خەندان-

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داوا لە خوێندکارانی دەرچووی دوانزەی ئامادەیی دەكات سەردانی وێبسایتی (زانکۆلاین) بکەن بۆ دڵنیابوون لە دروستی نمرەکانیان.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتەكە ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژەی بەوەكرد، لە پێناو کاراکردنی پڕۆسەی (زانکۆلاین) و، گەڕانەوەی ناویان خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکەمان ئاگاداری دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەکات، بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەی پۆلی (١٢) و هەژمارکردنی نمرەی قۆناغەکانی (١٠) و (١١)یان، لە ئەمڕۆ ڕێکەوتی (١٨/٨/٢٠١٦)ەوە دەتوانن سەردانی وێبسایتی (زانکۆلاین) بەناونیشانی  (regayzanko.com) بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا،  داواشی لە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی كرد، ئەگەر هەر خوێندکارێک هەڵە لە کۆنمرەکانیان هەبوو، پێویستە سەردانی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکانی وەزارەتی پەروەردە) بکەن بۆ چاککردنی هەڵەکانیان و سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نەکەن.

هەروەها رایگەیاند، دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی خولی یەکەم دەتوانن بە ژمارەی ئەزمونەکانی قۆناغی دوانزەی ئامادەییان بچنە ناو سیستمی (زانکۆلاین) بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەکانیان.

عەباس ئەکرەم جەختیشیكردەوە، ئەو ئاگادارییەک تەنها بۆ دڵنیابونی خوێندکاران و قوتابیانە لە ڕاستی و دروستی نمرەکانیان، بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە هەڵبژاردن و دیاریکردنی (بەش و کۆلێژ و زانکۆکان) و، پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نیە، بەڵکو کاراکردنی (زانکۆلاین) لە کاتێکی دیکەدا ڕادەگەیەنن.

ئه‌م بابه‌ته 1279 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM