سەرئەنجامی سەردانەکانی نوێنەری بارزانیی بەکوێ دەگات؟

حه‌مه‌ده‌مین سلێمان

دوا وادەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و نەسازانی لایەنە سیاسیەکان ئەو کات ، یان ڕونتر بڵێین : بە لەخۆبایی و بێمنەتی مامەڵەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەڕ چارەسەری ئەو پرسە بەرامبەر چوار حزبەکەی تری ناو پەڕلەمان .. خاڵی دەسپێکی قەیران گەلێک بوو ، کە هەرێمی کوردستانی گیرۆدەی گێژاوێکی سیاسی و ئابووری وا کرد ، ئەمڕۆ هەموومان بەدەستیەوە دەناڵێنینن و مەترسی زۆری بۆ سەر ئایندە و چارەنووسی گەلەکەمان دروستکردوە. 

دیارە، ڕەش بینی و بێ ئومێدیی خەڵکی لەو دۆخەدا تادێ ڕوو لە هەڵکشانە و خەریکە پەڕاوێزێک بۆ هیوا و ئاواتەکان نەمێنێت ، لە بەرامبەردا حکومەت و ناوەندی دەستەڵاتی ئەو هەرێمە نەک هەر خەمساردە لەئاست ئەو بابەتەدا ، بەڵکو خەریکە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە دەڵێن : قەیرانەکان سازکراون و لە پشتەوە وێنەێکی تریان هەیە ، ئەوەتا جار جار لە گفتوگۆ و دیمانە تەلەفزیۆنەکاندا ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا پەڕلەمانتار و کادیرانی (پ،د،ک) دەبینین، کە باس لە ڕەوشی نالەباری خەڵک و بێ موچەیی دەکرێت!

بەهەرحاڵ ، دیارە مەبەستی من لێرەدا بابەتەێکی ترە و نامەوێت لێی دوور بکەومەوە ، ئەویش پەیوەستە بەو جموجۆڵە سیاسیەی دوای نزیکەی ساڵێک لە دەرگا بەڕووی یەکتردا داخستن و ڕوو وەڕگێڕان لە یەکتری .. ئێستا بە هۆی سەردانی نوێنەری بارزانی بۆ لای لایەنەکان ، بەتایبەت بۆ لای ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەستی پێدةکرێت و خەڵکی کوردستان بە بێ هیواییەوە چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن .

هەرچەند تا ئێستا هیچ لەبارەی سەردانەکانی بەرێز ( فوئاد حوسێن ) و هەوڵ و ئاکامی کۆبوونەوەکانی نازانرێ و لە دووری چاوی میدیاکانەوەن ، بەڵام وەک باس دەکرێت دیدارەکان بەردەوامیان دەبێ و هەست بە کرانەوەی تونێلێک دەکرێت بەڕووی گەیشتنی مەسیج و بۆچوونەکان بە ڕووی یەکتریدا ، لەو لاشەوە چاودێران و میدیاکارانی سیاسی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە لێکدانەوە و شرۆڤەی ئەو بابەتە دەکەن و چاوەڕێی دەرکەوتەی ئەنجامەکانن ، لێرەدا دەکرێت ئێمەش چەند دید و هەڵسەنگاندنێکی جیا جیا لەو بارەوە بخەینە ڕوو :

1-دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو مشتومڕ و جیاوازی گەرمەی لەمەڕ ئەو بابەتە کەوتە نێوان پارتی لە لاێک و چوار لایەنەکەی تر لە لاێکی تر .. بێ ئومێد بوونی پارتی لە ویست و چاوەڕوانیەکانی کە شکاندنەوەی تای تەرازووی هاوکێشەکە بوو بە قازانج و بەرژەوەندی خۆی ، لە هەنگاوی یەکەمدا پەکخستنی پەڕلەمان و ئیفلیج کردنی حکومەتی لێکەوتەوە و لەو دیوی ڕەوایەتی یاسا و ئیرادەی خەڵیکدا توانی کۆسپەکانی بەردەم پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و درێژەدان بە دەستەڵاتی ڕەهای خۆی  دوور لە دەزگای چاودێریی کردن تەخت بکات .. خۆ دوور نیە ئەوهەوڵەی نوێنەری بارزانی بریتی بێت لە بەشی دووەمی سیناریۆکە ، کە مڕاوەغە کردنێکی سیاسی بێت بۆ بەردەوامی دان بەو دۆخەی ئێستا تا هەڵبژاردنی داهاتوو ، کە بێگومان دەرێژە کێشانی و مانەوەی لەبەرژەوەندی و ویستی پارتیدایە ، ئەویش بە مەرجێک دواجار کۆسپێکی تریش نەخرێتە بەردەم ئانجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دوابخرێت !

2-گەڕانەوەی (نەوشیروان مستەفا ) لە دەرەوەی وڵات و ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی سیاسی نێوان (ی،ن،ک و بزووتنەوەی گۆڕان) لەو دوایەدا هەست دەکرێت گۆڕانێکی لە هاوکێشەکەدا خوڵقاندبێ و جارێکی تر سلێمانی کردبێتەوە ویستگەی گەرمی سەردان و کۆبوونەوە و پێشوازیکردن لە بەرپرس و کەسایەتیە سیاسیی و دیبلۆماسییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان ، ئەوەش ڕەنگە لە دۆخی ئێستای هەبوونی تێبینی جیاواز لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و تا ڕادەیێک دەرکەوتنەوەی گیانی دوو زۆنی بەدڵی پارتی نەبێت و ناکرێت نادیدەشی بگرێت .

3-بێگومان بەرپرسیارێتی خوڵقانی ئەو دۆخەد زیاتر لەسەر شانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینرێت ، ئەویش بە هۆی پێگە و دەستەڵاتی ڕەهای ئەو حزبە لە حکومەتدا لە لاێک و زیاتر سەچاوەگرتنی کێشەکان لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە لاێکی تر ، لە کاتێکدا ئەو بابەتە پرسی گەرم و بەردەوامی باس و خواسی کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن بووە و تا ئاستێکی بەر چاو ڕەنگدانەوەی لە ناو خەڵکی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە ، بۆیە دوور نیە ئەو سەردانانە جۆرێک بن لە خۆش دوانی سیاسی پارتی بە ڕووی شەقامدا بۆ گۆڕینی ئەو وێنەی کە ئێستای لە خەیاڵدانی ڕای گشتییدا دروست بووە .

4-گوشارە دەرەکییەکانی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان ڕەنگە ڕۆڵی خۆیان گێڕابێت لەو جموجۆڵە سیاسیەی ئێستای کوردستاندا ، بەتایبەت لە سەرەتا و گەرمەی کێشەکاندا نوێنەری کونسوڵخانەکانیان ئامادەگیان لە کۆبوونەوە  و هاندانیان بۆ بەردەوام بوون لە دانوسانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن دیار و بەرچاو بوو.... لەبیرمان نەچێت یەکەم جاریش نیە گوشاری دەرەکیی نەخشی هەبێت لە بەلاداخستن و یەکلا کردنەوەی کێشە ناوخۆکانماندا ، ڕێککەوتننامەیی (واشنتۆن) وەک دوا ویستگەی شەڕی ناوخۆ نمونەێکی زیندوو و دوور نیە .
5-
هەڵبەت ، هۆکارەکان هەر چیەک و بۆ هەر مەبەستێک بن .. هەموان لە چاوەڕێی تێپەڕبوونی ئەو ڕەوشە و سووک بوونی باری گرانی سەر شانی میللەتەکەمان و ئائندەێکی ڕوون داین ، دوا ڕۆژیش دەریدەخات ئاکامی هەوڵ و کۆبوونەوەکان لە کام کەناردا لەنگەر دەگرن .



ئه‌م بابه‌ته 1111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM