دوای‌ داعش... بژاردەکانی‌ بەردەم هەرێمی‌ کوردستان

هیوا سەید سەلیم

ئەگەرچی‌ لەدوو ساڵی‌ ڕابردوو لەسەر زاری‌ زۆرێک لە بەرپرسانی‌ ئەمریکی‌ و غەیرە ئەمریکی‌ باس لەوە دەکرا کە شەڕی‌ داعش شەڕێکی‌ دریژ خایەن دەبێت، بەڵام ئێستا هەموو پێشبینیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ ساڵی‌ کۆتایی‌ هاتن بەرێکخراوی‌ تیرۆرستی‌ داعش دەبێت.

 لەچەند رۆژی رابردوودا ڕاگەیاندنە عەرەبیەکان بەناوی‌ زانیاری‌ دزەپێکراوە لەسەرچاوە ئەمریکیەکان باسیان لەئایندەی‌ عیراق لە دوای‌ داعش دەکرد، لەچوارچێوەی‌ ئەو زانیاریانە باس لە عێراقێکی‌ فیدرالی‌ کراوە، کە عێراق سێ هەرێم لە خۆدەگرێت،کە پێکدێت لەهەرێمەکانی‌ (کوردستان ، شیعە ، سوونە).

 ئەگەرچی‌ لە ڕاپۆرتەکە ناوی‌ ئەو سێ هەرێمە نەهاتووە، بەڵام لەوانەی‌ سەرەوە بەدەر نابێت، ئەگەر ئەو زانیاریانە ڕاست دەربچن ئەوا ئەمەریکا بەپشتیوانی‌ هاوپەیمانانی‌ پرۆژەی‌ (بایدن) لە عێراق بە جێبەجێدەکات، کە (بایدن) ساڵانێکە داوادەکات بۆ چارەسەری‌ کیشەکانی‌ ناوخۆی‌ عێراق ئەو وڵاتە بکرێتە سێ هەرێم کە دەوڵەتێکی‌ فیدرالی‌ بەیەکەوەیان گرێیان بدات .

لەعیراقدا زوو کار بە پرۆژەی‌ (بایدن) نەکرا، ئەگەر کاری‌ لەسەر کرابا نە ئەو وڵاتە بەو دەردە دەچوو نە شتێکیشمان دەبیست کە ناوی‌ (داعش) بێت، ئەی‌ بۆ ئێستا دێینەوە سەر هەمان پرس و رێکاچارەی‌ (بایدن ) دەکرێتە دیفاکتۆ؟

کورد دەڵێت: (مەرگیان نیشانداین بەتایێ مەمنوون بووین).
هەموو لایەک دەزانین کەهەر دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ (سەدام) پێکهاتەی‌ سوونە لەعیراق بە لووتبەرزی‌ زۆرەوە  بایکۆتی‌ پرۆسەی‌ سیاسیان کرد، هەمیشەش خەونیان بەگرتنەوەی‌ جلەوی‌ دەسەڵات لەو وڵاتە دەبینی‌، ئەمەیان وایکرد چەندین دەرفەتیان لەدەستبچێت، هەر بۆیە عیراق و ناوچەکەی‌ خۆشیان تووشی‌ چەندین کارەساتکرد، تا وایلێهات بەدەست لەپشدانی‌ وڵاتانی‌ نزیک لە خۆیان هەمووشتیکیان رەفز بێت و بەرامبەرەکەشیان کە نوینەرایەتی‌ دەسەڵاتی‌ شیعەی‌ دەکرد دوور لەمەنتیق کاردانەوەی‌ نواند، سەرەنجام ململانێیەی‌ ئەودوو پێکهاتەیە کارئاسانی‌ کرد بۆ درووستبوونی‌ سیناریۆی‌ داعش .
ئەی‌ کورد لەکوێی ئەو ململانێیە بوو؟ پڕوشکی‌ ئاگری‌ ئەو شەڕە گەیشتە خەرمانی‌ کورد یان نا ؟
کورد لەهەرێمی‌ کوردستان تا رووخانی‌ (سەدام)  خاوەنی‌ ماڵی‌ خۆی‌ بوو، شەری‌ شیعەو سونە نەک هەر نەبوو،  بگرە هەموو لایەک بە ئامیزگرتنەوەی‌ کورد بۆیان مەمنوون بوون، بەڵام لەگەڵ نەمانی‌ (سەدام) هاوکیشەکان گۆڕان، ئەمجارەیان کورد دەبێتە فریادڕەسی‌ بونیاننانەنەوەی‌ ماڵی‌ داڕووخاوی‌ شیعەو سوونە لەعێراق، وەلی‌ هەرزوو هەردووکیان لێی‌ هەڵدەگەڕێنەوە، جارێک بە سەنگەرگرتن لە ماددەی‌ (١٤٠) و جارێک بە ئۆپراسیۆنی‌ دیجلەو دواجاریش بە دژایەتی‌ مافە دەستوریەکانی‌ تا گەیشتە بڕینی‌ قووتی‌ خەڵکی‌ کوردستان، ئەمانە بەشێک بوون لە ململانێی‌ پێکهاتەکانی‌ عێراق بە کوردیشەوە ، هەمووان ئۆباڵی‌ رەوشەکەی‌ دەکەوێتە ئەستۆ کە هەر دیاریان کارنەکردن بوو بەو دەستورەی‌ کە لەعێراق پێکهاتەکان دەنگیان بۆدابوو ئۆباڵی‌ خرابوونی‌ ڕەوشی‌ عێراق دەکەوێتە ئەستۆی‌ بەهەموومان، جا هەندێک لەئەوانی‌ تر خراپ هەڵسوکەتی‌ کرد ئەوە ئیستا جیگای‌ باس نیە.

ئیستا کە بەرەوە کۆتایی سیناریۆی‌ داعش دەچین ، نازانرێت کورد چی‌ دەکات، ئەو بەرنامەیەی‌ قەبوولە کە باس لەعیراقی‌ فیدراڵی‌ بەسێ هەرێمی‌ جیاواز دەکرێت؟
ئەگەر ئەوەی‌ قەبوول بێت گرەنتی‌ چیە دیسان بەدەردی‌ جاری‌ پێشتر نەچین ، ئەی‌ ئەگەر ئەوە قەبوول نەکات زامنی‌ ڕاگەیاندنی‌ دەوڵتی‌ سەربەخۆی‌ کردووە ؟
ڕەشبینی‌ نیە ئەگەر بڵێین کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئامادە نییە، دژایەتیش نیە بۆ ئەو ئیدیعایانەی‌ کە بۆ دەوڵەتی‌ کوردی‌ دەکرێن، بۆیە پێموایە کەهەر دەبێت  کورد ڕێگاچارەی‌  یەکەم هەڵبژێرێت، بەداخەوە کەئەوە دەڵێن، چونکە دەوڵەت بە کارانەوەی‌ درووست ناکرێت، بگرە دەبێت بونیات بنرێت، ئەوەی‌ ئێستا لەباشووری‌ کوردستان دەگوزەرێت نیەتی‌  ڕاگەیاندنی‌ دەوڵەت نیە، مەگەر لەو دوو مانگە هاوکێشە ناوخۆیەکان بەو ئاڕاستەیە بگۆڕدرێن، بەوەی‌ کێشە سیاسیەکان ولابنرین و پەرلەمانی‌ کوردستان بکەوێتەوە کارو، هەموو لایەنە سیاسیەکان لەسەر یەک خیتابی‌ سیاسی‌ رێکبکەون، ئەمانەش تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی‌ ئیجابی‌  لێدەرنەکەوتووە، بەوەی‌ کە بەهەموو لایەک بڵێین ئەوە ئێمەین بەیەکگرتووی‌ داکۆکی‌ لەمافێکی‌ زەوتکراوی‌ خۆمان دەکەین کەچەندین ساڵە لێمان زەوتکراوە ئەویش دەوڵەتی‌ سەربەخۆیە.



ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM