داعش‌و مه‌ترسیه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست

زوبێر ره‌سوڵ چۆمانی

بارودۆخی چه‌كدارانی گروپی تیرۆریستی داعش ڕۆژ دوای ڕۆژ خرابتر ده‌بێت، شكسته‌كانیان له‌مه‌یدانی جه‌نگ له‌ عیراق و سوریاو لیبیا به‌رفراوان وسنوری ده‌سته‌ڵاتیان ته‌سك ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ داعش ناچاره‌ له‌دوای سوریاو عێراق به‌ دوای ژینگه‌یه‌كی له‌بارتر بۆ چه‌كدارانی بگه‌ڕیت به‌ بۆچوونی چاودێران داعش   (ئاسیای ناوه‌ند) ی به‌ شوینیكی له‌بار بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داناوه‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆ ئاسیای ناوه‌ند دوو هۆكاری په‌یوه‌ست به‌یه‌ك له‌خۆده‌گرێت‌ :- یه‌كه‌میان ناله‌باری بارودۆخیان وشكسته‌كانیان له‌مه‌یدانی جه‌نگ ،دووه‌میان دووچاربونیان به‌قه‌یرانی دارایی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگای په‌یوه‌ندیان به‌ توركیا پچڕاوه‌و و ئه‌و داهاته‌ سه‌ره‌كیه‌ی له‌ ڕێگای نه‌وته‌وه‌ به‌ده‌ستیان ده‌كه‌وت ڕێگای به‌ڕێ كردنی بۆ بازاره‌كانی جیهان نه‌ماوه‌ وه‌فڕۆكه‌ هێرش به‌ره‌كان ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كانیان كردوه‌ته‌ ئامانج . 

 داعش له‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌كانیدا ته‌نها له‌ عیراق و سوریا له‌ماوه‌ی (7)مانگی ڕابردوو ١\3 ی خاكی ژێرده‌سته‌ڵاتی خۆی له‌ده‌ستداوه‌وله‌كۆی (98000) كم چوارگۆشه‌ ته‌نها (68.3) كم ی له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتدا ماوه‌.
له‌ عیراقدا له‌ده‌ستپێكی (2016)ه‌وه‌ شاره‌كانی (تكریت وفه‌لوجه‌ورومادی وبێجی)یان له‌ده‌ست داوه‌و سوپای عیراق به‌یارمه‌تی ئه‌مریكاوهێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ گرتنه‌وه‌ی  موصل...

له‌سوریا  داعش له‌ئه‌نجامی هێرشی ئاسمانی روسیاو سوپای سوریاو هێزه‌كانی دیموكراتی سوریا‌ شاری (پاڵمیرا و منبج)یان له‌ده‌ست داوه‌ ،كه‌ بێگومان به‌ له‌ده‌ست دانی (منبج) ڕیگای په‌یوه‌نی نێوان داعش و توركیا كه‌ پردیك بووه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی چه‌كدارانیان بۆ خاكی سوریاو ڕێگایه‌كی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی داعش بووه‌ بۆ توركیا زه‌بریكی تری گورچك بڕ به‌ر داعش كه‌وت....

هه‌رچه‌نده‌ داعش بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر وولاتانی ناوچه‌كه‌و ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ جه‌نگی دژی داعشدا نه‌كه‌ن وه‌ بۆ دروستكردنی نائارامی و توڕه‌بوون و بێزار‌ی شه‌قام له‌ ده‌سته‌لاتدارانی وولاته‌كانیان كرده‌وه‌  تیرۆریستیه‌كانی له‌ سه‌ره‌تای (2016) ه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان په‌ره‌ پێداوه‌  ،ده‌زگای توێژیته‌وه‌ی ( IHC ) له‌ ڕاپۆرتیكی دا ده‌ڵێت"كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی داعش ته‌نها له‌ عیراق وسوریاو لیبیا بوه‌ته‌ هۆی كوشتنی (2150) كه‌س به‌ به‌راورد به‌ (3) مانگی كۆتایی (2015) به‌ ڕیژه‌ی ( 44% ) كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانیان زیادی كردووه‌" ، خوێناویترین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ ساڵی (2003) وه‌ تاكو ئێستا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی (الكراده‌ی) به‌غدا بوو كه‌ (293) هاولاتی سڤیل كوژران، ئه‌م هێرشه‌ تیرۆریانه‌ی داعش ئه‌وروپاشی گرتوه‌ته‌وه‌و ته‌قینه‌وه‌ی پاسه‌كه‌ی شاری (نیس) ی فه‌ره‌نسا كه‌ (100) هاولاتی بوونه‌ قوربانی نمونه‌یه‌كی تری كرده‌وه‌  خوێناویه‌كانی داعشه‌.

به‌ بۆچوونی چاودێران ئه‌م  كرده‌وه‌ تیرۆریانه‌ له‌ هانای داعش نایه‌ن وگروپی تیرۆریستی داعش دووچاری قه‌یرانیكی سه‌ختی ئابوری و سه‌ربازی بوه‌ته‌وه‌و ناچاره‌ بیر له‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاوتر بكاته‌وه‌.
ئاسیای ناوه‌ندو یاریه‌ گه‌وره‌كه‌:-
وولاته‌كانی ئاسیای ناوه‌ند بریتین له‌(كازاخستان ،قیرغیزستان،تاجیكستان،توركمانستان،ئۆزبه‌كستان) وه‌ زۆر جار وولاته‌كانی (ئه‌فغانستان،پاكستان،مه‌نگۆلیا،چین"سینكیانگ" ،روسیا) یش له‌سه‌ر ئاسیای ناوه‌ند هه‌ژمار ده‌كرین ،ئیسلام له‌م وولاتانه‌ ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 83%ی ژماره‌ی دانیشتوان پێك ده‌هێنێت.

ئاسیای ناوه‌ند شوینیكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا بۆیه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ درێژایی مێژوو مه‌یدانی ململانێی نێوان وولاته‌ زلهێزه‌كان بوونه‌ و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ زاراوه‌ی (یاریه‌ گه‌وره‌كه‌)به‌سه‌رئه‌م ناوچه‌یه‌دا بڕاوه‌ و ئیستا خه‌ریكه‌ جاریكی تر یاریه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌(به‌شیك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌ كان ناكۆكی نیوان هێزه‌ نیوده‌وله‌تیه‌كان و تالیبان  به‌ یاریه‌گه‌وره‌ تازه‌كه ناو ده‌به‌ن)

له‌ ئاسیای ناوه‌راستدا ژماره‌یه‌كی زۆر  هاولاتیانیان چوونه‌ته‌ ناو ڕیزه‌كانی داعش (سیرگی شایكو) وه‌زیری به‌رگری رووسیاله‌ كۆنفرانسیكی (زانستی _ سه‌ربازی) ووتی:- " ژماره‌ی هاولاتیانی رووسی و وولاتانی تری ئاسیای ناوه‌ند له‌ناو ریزه‌كانی داعش‌(4500) كه‌سن و ده‌یانه‌ویت بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ وولاته‌كانیان" گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌م تیرۆریستانه‌ مه‌ترسی خستوه‌ته‌ دڵی وولاتانی ئاسیای ناوه‌ند به‌تایبه‌ت له‌كاتیكدا كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ناو داعش په‌روه‌رده‌ی ئایدیۆلۆژی و سه‌ربازی كراون و كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموونن له‌ جه‌نگدا بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستپێكی قۆناغێكی تازه‌ی ته‌واوكراوی  یاریه‌ تازه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بێت...

له‌ ئاسیای ناوه‌ند كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ گروپ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی توند ڕه‌و هه‌ن ،گروپی جیهادی كشمیركه‌ ژماره‌ی چه‌كدارانی به‌ (10)هه‌زار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت  خاوه‌ن هه‌واداریكی زۆره‌ له‌ كشمیرله‌كاتی كوژرانی یه‌كیك له‌ سه‌ركرده‌كانیان (بورهان وانی) بۆ ده‌ربرینی هاوسۆزی بۆ پارته‌كه‌ی وناره‌زایی دژی هیند (60)هه‌زاركه‌س له‌شاری (سرینگر)ڕژانه‌ سه‌ر جاده‌كان ، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی توركستانی رۆژهه‌لات و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئۆزبه‌كستان ،له‌ به‌ناوبانگترین گروپه‌ ئیسلامیه‌ توند ڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ن وووته‌ی (كابلۆف)نوێنه‌ری پۆتین له‌ كاروباری ئه‌فغانستان كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌ (19)ی  اپریل ی ئه‌مساڵ ووتی:- " له‌ ئه‌فغانستان زیاد له‌ (10) هه‌زار تیرۆریستی داعش هه‌یه"‌ ئه‌مانه‌ گشتیان لێدانی زه‌نگی ترسناكن بۆ وولاتانی ناوچه‌كه‌.

به‌ بۆچوونی چاودێران گه‌ڕانه‌وه‌ی داعشه‌كانی سوریاو عیراق له‌ ئازاری ئه‌مساله‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه‌و ڕۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌یان له‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت كه‌ناڵی (اسپۆتینگ) ی ئۆزبه‌كی له‌ ڕاپۆرتیكی شیكاری ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌"له‌ ناوچه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌فقاز گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان ده‌ستیان كردوه‌ به‌ مه‌شقی سه‌ربازی وخه‌ریكی خۆڕێك خستنه‌وه‌ن بۆده‌ست پێكردنی كاری جیهادی "

 به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ ئاسیای ناوه‌ند و ڕێك كه‌وتنیان  له‌گه‌ڵ گروپه‌ تیرۆریه‌ ئیسلامیه‌ توند ڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕو نائارامی ناوچه‌كه‌ی لێده‌كرێت به‌تایبه‌ت مه‌ترسیه‌كان له‌ كاتیكدا زیاترده‌بن كه‌ گروپه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌كانی ناوچه‌كه‌‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ تالیبان و القاعیده‌دا هه‌یه‌و له‌ ئه‌فغانستان تالیبان سه‌ركه‌وتونه‌ به‌سه‌رهێزه‌سه‌ربازیه‌كانی وولات به‌جۆریك كه‌ له‌ماوه‌ی 6مانگی ڕابردوودا  هێزه‌كانی تالیبان زیاتر 5%ی خاكی وولاته‌كه‌یان له‌ده‌ستی  هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌و وولاته‌ ده‌رهێناوه‌و ئه‌مریكاش له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ تاكۆتایی (2016)ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌ووولاته‌ بۆ (6)هه‌زاركه‌م بكاته‌وه‌له‌ئیستادا كه‌ هێزه‌سه‌ربازیه‌كانی ئه‌فغانستان به‌ هاوكاری ئه‌مریكا شكستیان خواردبێت ئه‌ی له‌دوای كه‌م كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا هاوكێشه‌كه‌ چی به‌سه‌ر دێت ؟

 بۆیه‌  ڕێككه‌وتنی گروپه‌ ئیسلامیه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ تالیبان و القاعیده‌و داعش ناوچه‌كه‌ ڕوبه‌ڕوی شه‌ڕێكی ترسناك ده‌كاته‌وه،‌ شه‌ڕێك كه‌ ده‌میكه‌ ڕوسیاو چین و هیندستانی توشی نیگه‌رانی كردووه‌.   


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM