پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای داعش

دڵشاد نامق فه‌ره‌ج


هه‌موو ئاماژه‌كان ده‌ڵێن ناوچه‌كه‌ دوای داعش به‌جۆرێكی تر ڕێكده‌خرێته‌وه‌، زلهێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌‌كان به‌دوای پێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ن، وڵاته‌ هه‌رێمی یه‌ خاوه‌ن هێز و نفوزه‌كانیش ده‌سته‌وه‌ستان دانه‌نیشتون، ماراسۆنی دیبلۆماسی به‌رچاو هه‌یه‌ بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌كان، ڕوسیا و ئه‌مریكا، ڕوسیا و توركیا، ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، دواجاریش لێك نزیكبونه‌وه‌ی ئێران و توركیا و ڕه‌نگه‌ سوریاش بێته‌ ڕیزیانه‌وه‌.

ئه‌م ئاماژانه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رژوه‌ندی هه‌تاسه‌ریان هه‌یه‌ و دۆستی كاتی وزوو گۆڕاویان هه‌یه‌ كه‌ ئامانجی كۆتاییان له‌هه‌ر دۆستایه‌تیه‌ك پاراستن و په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانه‌و هیچی تر، هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ له‌كوێی ئه‌و هاوكێشانه‌دایه‌؟

ده‌بێت ئێستا به‌دواوه‌ سه‌رده‌می چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان بێت به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، مێژوو پێمان ده‌ڵێت دوای هه‌موو جه‌نگێك سه‌ركه‌وتووه‌كانی جه‌نگ ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرترین به‌رهه‌می جه‌نگه‌كه‌یان به‌ركه‌وتووه‌و باشترین سودیان لێ بینیوه‌، نه‌ك ئه‌وانه‌ی شه‌ڕكه‌رێكی ئازابوون و به‌باشی شه‌ڕیان كردووه‌، هێزی چه‌كداری هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌ سه‌ربازیه‌كانیه‌وه‌ شه‌ڕی نه‌به‌ردانه‌ی كرد و گورزی كه‌مه‌رشكێنی له‌ داعش وه‌شاند و تاكه‌ هێزبوو توانی پێشڕه‌وی داعش ڕابگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ سه‌ربازیانه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی و ده‌یخاته‌ خزمه‌تی ئامانجی باڵای كوردستانه‌وه‌، سیاسیه‌كان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی گه‌لی كوردستانه‌.

شه‌ڕی داعش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناسۆری و نه‌هامه‌تیه‌كانی كه‌م نه‌بوون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ناساندنی پێشمه‌رگه‌ و تاڕاده‌یه‌ك پۆشته‌كردنه‌وه‌ی له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیشی كرده‌ ناوه‌ندی جوڵه‌یه‌كی دیبلۆماسی گه‌وره‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوی نێوده‌ڵه‌تیه‌وه‌ زیاتر ناسرا و قورسایی سیاسی و پێگه‌ی ستراتیجی زۆرتر ڕوون بوه‌وه‌ بۆ جیهان، سه‌ره‌ڕای ناكۆكیه‌ ناوخۆییه‌كان و ململانێی هێزه‌سیاسیه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ یه‌كتر و دابه‌شبوونی ڕوانگه‌ی هێزه‌كان سه‌باره‌ت به‌ جۆری په‌یوه‌ندی و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ڕوانگه‌ی به‌هێز و سه‌ركه‌وتوو ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ ناچێته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ له‌دژی به‌ره‌یه‌كی تر، چونكه‌ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی دژ به‌ری داعش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش و نه‌هێشتنی مه‌ترسیه‌كانی خاڵیی هاوبه‌شیانه‌ به‌ڵام له‌ململانێی به‌هێز و كێبه‌ركێی گه‌وره‌دان له‌گه‌ڵ یه‌ك و دابه‌شبوونی قوڵ له‌نێوانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتی باشی هه‌بووه‌.

ئاراسته‌ی دروستی سیاسه‌تكردن له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئاراسته‌یه‌ بوو كه‌ سه‌ره‌ڕای ئیداره‌دانی شه‌ڕ توانی ڕاده‌یه‌كی باش له‌هاوسه‌نگی ڕابگرێت له‌نیَوان هێزه‌ مه‌وجوده‌كانی گۆڕه‌پانه‌كه‌، به‌جۆرێك كه‌ پاراستن و به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان ویارمه‌تیدانی له‌شه‌ڕی تیرۆر خالێكی تری هاوبه‌شی ته‌واوی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی وهه‌رێمیه‌كانه‌ له‌ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌تا له‌هه‌مان فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر یارمه‌تی سه‌ربازی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئێران و ئه‌وروپا پێشوازی لێده‌كرێت و وه‌فده‌كانیان داده‌به‌زن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ناچاری و ڕوكه‌شیش بێت به‌ڵام له‌كۆتاییدا به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی سیاسه‌تی كوردستانه‌ كه‌ دیاره‌ هاوسه‌نگ مامه‌ڵه‌ی كردوه‌.

پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوی دیبلۆماسیه‌وه‌ تا ئاستێكی باش چوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵین له‌ماوه‌ی شه‌ڕی داعشدا نزیكه‌ی(250) وه‌فدی پایه‌به‌رزی وڵاتان و كه‌سایه‌تیه‌كانی دروستكه‌ری بڕیاری سیاسی ده‌وڵه‌تان هاتونه‌ته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ بڕیاربه‌ده‌ستانی كوردستان له‌نزیكه‌وه‌ گفتوگۆیان كردوه‌، پێكهاته‌ی ئه‌م وه‌فدانه‌ سه‌رۆك وه‌زیر وسه‌رۆكی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منی له‌خۆی گرتووه‌، ئه‌مانه‌ش تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له‌ جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كانی شه‌ڕكه‌رانی دژبه‌ری تیرۆر، ئه‌مه‌ پێدانی پێگه‌یه‌كی به‌هێزی دیبلۆماسیه‌ به‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م پێگه‌یه‌ زاده‌ی هه‌بوونی شێوازێكی ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووه‌ له‌په‌یوه‌ندی هه‌رێم به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی و نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ڕێكخه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه‌.

ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ دیبلۆماسیه‌كانی له‌كۆتاییدا ده‌ڕژێته‌ خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستانه‌وه‌، نه‌ك پارتێكی دیاریكراو هێزێكی سیاسی به‌ته‌نها، ئه‌و په‌یامه‌ش ده‌گه‌یه‌نن نابێت هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكانی به‌بچوك پیشان بدرێن له‌ئاست هیچ هێز و یاریكه‌رێكی ناوچه‌یی یان نێوده‌وڵه‌تی و پێویسته هێزه‌ سیاسیه‌كان هه‌مویان خۆی لێ بكه‌نه‌ خاوه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر خۆ بچوك كردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێته‌ مایه‌ی په‌رتبون كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌یشی وه‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی په‌رت و بڵاو و حیزبی و ناوچه‌ییه‌ له‌بری ده‌ستكه‌وتی نیشتمانی و گشتگیر.

هه‌ندێ هێزی هه‌رێمی به‌هه‌موو توانایانه‌وه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون و هه‌ن كه‌ یارمه‌تی و هه‌ماهه‌نگیه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر ئاستی حیزبه‌كان و هێزه‌سیاسیه‌ جیاجیاكان بچوك بكرێنه‌وه‌ و وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئیداری و سیاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئاراسته‌ی گشتی بڕیاربه‌ده‌ستانی كوردستان سه‌ركه‌وت كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خواسته‌ هه‌وڵی ته‌واوی ناساندنی كیانی سیاسی و خستنه‌ سه‌رپێی باشتری كیانه‌كه‌بوو له‌بری شتی تر، هه‌رچه‌نده‌  له‌هه‌رێمی كوردستانیش ئاراسته‌ی وه‌ها هه‌بوون كه‌ زه‌مینه‌سازی ئه‌و خواسته‌ هه‌رێمیه‌‌یان ده‌كرد و له‌بری سه‌روه‌ری نیشتمانی به‌ته‌نگ سه‌رمایه‌ی حیزبیه‌وه‌ بوون. ئه‌مه‌ش وای كرد به‌شێك له‌و حیزبانه‌ به‌ده‌ستكه‌وتی ناوچه‌یی و حیزبیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن و له‌بری گه‌وره‌بونیان له‌په‌نای په‌ره‌سه‌ندنه‌ گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه‌دا، بچوك بونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ دروشم و ئامانجی له‌مێژینه‌شیان پشتگوێ خست و به‌زانین یان نه‌زانین خۆیان له‌ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانیه‌كان بێ به‌ری كرد.

ئێستا كه‌ نزیكین له‌قۆناغی دوای داعش، ئیدی هه‌رێمی كوردستان به‌ په‌یوه‌ندیه‌كی تاڕاده‌یه‌كی باش هاوسه‌نگ و هاوكات له‌گه‌ڵ خواستێكی ڕون و ئاشكرا ‌ ده‌چێته‌ ئه‌و قۆناغه‌وه‌ كه‌ مافی چاره‌نوس و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خواستی گه‌ل بۆ هه‌ڵبژاردنی شێوازی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌پشتیوانی هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌، چونكه‌ ‌قوناغی دوای داعش قۆناغی ململانێی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌هه‌رێمی و ناوچه‌ییه‌كانه‌ له‌سه‌ر جێ پێیان له‌ماوچه‌كه‌ و كوردستانیش چاوی زۆری له‌سه‌ره‌، هه‌ر بچوك كردنه‌وه‌یه‌كی خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێته‌ بچوك بونه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌ڵگرانی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ و پاشكۆبوونی یه‌كجاره‌كیان و به‌دوای خۆشیاندا به‌پاشكۆ كردنی گه‌لێك كه‌ سه‌د ساڵ زیاتره‌ چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكی له‌م جۆره‌یه‌، هه‌ر سازشێكیش بۆیه‌كتر له‌ناوخۆ گوتاری ده‌ره‌وه‌ به‌هێزتر ده‌كات و قورسایی وهێزی زیاتر ده‌به‌خشێته‌ هه‌رێم بۆ مانه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندن.


ئه‌م بابه‌ته 1084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM