تۆماری ده‌نگده‌ران به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان

سه‌نگه‌ر رسول


ئیسرائیلی ئێستای نه‌تنیاهۆ، زۆر گۆڕاوه‌ له‌چاو ئیسرائیله‌كه‌ی كۆنی بن گۆریۆن. له‌سه‌رده‌می نه‌تنیاهۆ-دا رۆمانی بۆرده‌رلایف "Borderlife"ی خاتوو دۆریت رابینیان كه‌ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی كچێكی جوله‌كه‌ بۆ كورێكی فه‌له‌ستینی نووسیوه‌، له‌پرۆگرامی خوێندن ده‌رده‌هێندرێت‌و قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت، كه‌چی له‌سه‌رده‌می بن گۆریۆنی دامه‌زرێنه‌ری ئیسرائیل زۆریان لاگرنگ بوو كه‌ له‌عه‌ره‌ب نزیكببنه‌وه‌!

هه‌ر له‌سه‌رده‌می بن گۆریۆن-دا ئه‌فسه‌رو سه‌ربازی جوله‌كه‌ی تۆمه‌تبار به‌تاوانی كوشتنی عه‌ره‌بی مه‌ده‌نی بێتاوانی فه‌له‌ستینی تووشی دادگاو لێپرسینه‌وه‌ ده‌بوو، به‌ڵام له‌ئیسرائیلی ئێستادا، نه‌ته‌نیاهۆ پشتگیری خۆی بۆ خانه‌واده‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ ده‌ربڕی كه‌هه‌ڵسوكه‌وتی نامرۆڤانه‌ی به‌رامبه‌ر لاشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان كردووه‌.

ئیسرائیلی ئێستا، به‌ده‌رفه‌ت وه‌رگرتن له‌شكستی به‌هاری عه‌ره‌بی‌و شه‌ری خوێناوی سووریاو گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ واشنتۆن؛ به‌تایبه‌تی ناكۆكیی سیاسه‌تی هه‌ردوو سه‌رۆك ئۆباماو نه‌تنیاهۆ، زیاد له‌پێویست سیاسه‌تی ئیسرائیلی به‌ره‌و رادیكاڵ بوون‌و حوكمڕانی زۆرینه‌ بردووه‌.

به‌پێی شیكارێكی پێگه‌ی فۆرین ئه‌فایه‌رسی ئه‌مریكی: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بێئومێدی سیاسی‌و دیبلۆماتكارانه‌ ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامبوونی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ته‌سك بین‌و رادیكاڵه‌ی ئیسرائیل، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌و نه‌خشه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی ئێستای كنێست؛ هیچ هیوایه‌ك نییه‌ بۆ پێشنیازی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌و ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ تانۆڤه‌مبه‌ری 2019 ئه‌بێت چاوه‌ڕوان بن‌و بینه‌ری سیاسه‌ته‌ تونده‌كانی نه‌تنیاهۆ بن. هه‌روه‌ها نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمی‌و پارتێكی به‌هێزی ئۆپۆزسیۆنیش هۆكارن. 

ئه‌م ره‌شبینیه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئێستای ئیسرائیل، تاكه‌ ده‌رمانێكیان بۆ پێشنیاز كردووه‌: ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌! ئیسرائیلی ئێستا هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ به‌هێزه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌و تووشی قه‌یرانی تاقه‌تپروكێنی دارایی وه‌كخۆشمان نه‌بووه‌و دیموكراسیه‌تیش هه‌ر هه‌یه‌و به‌شی خۆشی یاسا سه‌ره‌وه‌! به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانی زلهێزو سیاسه‌تمه‌دارانه‌، لادانی ئیسرائیله‌ له‌به‌شێك له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی‌و مافی مرۆزڤه‌. ئه‌گه‌ر بۆ وڵاتێكی وا به‌هێز كه‌ ته‌نها له‌به‌شێك له‌بنه‌ماكان لایدا بێت، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ رێگا چاره‌سه‌ر بێت؟ ئه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێته‌ پێشنیاز؟

بۆیه‌، هه‌قوایه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ر له‌هه‌ر چاره‌یه‌كی دیكه‌، راشكاوانه‌ بیر له‌پێشنیازی پێشوه‌خته‌ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بخه‌نه‌ به‌رده‌م پارتی: ئه‌گه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران به‌گره‌نتییه‌وه‌ پاكبكرێته‌وه‌و له‌ماوه‌ی 6 بۆ 9 مانگیش هه‌ڵبژاردن دیاریبكرێت، ئه‌وا هیچ دوو دڵی ناوێت با په‌رله‌مان سه‌رۆكێكی كاتی تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ی ببات.

بۆچی هه‌ڵبژاردن رێگا كورته‌كه‌یه‌؟ هه‌رێم پێویستی به‌هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانێك هه‌بێت، ئه‌گه‌ر لێپێچینه‌وه‌ش نه‌كات؛ له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بپرسێت ئه‌رێ پاشكه‌وت‌و زیاد نه‌كردنه‌وه‌ی مووچه‌ تاكه‌ی؟ ئه‌ی هه‌مووان باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ین: دابه‌شكردنی پۆسته‌كان نادادپه‌روه‌ری تێدایه‌، ده‌ی خۆ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی نوێ، سانا ده‌بێت بۆ سه‌ر له‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت‌و فه‌رمانگه‌و پۆسته‌كان. له‌هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی نوێ ده‌كرێت پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم-یش دابنرێت‌و هه‌ر لایه‌ك پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌ڵبژارد بۆی نه‌بێت پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیشی لابێت. ئه‌وكات ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم چه‌ند بێت، ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان پێكه‌وه‌ تێپه‌ڕێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر پارتی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ڵبژارد له‌بری سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌وكات یه‌كێتی‌و گۆران كه‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌رییان كه‌وت ئه‌توانن خۆیان ده‌سه‌ڵاته‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌و پێشنیازی گۆڕینی شێوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ش بكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی نوێدا، ده‌توانرێت په‌یكه‌رو شێوه‌ی كاری ئه‌نجومه‌نی نه‌وت‌و گازو چۆنیه‌تی داڕشتنی سیاسه‌تی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.  
بۆیه‌ كاركردن بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان تاكه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تییه‌و هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ چاره‌سه‌ری كاتی ده‌بن. له‌وه‌ش گرنگتر، رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌مدواییه‌ی نێوان گۆران و یه‌كێتی و هه‌بوونی ئه‌و پارته‌ سیاسییانه‌ی كه‌ئێستا یه‌ك كورسییان هه‌یه‌، له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا گۆڕانكاری گه‌وره‌یان به‌سه‌ردێت.

له‌وه‌ش گرنگتر: ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ پێویستی به‌سه‌رۆك حكومه‌تێك پلانی ئابووری تۆكمه‌و ووردی پێ بێت بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌رێم‌و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانی داهاتوو. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر بێـت‌و له‌ئه‌مڕۆوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر گره‌نتی هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، ئه‌وا قورسه‌ له‌كاتی خۆیدا، كه‌ مانگی نۆی ساڵی داهاتووه‌ ئه‌نجامبدرێت‌و ده‌بێت بڵێین بای بای هه‌ڵبژاردن! له‌وه‌شه‌ تا مۆندیالی قه‌تر نه‌یبینین (2022)!


ئه‌م بابه‌ته 919 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM