پرسیارێك له‌ سیسی‌ ؟

بورهان شێخ ره‌ئوف

پێش ئه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كه‌م له‌ موشیر عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ میسری‌ عه‌ره‌بی‌ ئێستاو سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و كوده‌تا سه‌ربازییه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكێكی‌ هه‌ڵبژێراوی‌ له‌سه‌ر حوكم لابرد كه‌ خۆی‌ سوێندی‌ یاسایی‌ له‌به‌رده‌مدا خوارد كه‌ ڕێز له‌ یاساو ده‌ستوور بگرێت وه‌كو وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و پیشه‌سازی‌ جه‌نگی‌ به‌ڵام دواتر خیانه‌تی‌ له‌ ئامه‌نه‌ت كرد , سیسی‌ ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ سوپای‌ میسرو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هه‌واڵگری‌ ده‌ریایی‌ بوو له‌ سی‌ ساڵی‌ ڕابردوودا خزمه‌تی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ موباره‌كی‌ كردبوو ,له‌ دواییشدا به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌موو توانای‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی‌ و مه‌ده‌نی‌ و میدیاییه‌كانی‌ ووڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ به‌ ئامانجی‌ گه‌یشتن به‌ ده‌سته‌ڵات به‌كارهێناو بێ‌ ڕێزگرتن له‌ ئیراده‌و خواستی‌ هاووڵاتیانی‌ ووڵاته‌كه‌ی‌ كه‌ شۆڕشیان كرد دژ به‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ موباره‌ك ,پێش گه‌یشتنی‌ به‌ ده‌سته‌ڵاتیش سه‌دان كه‌سی‌ له‌ گه‌نجانی‌ ووڵات خزانده‌ زیندان و خوێنی‌ هه‌زاران بێتاوانی‌ ڕشت له‌ گۆره‌پانه‌كانی‌ میسر به‌ تایبه‌تی‌ له‌ گۆره‌پانی‌ رابیعه‌ی‌ عه‌دویه‌ و به‌ندكردنی‌ ڕۆژنامه‌ نووسان و به‌ تایبه‌تی‌ ڕۆژنامه‌ نووسانی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌مكوتكردنی‌ هه‌موو ده‌نگێكی‌ ئازاو ناڕازی‌ , به‌مانه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو هه‌ڵسا به‌ ده‌ركردنی‌ فه‌رمانی‌ له‌ سێداره‌دان بۆ هه‌زاران كه‌س له‌ نه‌یاره‌كانی‌ دوای‌ دادگاییكردنێكی‌ گاڵته‌ جارانه‌ , ئه‌مانه‌و جگه‌ له‌ كوده‌تاكه‌ی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكێكی‌ مه‌ده‌نی‌ هه‌ڵبژێراودا كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار بوو له‌ میسردا سه‌رۆكێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سوپاوه‌ هاتبێته‌ سه‌ر حوكم و ڕێگه‌ی‌ له‌ ڕزگاربوونی‌ خه‌ڵك گرت له‌ چه‌پۆكی‌ عه‌سكه‌رو داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانیان , بۆیه‌ موشیر سیسی‌ بیرو هۆش و تواناكانی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ میسر ته‌رخان بكات باشتره‌ له‌وه‌ی‌ ده‌ست له‌مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌لێكی‌ زۆرلێكراوو به‌شبه‌ش كراوی‌ وه‌كو كورد وه‌ربدات له‌ كاتێكدا زیاتر له‌ سی‌ ملیۆن كه‌س له‌ هاووڵاتیانی‌ میسر نه‌خوێنده‌وارن و زیاتر له‌ ده‌ ملیۆن كه‌س جێگه‌ی‌ نیشته‌جێبوونیان نیه‌و له‌ گۆرستانه‌كاندا ده‌نوون ژماره‌یه‌ك له‌وه‌ش زیاتر پارووی‌ رۆژانه‌یان نیه‌ بیخۆن و له‌ ژێر هێڵی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ن ,ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ مێژوویه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ كلتووری‌ ڕووناكبیری‌ له‌ نێوان كورد و گه‌لی‌ میسردا هه‌یه‌ یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ له‌ قاهیره‌ی‌ پایته‌ختی‌ میسر ده‌رچووه‌وله‌ 22 نیسانی‌ 1898 هه‌روه‌ها بوونی‌ ڕادیوی‌ كوردی‌ له‌ قاهیره‌ له‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابردوودا ,سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ڕه‌وه‌ندێكی‌ زۆری‌ كورد له‌ میسر كه‌ جێ‌ په‌نجه‌یان له‌و ووڵاته‌دا دیاره‌ و ناكرێت له‌م ووتاره‌ كورته‌دا باسی‌ هه‌موویان بكه‌م .
 
 
له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت له‌ جه‌نابی‌ موشیر عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ بپرسم ئه‌رێ‌ خۆ هه‌ر له‌ دووری‌ چه‌ند سه‌د كیلۆمه‌ترێكه‌وه‌ له‌ ووڵاته‌كه‌ی‌ خۆت سودان كه‌ كاتی‌ خۆی‌ به‌شێكیش بووه‌ له‌ میسرو وادی‌ نیل باشووری‌ سودان كه‌ كه‌مینه‌یه‌كی‌ ئه‌فریقی‌ كریستیان بوون جیابوونه‌وه‌ له‌ سودان و نه‌وتیشیان هه‌یه‌ وه‌كو كوردستان بۆ ؟؟ كاره‌سات ڕووی‌ نه‌داو ئێوه‌ش نقه‌تان لێوه‌ نه‌هات ؟
 
 
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردستان له‌ عێراق جیابێته‌وه‌ كه‌ هێشتا هیچ هه‌نگاوێكی‌ جیدی‌ بۆ نه‌نراوه‌و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ هه‌موو ده‌رگاكانی‌ به‌ڕووماندا داخستووه‌و گه‌مارۆی‌ ئلبووری‌ خستۆته‌ سه‌رمان و مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ره‌كان و پێشمه‌رگه‌ی‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێمی‌ بڕیووه‌ كاره‌سات ڕووده‌دات و ده‌رگای‌ دۆزه‌خ ده‌كرێته‌وه‌ به‌ ڕووی‌ ناوچه‌كه‌دا؟ له‌ كاتێكدا گه‌لی‌ زۆر لێكراوی‌ كورد ده‌ستی‌ وه‌رنه‌داوه‌ته‌ كاروباری‌ ناوخۆیی‌ هیچ گه‌ل و ووڵاتێكی‌ دییه‌وه‌ , ئه‌و مافه‌ش به‌ سیسی‌ نادات ده‌ست وه‌ربداته‌ كاروبارو چاره‌نووسیه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ سیسی‌ و هه‌موو قه‌ومه‌چیه‌كانی‌ تریش ده‌ڵێین كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌  كۆن و ڕه‌سه‌نی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ و مافی‌ خۆیه‌تی‌ خۆی‌ چاره‌نووسی‌ خۆی‌ دیاری‌ بكات وه‌كو هه‌موو گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر كه‌س نیه‌و زوڵم و ژێرده‌ستیش له‌ كه‌س قبوڵ ناكات .


ئه‌م بابه‌ته 1357 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM