عه‌بادی‌ و گه‌نده‌ڵی‌

بورهان شێخ ره‌ئوف
ئه‌گه‌رچی‌ هێشتا زووه‌ هیچ حوكمێك به‌سه‌ر د. حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقدا بده‌ین چونكه‌ هێشتا چه‌ند مانگێكی‌ كه‌م به‌ سه‌ر پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌یدا ڕابردووه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ره‌و ڕووی‌ چه‌ندین ته‌گه‌ره‌و كۆسپی‌ گه‌وره‌بووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ شاڵاو و شه‌ڕی‌ دڕندانه‌ی‌ داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی‌ كوردستان و ناوه‌ڕاستی‌ عێراق و شاڵاوی‌ بانگه‌شه‌وه‌ هاندانی‌ لایه‌نگرانی‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوو دژی‌ و په‌تای‌ كوشنده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ .
هه‌رچه‌نده‌ من له‌ سه‌روبه‌ندی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ دا له‌ چه‌ندین به‌رنامه‌و مێزگردیشدا ئاماژه‌م پێداوه‌ كه‌ عه‌بادی‌ جیاوازه‌ له‌ مالیكی‌ له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ یه‌ك قوتابخانه‌و یه‌ك حیزب و یه‌ك ئاینزان به‌ڵام ژینگه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنیان جیاوازی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ڕه‌فتاره‌كانیشیان جودا ده‌بن .
من نامه‌وێت لێره‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌موو بواره‌كانی‌ كاركردنی‌ عه‌بادی‌ بكه‌م له‌م ماوه‌ كورته‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وییدا , به‌ڵكو ته‌نها ئاماژه‌یه‌كی‌ كورت به‌ ڕێكه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداد و دۆسییه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌م , كه‌ تێبینی‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقم كرد بینیم عه‌بادی‌ دوور له‌ شێوازه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ كه‌ هه‌موو ده‌سته‌ڵاته‌كانی‌ بۆخۆی‌ قۆرخكردبوو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ برده‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و ووتی‌ من هه‌رچه‌نده‌ ده‌سته‌ڵاتم هه‌یه‌ واژۆی‌ بكه‌م به‌ڵام ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ ده‌ده‌م به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران با هه‌موو وه‌زیره‌كان گفتوگۆی‌ ته‌واوی‌ له‌سه‌ربكه‌ن و تێبینیه‌كانیان بڵێن و ده‌یخه‌ینه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی‌ پێویستی‌ هێنا جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت هه‌رواش كراو به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند كرا .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زیاتر گرنگه‌و له‌ شه‌ڕی‌ داعش قورستره‌ كێشه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ هه‌موو جومگه‌ گرنگه‌كانی‌ ووڵاتی‌ گرتۆته‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك عێراق له‌ ریزبه‌ندی‌ پێشه‌وه‌یه‌ له‌ لیستی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌رئاستی‌ جیهان و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ مایه‌ پوچ بوونی‌ ئابووری‌ ووڵاتی‌ لێده‌كرێت به‌ تایبه‌تی‌ له‌ گه‌ڵ دابه‌وزینی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا .
بۆیه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ به‌ ئاشكرا هاوار ده‌كات به‌ ده‌نگی‌ به‌رز به‌ دۆسته‌كانی‌ پێش ڕكابه‌ره‌كانی‌ ده‌ڵێت (( من ئه‌گه‌ر سه‌ریشم دابنێم واز له‌ به‌ گژاچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ناهێنم )) چونكه‌ دروشمێكی‌ وا پیرۆز له‌ كاتێكدا به‌رزده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ووڵات له‌ 10 حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵه‌و 2014 ڕووبه‌ڕووی‌ هیرشێكی‌ دڕندانه‌ی‌ داعش بووه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ یه‌كی‌ خاكی‌ عێراق داگیر كراوه‌ ئه‌مه‌ش به‌ گیرفانی‌ به‌تاڵ و ئه‌و سوپایه‌وه‌ ناكرێت كه‌ مالیكی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و تائیفه‌گه‌ر ی‌ دایمه‌زراندبوو , بۆیه‌ عه‌بادی‌ هیچ چاره‌یه‌كی‌ تری‌ له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ جگه‌ له‌ به‌ گژاچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و به‌ فیڕۆدانی‌ ماڵی‌ گشتی‌ , هه‌روه‌كو هه‌موو ئاگادارین له‌ ڕێگه‌ی‌ میدیاكانه‌وه‌ له‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوودا زۆر به‌رپرس و كارمه‌ندی‌ پایه‌ به‌رزی‌ ده‌وڵه‌ت كاركه‌نار كران كه‌ ده‌ستیان له‌و گه‌نده‌ڵی‌ و گرێبه‌سته‌ خه‌یاڵی‌ و گوماناویانه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ڕێكخراوو فراوان ئه‌نجامدراون .
تیبنیه‌كی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ئه‌مریكییه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ناوی‌ 17 به‌رپرسی‌ باڵای‌ عێراقی‌ تێدایه‌ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان كه‌ سامانه‌كانیان چه‌ندین ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێت كه‌ ئه‌و لیسته‌ش تا ئیستا عه‌بادی‌ تێدا نیه‌ ئه‌مه‌ش پێگه‌ی‌ به‌ هێز ده‌كات و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ دوو خولی‌ ڕابردوودا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عه‌بادی‌ ده‌نگێكی‌ به‌رز بووه‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ ,هه‌روه‌ها ئاماژه‌كانی‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ ئه‌مریكیه‌ ئه‌وه‌شمان پێده‌ڵێن كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و سه‌ره‌ گه‌ورانه‌ی‌ ووڵات خاوه‌نی‌ ئه‌و ملیاره‌ها دۆلارانه‌ بن ئه‌وا ئه‌ركه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وا ئاسان نابێت !!!!

ئه‌م بابه‌ته 1656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM