راپه‌ڕین بۆ؟

بورهان شێخ ره‌ئوف

 
ئیستا له‌ پاش 24 ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ جوامێری‌ كوردستان ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بۆ دواوه‌ بده‌ینه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت چه‌ند ساڵ و ڕۆژ و مانگی‌ پێش ڕاپه‌رَینه‌كه‌ بهێنینه‌وه‌ پێش چاومان و ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ریمان یارمه‌تیمان بدات ئه‌وا كوردستانی‌ باشوور بێجگه‌ له‌ شاره‌كانی‌ سلێمانی‌ و هەولێر و دهۆك و كه‌ركوكی‌ ته‌عریب كراو چه‌ند شارۆچكه‌و چه‌ندین ئۆردوگای‌ زۆره‌ملی‌ بوو  كه‌ خه‌ڵكی‌ دێهاته‌كانی‌ كوردستانی‌ تێدا دیل و یه‌خسیر كرابوو.

ئیتر هیچ سیمایه‌كی‌ ووڵات و ئاوه‌دانی‌ و بووژانه‌وه‌ پێشكه‌وتن به‌دی‌ نه‌ده‌كرا زۆربه‌ زۆری‌ گه‌نج و پیاوانی‌ ووڵات به‌ هه‌ردوو بڕیاری‌ 936 و 937 ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ به‌ناوسه‌ركردایه‌تی‌ شۆرش له‌ ڕیزه‌كانی‌ سوپای‌ عێراقدا سه‌رباز بوون هه‌رله‌  له‌ دایكبووانی‌ 1949 ه‌وه‌ تاوه‌كو 1970.

 له‌ دوای‌ وه‌ستانی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ ئێران وعێراق و پرۆسه‌ به‌دناوه‌كانی‌ ئه‌نفال و و كیمیاباران كردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وزۆرێك له‌ گونده‌كان و  داگیركردنی‌ كوه‌یت له‌ لایه‌ن ڕژێمی‌ عێراقه‌وه‌  ئیتر بارودۆخی‌ ووڵات به‌ جۆرێك شڵه‌ژابوو كه‌هه‌موو چاودێرانی‌ دۆخه‌كه‌ هه‌ستیانده‌كرد كه‌ بێده‌نگی‌ پێش بوومه‌له‌رزه‌یه‌كه‌ .

برینه‌كانی‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و تاوانه‌كانی‌ چه‌ندساڵه‌ی‌ ڕژێمی‌ به‌عس داخێك بوو به‌ سه‌ر دڵی‌ هه‌موو نیشتمان په‌روه‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌ كه‌ نه‌ده‌كرا تا كۆتاییی‌ بێده‌نگی‌ و قڕوقپی‌ لێبكرێت .

بۆیه‌ هه‌ر له‌ پاش ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگی‌ ڕزگاركردنی‌ كوه‌یت له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌  وه‌ده‌رنانی‌ سوپای‌ عێراق له‌و ووڵاته‌ و ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ باشوری‌ عێراق  دژ به‌ داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ عێراق خه‌ڵكی‌ كوردستانیش به‌ هه‌موو چین وتوێژه‌كانیه‌وه‌ په‌لاماری‌ داموده‌زگا ئه‌منی‌ و جاسووسی‌ سه‌ركوتگه‌رو داپلۆسێنه‌ره‌كانی‌ به‌عسیان دا وله‌به‌ریه‌كیان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ .كه‌ ئه‌مه‌ باشترین وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بوو به‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی‌ كه‌ پێشتر باسم كردن .

ئیستا له‌ دوای‌ 24 ساڵ له‌ ڕاپه‌رَین  ئه‌گه‌ر چاوێك به‌  بارودۆخی‌ باشووری‌ كوردستاندا بخشێنینه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گازنده‌و گله‌یی و كه‌موكورتیه‌كانی‌ ترو زۆر برینی‌ به‌ سوی‌ َ كه‌ حه‌زناكه‌م بیان كولێنمه‌وه‌  گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی‌ مه‌زن به‌ ده‌ستهاتوو ن  كه‌ مایه‌و نرخه‌كه‌ی‌ ڕووبارێكه‌ له‌ خوێن ده‌ریاییه‌كه‌ له‌ فرمێسك  كه‌وادیاره‌ ئێستاش خوێنی‌ زیاتر و خۆڕاگری‌ زیاتر و گیانبازی‌ زیاترو به‌ خۆداچوونه‌وه‌ و یه‌كڕیزی‌ و لێبوورده‌یی‌ و رَێزگرتن له‌ مافی‌ مرۆڤ و پابه‌ند بوون به‌ شه‌فافیه‌ت و مافه‌ سه‌ره‌ تاییه‌كانی‌ مرۆڤی‌ گه‌ره‌كه‌ , چ له‌ ئازادی‌ تاك و كۆ و دیموكراسی‌ و ڕێزگرتن له‌ مافه‌كانی‌ ژنان و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌و ئتنیكه‌كان و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سته‌ڵات .جوانترین ووته‌ش كۆتایی‌ ئه‌م وتاره‌ی‌ پێبینم  ووته‌یه‌كی‌ كوردلۆجی‌ به‌ ناوبانگی‌ تورك ئیسماعیل بێشكچی‌ یه‌ كه‌ ده‌ڵێت حكومه‌تێكی‌ كوردی‌ خۆجێ‌ ی‌ به‌ هه‌موو كه‌موكورتیه‌كانیه‌وه‌ له‌ چه‌ندین حكومه‌تی‌ باشتری‌ عه‌ره‌ب و تورك و فارس باشتره‌ بۆ كورد .






ئه‌م بابه‌ته 1751 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM