قه‌یس خه‌زعه‌لی‌ راستی‌ وت

بورهان شێخ ره‌ئوف
ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ی‌ پارت و گروه‌هه‌كانی‌ عیراق به‌ چه‌پ و راستیانه‌وه‌ به‌ ئیسلامی‌ و عه‌لمانیه‌وه‌ له‌وه‌تی‌ عیراق به‌ زۆری‌ زۆرداران لكێنراوه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ كه‌س دانی‌ پێدا نانێت و خۆیانی‌ لێ‌ گێل ده‌كه‌ن به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت چ ئه‌وانه‌ی‌ رۆژێك له‌ رۆژان دۆست و هاوسه‌نگه‌ر ی‌ كورد بوون و چ ئه‌وانه‌شی‌ به‌ بیانووی‌ ئه‌نته‌رناسیونالیستی‌ و برای‌ ئایینیه‌وه‌ قڕوقپ و چاویان له‌ ئاستدا  نووقاندووه‌ .

ئه‌مجاره‌یان له‌ لایه‌ن شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ق كه‌ رێكخراوێكی‌ شیعه‌یه‌ و خاوه‌نی‌ میلیشیایه‌كی‌ به‌هێزه‌ و كاتی‌ خۆی‌ له‌ ره‌وتی‌ سه‌در جیابووه‌ته‌وه‌، ئه‌م رێكخراوه‌ی‌ پێكهێناو له‌دوای‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) له‌ سوریا و دواتر  له‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی‌ عیراق له‌ موسڵ و سه‌لاحه‌دین و ڕومادی‌ و دیاله‌ و ده‌وروپشتی‌ به‌غداد و دوای‌ بانگه‌وازی‌ سه‌ید علی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كان بۆ چه‌ك هه‌ڵگرتن ئه‌میش ئه‌و هێزه‌ی‌ پێك هێناو له‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕدایه‌ زۆر به‌ ئاماده‌گیه‌كی‌ باڵاوه‌. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ میلیشیاكانی‌ ئه‌م گروهه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕی‌ سوریاوه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ و به‌شداری‌ شه‌ڕیان كردووه‌ وبه‌رگریان له‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د كردووه‌.

ئیتر من نامه‌وێت باسی‌ پێشێلكاری‌ و ره‌فتاره‌ تائیفیه‌كانی‌ ئه‌م گروهانه‌ بكه‌م له‌ گۆره‌پانه‌كانی‌ شه‌ڕدا ده‌رهه‌ق به‌ سوونه‌كان و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، چونكه‌ زۆری‌  له‌سه‌ر وتراوه‌ و ده‌چێته‌ قاڵبی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ تائیفیه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ عیراق پێوه‌ی‌ ده‌ناڵێنێت.

مه‌به‌ستی‌ وتاره‌كه‌م  وته‌كانی‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌  عه‌سائیبی‌  ئه‌هلی‌ هه‌قه‌ له‌ میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌ گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ (العهد) و هه‌ندێ‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ تریش باسی‌ لێوه‌ كردووه‌، هه‌ندێ‌ راستی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گری‌ ووتوه‌ كه‌ پێشتر كه‌س دانیپێدا نه‌ناوه‌.

ئه‌و راستیه‌ش ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كورد كه‌مینه‌ نییه‌ و كوردستان وڵاتێكی‌ دابه‌شكراوو داگیركراوه‌ و بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌م پوخته‌یه‌ك له‌ وته‌كانی‌ ناوبراو بخه‌مه‌ ڕوو :
 لەڕووی واقیعیەوە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، دەشڵێت:"نە کوردستان بەشێکە لەعیراق و نە نەتەوەی کوردیش عیراقین".  ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھل حەق لە چاوپێکەوتنێکدا، باسی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدای کردووە و رایگەیاندووە، ئەو کێشە و ناکۆیانە رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووندان و بەھیچ شێوەیەکیش چارەسەرناکرێن.

ئەمینداری عەسایب ھۆکاری چارەسەر نەبوونی کێشەکانی ھەولێر و بەغدای بۆ ئەوە گەڕاندووه‌تەوە، کە "لەبنەڕەتدا کوردستان بەشێک نییە لەعیراق و نەتەوەی کوردیش عیراقی نین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خۆیان ئەمە نازانن".
ئەو بەرپرسە باڵایەی شیعەکانی عیراق جەختی لەوەشکردۆتەوە، نە حکومەتی ھەرێم و نەحکومەتی عیراقیش بەھیچ شێوەیەک دان بەیەکتردا نانێن و ھیچ لایەکیان ئامادەنین تەنھا داواکاریییەکی یەکتریش جێبەجێ بکەن.

خەزعەلی نموونە بۆ قسەکانی خۆی، بەتەحەدای سەرۆک وەزیران عیراق دێنێتەوە و دەڵێت:"ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیەو پێویستیشە لەڕووی سەربازیی و داراییشەوە دان بەمەدا بنرێت، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە، کە من تەحەدای سەرۆک وەزیرانی عیراق و حکومەتەکەشی دەکەم ئەگەر بتوانێت جوڵە تەنھا بەیەک سەربازی کورد بکات".


ئه‌م بابه‌ته 1554 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM