توركیا له‌ دوو ڕییانی‌ شه‌ڕ و ئاشتیدا

بورهان شێخ ره‌ئوف
توركیا له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 7ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو ودوای‌ شكست هێنانی‌ ئاگربه‌س له‌نێوان گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان و سوپای‌ توركیا و دوای‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ چ له‌ رێككه‌وتنی‌ ئێران وڵاتانی‌ (5+1) و سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ شه‌ڕفانانی‌  كورد له‌ رۆژئاوا و پاشه‌كشه‌ كردنی‌ ره‌وتی‌ ئیسلامی‌ ئیخوانی‌ كه‌ له‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا سه‌ریان هه‌ڵدا و چ خێرو خۆشییه‌كیان بۆ گه‌لانی‌ وڵاته‌كانیان پێ‌ نه‌بوو .

ئێستا توركیا له‌به‌رده‌م دوو رییانیه‌كی‌ پڕ مه‌ترسی‌ و ئاڵۆزدایه‌ كه‌ گره‌و له‌ سه‌ر ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ و گه‌شه‌كردنێكی‌ ئابووری‌ به‌هێز كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ ئاشتیدا ئه‌نجامی‌ باشی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌ و شه‌ڕ و توندوتیژی‌ له‌شكركێشی‌ كه‌ ئه‌زموونه‌كانی‌ رابردوو پیشانی‌ داوین كه‌ هیچ ئه‌نجامێكی‌ پۆزه‌تیف ناده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ فیڕۆدانی‌ توانا و داهاته‌كانی‌ وڵات.

بۆیه‌ هه‌ر له‌ به‌ر روناكی‌ ئه‌و وتانه‌مدا پێمخۆشه‌ چه‌ند خاڵێك بخه‌مه‌ ڕوو:

1.له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا توركیا هه‌وڵی‌ زۆری‌ داوه‌ بۆ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ نه‌خشه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ وزه‌ی‌ جیهانیدا و له‌و پێناوه‌شدا گه‌لێك وتوێژ و دانوستانی‌ گرنگی‌ ئه‌نجامداوه‌ بۆ گرێدانی‌ په‌یماننامه‌ و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ل وڵاتاندا بۆ گواسته‌وه‌ی‌ غاز و و نه‌وت و وزه‌ به‌ خاكه‌كه‌یدا له‌هه‌مانكاتدا هاوته‌ریب له‌ هه‌وڵی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ژێرخانه‌كه‌یه‌تی‌ له‌ رێگاوبان و به‌نده‌ره‌كان و هێڵه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وت و غاز ی‌ سروشتی‌.

2. توركیا به‌و پێگه‌ جوگرافیه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێت به‌ سه‌نته‌رێكی‌ گرنگ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ وزه‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ ئه‌وروپا  له‌نێوان وڵاتانی‌ خاوه‌ن وزه‌ی‌ وه‌كو روسیا و ئێران و عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ و ئازربایجان و قه‌ته‌رو ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی‌ یه‌كگرتوو و كوه‌یت و قه‌ته‌ر و وڵاتانی‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌وروپا كه‌ كڕیاری‌ گرنگ و هه‌میشه‌یی‌ وزه‌ن. بۆیه‌ توركیا له‌ئێستادا گرنگییه‌كی‌ ستراتیجی‌ سروشتی‌ هه‌یه‌ له‌ بازرگانی‌ نه‌وت بۆ ئه‌وروپا و به‌ گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانی‌ كارگێڕی‌ وزه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ رۆژانه‌ 2.9 ملیۆن به‌رمیل له‌نه‌وت له‌ هه‌ردوو ته‌نگه‌ی‌ ده‌رده‌نیل و بوسفۆری‌ توركیه‌وه‌  بۆ بازاڕه‌كانی‌ ئه‌وروپا تێپه‌ڕده‌بن.

3. توركیا هه‌ر به‌و پێگه‌ گرنگ و سروشتیه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا له‌ هه‌وڵ پلاندانانی‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ وڵات بكاته‌ سه‌نته‌رێكی‌ گرنگ و ستراتیجی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ وزه‌ له‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و وڵاتانی‌ سه‌ر ده‌ریای‌ قه‌زوینه‌وه‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، له‌ئێستادا توركیا سه‌رقاڵی‌ پلاندانانه‌ بۆ كۆتاییهێنانی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پرۆژه‌ی‌( تاناب )ه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ غازی‌ سروشتی  له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ به‌ خاكی‌ توركیادا بۆ یۆنان و وڵاتانی‌ تری‌ ئه‌وروبا كه‌ مه‌به‌ست له‌م پرۆژه‌ گه‌یاندنی‌ 31 ملیار مه‌تر سێجایه‌ تا ساڵی‌ 2018 .

پرۆژه‌یه‌كی‌ تریش كه‌ ناسراوه‌ به‌ پرۆژه‌ی‌ سیلی‌ توركی‌  كه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌  له‌ پرۆژه‌ی‌ تاناب نه‌خشه‌ی‌ بۆ كێشراوه‌ كه‌ غازی‌ روسی‌ بگوێزێته‌وه‌ له‌ ده‌ریای‌ ڕه‌شه‌وه‌ بۆ باكوری‌ رۆژئاوای‌ توركیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ یونان و وڵاتانی‌ تری‌ ئه‌وروپا كه‌ قه‌باره‌كه‌ی‌ ساڵانه‌ 63 م3. هه‌موو ئه‌م پڕۆژانه‌ ڕێگاخوَشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی‌ توركیا پێداویستییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ نه‌وت و غاز له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و تۆڕه‌ بۆڕییانه‌وه‌ كه‌ له‌ عێراق و كوردستان بۆ به‌نده‌ری‌ جیهان له‌ باشوری‌ توركیا و بۆڕی‌ دووه‌م له‌ ڕێگه‌ی‌ باكۆ _  تبلیسی‌ _ جیهان ه‌وه‌ بۆ خۆی‌ مسۆگه‌ر بكات.

كۆسپه‌كانی‌ به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ زۆرن چ ناوخۆ و چ ده‌ره‌كی‌ كه‌ ڕێگرن له‌به‌رده‌م توركیادا كه‌ ببێته‌ سه‌نته‌رێكی‌ ستراتیجی‌ بۆ گواستنه‌وه‌و دابه‌شكردنی‌ وزه‌ گرنگترینیان بارودۆخی‌ ناوخۆی‌ توركیایه‌ كه‌له‌م ڕۆژانه‌ی‌ دوایی‌ دا سه‌رله‌ نوێ‌ شه‌ڕو پێكادان ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی‌ 2013 ه‌وه‌ جۆرێك له‌ ئاگربه‌س له‌ ئارادا بوو واسه‌ره‌تای‌ توندو تیژیه‌كان هه‌ردوو بۆڕی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌ عێراق و ئێران ه‌وه‌ بۆ توركیا كرانه‌ ئامانج  كه‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان درێژ ده‌كرێت كه‌ ژێرخانی‌ وزه‌ی‌  توركیای‌ كردبێته‌ ئامانج.

بێگومان ئه‌و رووداوانه‌ و شكستی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان له‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تدا له‌گه‌ڵ پارته‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌موو نه‌خشه‌ و پلان و پێشڕه‌وییه‌كانی‌ تری‌ حكومه‌تی‌ توركیا بۆ وه‌رگرتنی‌ متمانه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بۆ دابینكردنی‌ رێگه‌یه‌كی‌  ئارام وجێ‌ متمانه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ غاز و نه‌وت وزه‌  شكست پێده‌هێنێت .هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی‌ ناوخۆی‌ ئیستای‌ توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خوَپیشاندان و ناڕزایه‌تیه‌كانی‌ ساڵی‌ 2013 و بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ تێوه‌گلانی‌ كاربه‌ده‌سته‌باڵاكانی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان به‌ گه‌نده‌ڵی‌.

له‌كۆتاییدا هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌ گرنگانه‌دان له‌ توانادا هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاویان بۆ دابنرێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ توركیا بخوازێت ئه‌و پرۆژانه‌ به‌ ئاكام بگه‌ن و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ كوردیشه‌وه‌ لێی‌ سوودمه‌ند ببن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دڵنییایی‌ ئه‌منی‌ وسیاسی‌ به‌ هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ له‌م پرۆژانه‌دا نه‌دات چ ناوخۆیی‌ و چ ده‌ره‌كی‌ ئه‌و خه‌ونانه‌  به‌دی‌ نایه‌ن.

ئه‌م بابه‌ته 1311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM