دووانه‌ ی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت و شه‌قام

بورهان شێخ ره‌ئوف
ئێستا عیراق له‌ دوای‌ سیانزه‌ ساڵ له‌ ڕووخانی‌ ڕژێمی‌ دكتاتۆری‌ سه‌دام و له‌ دوای‌ هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ی‌ كه‌ پێیدا تێپه‌ڕی‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمه‌وه‌ بیگره‌ تا حكومه‌تی‌ ئینتیقالی‌ و نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوورو ڕاپرسی‌ و پێكهێنانی‌ كابینه‌كانی‌ عه‌لاوی‌  جه‌عفه‌ری‌ و مالیكی‌ دووجارو عه‌بادی‌ ئێستا.

وا ئێستا بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ به‌ هێز شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ عیراقی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ له‌ باشوورو ناوه‌ڕاستی‌ وڵات كه‌ داخوازیه‌كانیان خۆی‌ له‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ وه‌كو كاره‌با و ئاو ته‌ندروستی‌ و سوته‌مه‌نی‌ و هه‌مووشته‌ پێویسته‌كانی‌ تری‌ ڕۆژانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ و جگه‌ له‌ داخوازییه‌كی‌ تری‌ زۆر بنه‌ڕه‌تی‌ و ڕه‌وا ئه‌ویش بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌و په‌تا سامناكه‌ كه‌ له‌ سیانزه‌ ساڵی‌ ڕابردوودا هه‌موو جومگه‌ گرنگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ئیسته‌ حكومه‌تی‌  عیراق له‌ ڕیزی‌ هه‌ره‌ له‌ پێشی‌  حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی‌ جیهانه‌ .

نموونه‌ زۆره‌ له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ دیارترینیان ئه‌و سه‌ودای‌ كڕینی‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌ بوو حكومه‌تی‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌ له‌ روسیا كڕی‌ كه‌ كه‌سی‌ سه‌رۆك وه‌زیران خۆی‌ تێوه‌گلابوو به‌ ڕاده‌یه‌ك وه‌زیری‌ به‌رگری‌ روسیا له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ دوور خرایه‌وه‌ .

بۆیه‌ ئاكامی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵی‌ و دابه‌شبوونه‌ مه‌زهه‌بی و ئتینیكیه‌ بوو عیراقی‌ به‌و ڕۆژه‌ گه‌یاند كه‌ سێ‌ یه‌كی‌ خاكه‌كه‌ی‌ بكه‌وێته‌ بنده‌ستی‌ ڕێكخراوێكی‌ تیرۆرستی‌ وه‌كو داعش، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ بارودۆخی‌ وڵات بگۆڕێت بۆ قۆناغێكی‌ نوێ‌ كه‌ ڕیفۆرمی‌ سیاسی‌ و دادوه‌ری‌ و به‌گژاچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و تیرۆر وگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ شكۆ بۆ داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی‌  ده‌وڵه‌ت چ سه‌ربازی‌ و چ دادوه‌ری‌ و چ ئه‌منی‌ دوور له‌ به‌شبه‌شێنه‌ی‌ ئتنیكی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و دوور له‌ ده‌ستوه‌رادنی‌ وڵاتانی‌ ئقلیمی‌ و ناوچه‌كه‌ ناونیشانی‌ بێت  .

وائێستا سیاسیه‌كانی‌ عیراق به‌ تایبه‌تی‌ شیعه‌ حه‌په‌ساون له‌ ئاست ئه‌و ڕووداوانه‌دا هیچیان پێ‌ ناكرێت جگه‌ له‌ پشتیوانی‌ دووانه‌ی‌ (مه‌رجه‌عیه‌ت و شه‌قام ) كه‌ خوازیار ی‌ ده‌ستبه‌جێ‌ سزادانی‌ هه‌مووكاربه‌ده‌سته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانن كه‌ به‌ خراپی‌ ده‌سته‌ڵاتیان به‌كارهێناوه‌ و پشتگیری‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌ عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و مه‌رجه‌عیه‌تی‌ سیستانی‌ ده‌ینێن له‌و پێناوه‌دا .

خاڵی‌ گرنگی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ باشوورو ناوه‌ڕاستی‌ گرته‌وه‌ كه‌ شیعه‌نیشینن ئه‌وه‌یه‌ ئیتر ناتوانن خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تبار بكه‌ن به‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ و تابوری‌ پێنجه‌م و پیلانگێڕی‌ دژ به‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، به‌ڵكو مه‌رجعیه‌تی‌ نه‌جه‌ف زۆربه‌ی‌ زۆری‌ نه‌هامه‌تیه‌كان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ پارته‌ ئیسلامیه‌ شیعیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان و هاوبه‌شه‌كانیان له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا كه‌ناینتوانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ گه‌ل و ووڵات بپارێزن و ته‌نها گرنگیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌ و ئتنیكی‌ و مه‌زهه‌بیه‌كانی‌ خۆیان دا.

له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سیاسییه‌ سوننه‌كانیش كه‌ ناوچه‌كانیان به‌زۆری‌ له‌ بنده‌ستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعشدایه‌) سه‌رقاڵی‌ ئه‌وه‌ن چۆن ناوچه‌كانیان ئازاد بكه‌نه‌وه‌و له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان هه‌رێمی‌ سوننه‌ دروست بكه‌ن، هه‌رچۆن له‌ باشووریش شیعه‌كان له‌ هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنی‌ هه‌رێمی‌ به‌سره‌دان.

هه‌رێمی‌ كوردستانیش ئه‌گه‌رچی‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا له‌ دوای‌ گه‌لێك گێره‌و كێشمه‌ی‌ ناوخۆیی‌ كه‌ نامه‌وێت لێره‌داباسیان بكه‌م وئه‌و برینانه‌ بكولێنمه‌وه‌ جۆرێك له‌ سه‌قامگیری‌ تێدا به‌رقه‌رابوو به‌ڵام وا ئێستا له‌م قه‌یرانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌دا  به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێك ڕاستی‌ به‌ده‌رده‌كه‌ون كه‌  ئاستی ململانێی سیاسی و حزبی لەكوردستان بەدۆخێكی مەترسیداردا دەڕوات، ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات كە دیموكراسی لایەنەكان وفۆرمی دەسەڵاتداریەتی لە روانگەی دیموكراسی وپێكەوەكاركردن تەنها دروشمەو هیچی دیكە.

له‌ كۆتاییدا راستیه‌كمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌شتا ساڵی‌ حوكمی‌ عیراق كه‌ به‌ ده‌ستی‌ پێكهاته‌ی‌ سونه‌وه‌ بووبێت نه‌یانتوانی‌ یه‌كسانی‌ پێكه‌وژیان بۆ گه‌لانی‌ عیراق دابین بكه‌ن ئه‌وا پێكهاته‌ی‌ شیعه‌ش نه‌یانتوانی‌ له‌ دوازده‌ ساڵی‌ رابردووا یه‌كسانی‌ و پێكه‌وژیان و بۆ پێكهاته‌كانی‌ تری‌ عیراق مسۆگه‌ر بكه‌ن به‌و پێییه‌ی‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ عیراق پێكده‌هێنن نه‌یانتوانی‌ ئه‌و به‌رپرسیاریتییه‌ مێژووییه‌ به‌ ئه‌ستۆ بگرن و رێز له‌ پێكهاته‌كانی‌ تری‌ عیراق بگرن، بۆیه‌ ئه‌و پێگه‌ گرنگه‌یان له‌ده‌ستدا له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كردنی‌ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای‌ عیراقدا كاتێك بواریان بۆ به‌شداریكردنی‌ كورد و سوننه‌ نه‌هێشته‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاتدا.




ئه‌م بابه‌ته 866 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM