هه‌ڵگرتنی‌ پارێزبه‌ندی‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌توركیا

بورهان شێخ ره‌ئوف
ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌متر له‌ساڵێكه‌ له‌توركیادا ڕوویداوه‌ شایانی‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردن‌و تێڕامانه‌ كه‌چۆن له‌دوای‌ شكستهێنانی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌ی‌ ئه‌ردۆغان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ حوزه‌یرانی‌ پار كه‌نه‌یتوانی به‌ته‌نیا وه‌كو دووجاری‌ پێشووتر كابینه‌ی‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت، هه‌روه‌ها بڕینی‌ به‌ربه‌ستی‌ له‌سه‌دا ده‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن كورده‌وه‌‌و سه‌ركه‌وتن وه‌كو فراكسیۆنێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بۆ په‌رله‌مانی‌ توركیاو قایل نه‌بوونی‌ ئه‌ردۆگان‌و پارته‌كه‌ی‌ به‌حكومه‌تی‌ ئیئتلافی‌ له‌گه‌ڵ پارته‌كانی‌ ترو په‌نابردن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشووه‌خته‌و كۆتاییهێنان به‌پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ كورد.

هه‌روه‌ها شكستهێنانی‌ دروشمی‌ (زیرۆ پرۆبلم) سفر  گێره‌وكێشه‌، له‌گه‌ڵ درواسێیه‌كانی‌ توركیا وایلێهات هه‌ر ڕۆژه‌ی‌ كێشه‌و گرفت له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌دراوسێكانی‌  بخووڵقێنێت.

به‌ڵێ‌ ئه‌ردۆگان كه‌هه‌ڵگری‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئاینیه‌و باكگراوندێكی‌ درێژی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ ئاینیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و جیهانیش زۆر قورسه‌ بۆی‌ كه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌‌و ناوچه‌كه‌و جیهانیش هه‌ڵبكات هه‌ر ده‌بێت به‌ره‌و قۆرخكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بڕوات، هه‌ر وه‌كو چۆن له‌چه‌ند ساڵی‌ پێشووتر سه‌ره‌تاكانی‌ ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش شكستهێنان له‌پێكه‌وه‌ ژیانی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی‌ ناوخۆو ڕۆژنامه‌وانی‌ ئازادو دادگاییكردنی‌ ڕۆژنامه‌نووسان‌و نه‌گونجان له‌گه‌ڵ دۆست‌و هاوپه‌یمانه‌ دێرینه‌كانی‌ توركیا له‌ئه‌وروپاو ئه‌مریكا، ته‌نانه‌ت كارگه‌یشته‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ ڕوسیاو سه‌ركووتكردنی‌ هاونیشتمانانی‌ كوردی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ر داخوازییه‌ ڕه‌واو یاساییه‌كانیاندا.

به‌ڵی‌ هه‌ر له‌درێژه‌ی‌ ملهووڕی‌‌و قۆرخكاری‌‌و په‌راوێزخستنی‌ به‌رامبه‌ره‌كانی‌ ئه‌ردۆگان دواجار یه‌كێك له‌دۆسته‌ نزیك‌و هاوڕێ‌‌و هاوبه‌شه‌كانی‌ كاری‌ سیاسی‌ خۆی‌ پڕۆفیسۆر ئه‌حمه‌د داود ئۆغلوی‌ وه‌لاناو هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌چه‌ند بابه‌تێكدا بۆچوونه‌كانیان یه‌كیاننه‌ده‌گرته‌وه‌، وه‌كو باسده‌كرێت پرسی‌ گۆڕینی‌ سیستمی‌ حوكم له‌په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و مه‌سه‌له‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ كوردا بووه‌.

دواترینی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان‌و پارته‌كه‌ی‌ - بۆیه‌ ده‌ڵَێم پارته‌كه‌ی‌ چونكه‌ وادیاره‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو ئه‌و  بیرنه‌كاته‌وه‌ ئیتر له‌و پارته‌دا جێگه‌ی‌ نابێته‌وه‌ وه‌كو داود ئۆغلو-، هه‌ڵگرتنی‌ پارێزبه‌ندی‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی‌ هه‌ده‌په‌ واته‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ توركیا واته‌ له‌كۆی‌ 59 په‌رله‌مانتاری‌ هه‌ده‌په‌ 54 یان پارێزبه‌ندیان له‌سه‌ر لاده‌برێت‌و دواتر دادگایپده‌كرێن به‌بیانووی‌ هاندانی‌ تیرۆرو گه‌نده‌ڵی‌‌و سووكایه‌تیكردن به‌ئه‌ردۆگان.

مه‌به‌ست چیه‌ له‌م په‌رواێزخستنی‌ نه‌یارانه‌؟
ڕوون‌و ئاشكرایه‌ ئه‌م په‌راوێزخستن‌و قۆرخكارییه‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ده‌نگه‌ جیاوازو ڕخنه‌گره‌كانه‌ تاوه‌كو بتوانێت به‌ئاسانی‌ ده‌ستوور هه‌مواربكاته‌وه‌‌و سیستمی‌ حوكمڕانی‌  بگۆڕێت له‌په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ فراوان بكات.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوای‌ هاوپه‌یمانی‌ توركیاو لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ توركیا نیگه‌رانن له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئه‌م یاسایه‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك كه‌یسی‌ به‌سیاسی‌ كراو له‌دژی‌ په‌رله‌مانتاران‌و چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش بارگرژی‌ زیاترو قه‌یرانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ قووڵترو كاره‌ساتبارتر ده‌كات كه‌ له‌مێژه‌و ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ست شه‌ڕو پێكدادانی‌ خوێناویه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

دواجار ماوه‌ ئه‌وه‌ بڵێم وادیاره‌ ئه‌و ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌ی‌ كه‌ له‌مێژه‌ ده‌ڵێن له‌م ناوچه‌ گه‌رای‌ داناوه‌ له‌ناو نابرێت ئه‌ویش نه‌بوونی‌ خواست‌و ئاره‌زووی‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌ جیاوه‌زاكانمان له‌بیروڕادا.




ئه‌م بابه‌ته 1976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM