فه‌لوجه‌ سه‌ری‌ ماره‌كه‌

بورهان شێخ ره‌ئوف
فه‌لوجه‌ 60كم له‌به‌غدادی‌ پایته‌ختی‌ عێراقه‌وه‌ دووره‌‌و دانیشتتوانه‌كه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ مه‌زهه‌بن‌و سه‌ر به‌پارێزگای‌ ئه‌نباره‌و یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ سوونه‌نشینه‌كانی‌ عێراق وه‌كو موسڵ‌و تكریت‌و به‌عقوبه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ پێشووی‌ عێراق  پێگه‌و ناوچه‌ی هه‌ژموونی‌ ئه‌و ڕژێمه‌ بوون كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ پێكهاته‌ی‌ هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ گاردی‌ كۆماری‌‌و ئاسایش‌و هه‌واڵگری‌ ناوه‌نده‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ حوكمڕانی‌ له‌مانه‌ پێكهاتبوون.

بۆیه‌ هه‌ر له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2003 ئه‌م ناوچانه‌ بوونه‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رم‌و ملیان به‌سیستمی‌ نوێ‌ نه‌داو كووچه‌و كۆڵانه‌كانی‌ ئه‌و شارانه‌و به‌تایبه‌تی‌ فه‌لوجه‌ بووه‌ گۆڕه‌پانی‌ سه‌خترین شه‌ڕو پێكدادان تائێستاشی‌ پێوه‌بێت له‌نێوان چه‌كداره‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌‌و هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق‌و میلیشیاكانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌هه‌موو باڵه‌ جیاكانیه‌وه‌ هه‌ر له‌به‌درو عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ق‌و سه‌رایه‌ سه‌لام‌و سه‌رایا خوراسانی‌ ...تد.

له‌هه‌مانكاتدا هه‌روه‌كو حكومه‌تی‌ عێراق دانی‌ پێداناوه‌ به‌كۆمه‌ك‌و هاریكاری‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاو ڕاوێژو سه‌رپه‌رشتی‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ كه‌ له‌ده‌ركه‌وتنی‌ ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی‌ له‌ده‌روازه‌كانی‌ فه‌لوجه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ نیگه‌رانی‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌كانی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌و له‌وه‌ش زیاتر به‌كارهێنان‌و نمایشكردنی‌ ڕۆكێته‌كانی‌ نمر نمر-ی‌ ئێرانی‌ كه‌ به‌ناوی‌ ئه‌و پیاوه‌ شیعه‌یه‌ی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعوودیه‌وه‌ ناونراوه‌  كه‌ له‌سعوودیه‌ له‌سێداره‌درا كه‌پێده‌چێت ئه‌م ناكۆكییه‌ ئتنیكی‌‌و تائیفیه‌كانی‌ عێراق‌و ناوچه‌كه‌ قووڵترو ئاڵۆزتر بكات.
فه‌لووجه‌ بۆ سه‌ری‌ ماره‌كه‌یه‌؟ وه‌كو مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عێراق وتی‌.

هه‌روه‌كو ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ داعش ڕایگه‌یاندووه‌ له‌مانگی‌ مایسی‌ ڕابردوودا توانیویانه‌ 522 كه‌س به‌ته‌نها له‌به‌غدادی‌ پایته‌خت بكوژن كه‌هه‌مووی‌ خه‌ڵكی‌ سڤیل‌و بێتاوان بوون‌و ئه‌و ڕێكخراوه‌ به‌شانازییه‌وه‌ ئاشكرای‌ كردووه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ 15 پشتێنی‌ خۆكوژو شه‌ش ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراوه‌و ئه‌نجامیانداوه‌, هه‌روه‌ها سه‌رژمێریه‌كانی‌ كوشتن‌و بڕین له‌عێراقدا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌سێ یه‌كی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا 2016 مانگانه‌ ڕێژه‌كه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 1081 كه‌س، به‌مشێوه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاكامه‌ی‌ كه‌ته‌نها له‌مانگی‌ مایسدا به‌ته‌نها ڕێژه‌كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ له‌مانگه‌كانی‌ پێشووتر له‌كاتی‌ په‌لاماره‌كانی‌ داعشه‌وه‌ له‌ 2014 ه‌وه‌.

به‌ڵێ‌ به‌غدادی‌ 2016 وه‌كو به‌غدادی‌ 2013 نه‌بوو خه‌ڵكی‌ پایته‌خت تاڕاده‌یه‌ك ئه‌من‌و ئاسایشیان بۆ فه‌راهه‌م كرابوو خوازیاری‌ درێژه‌دان‌و به‌رده‌وامبوونی‌ بوون, بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ هه‌روه‌كو لای‌ هه‌مووان ڕوون‌و ئاشكرایه‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌و ئه‌من‌و ئاسایشه‌دا بیریان له‌شتی‌ تازه‌ ده‌كرده‌وه‌ ده‌ستیان بۆ دۆسیه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و كه‌می‌‌و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان بردو خوپیشاندان‌و ناڕه‌زه‌یی‌ گه‌وره‌یان ده‌ربڕی‌‌و دواتر له‌لایه‌ن هیزه‌ تائیفیی‌‌و میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌ستی‌ تێوه‌ردراو په‌لاماری‌ داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی‌ وڵات درا  له‌ئێستادا به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ فه‌لوجه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان تاڕاده‌یه‌ك هه‌ڵپه‌سێردراوه‌.

به‌غداد كه‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر نزیكه‌ی‌ 150 میلی‌ چوارگۆشه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تۆڕێكی‌ جه‌نجاڵی‌ ڕێگاوبان كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ عێراقدایه‌ جگه‌ له‌زۆر ڕێگاوبانی‌ تری‌ بچكۆله‌  كه‌ به‌ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی‌ پشتێنی‌ به‌غداده‌وه‌ی‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌شیعه‌كان هه‌میشه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌و سامناكی‌ بۆ سه‌ر به‌غدادی‌ پایته‌خت ده‌زانن‌و فه‌لوجه‌ش له‌و چوارچێوه‌دا دێته‌ ئه‌ژماردن.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین له‌وكاته‌وه‌ی‌ كه‌باسی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ شاری‌ عێراق له‌ده‌ستی‌ داعش ده‌كراو هه‌موو توانا هێزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخانكرا سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ناكۆكی‌‌و بۆچوونی‌ جیا له‌سه‌ر پشكداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ئازادكردنی‌ موسڵ, داعش كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ له‌به‌غدادی‌ پایته‌خت چڕكرده‌وه‌ هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌تای‌ وتاره‌كه‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا حكومه‌تی‌ به‌غداد ناچاربوو هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پارێزگاری‌ له‌به‌غدادو پاراستنی‌ حوكمی‌ شیعه‌ كه‌ له‌دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌په‌راوێزدابوون‌و له‌دوای‌ 2003 ه‌وه‌ حوكمی‌ عێراق ده‌كه‌ن.



ئه‌م بابه‌ته 2229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM