توركیا بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ روسیاو ئیسرائیل ئاساییده‌كاته‌وه‌؟

بورهان شێخ ره‌ئوف

سیاسه‌تی‌ توركیا له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌ئیقلیمی‌ و نێوه‌ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ به‌قۆناغێكی‌ جێی سه‌رنج‌و تێڕاماندا گوزه‌ر ده‌كات له‌كاتی‌ ئێستادا ئه‌گه‌رچی‌ له‌ناوخۆدا له‌دوای‌ شكستهێنانی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌باكوری‌ كوردستان‌و به‌رپابوونی‌ شه‌ڕێكی‌ سه‌خت‌و خوێناوی‌ له‌نێوان گه‌ریلاكانی‌ pkkو سوپای‌ توركیا و لابردنی‌ پارێزبه‌ندی‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی‌ كوردو ئۆپۆزه‌سیۆن له‌و وڵاته‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ش له‌سیاسه‌تی‌ زیرۆ پرۆبلم (سفر كێشه‌و موشكیله‌) له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا ئێستا فوول پڕۆبلم (پڕ كێشه‌و موشكیله‌یه‌).
 
 
له‌ئاوا بارودۆخێكدا بۆ ئه‌ردۆغان له‌هه‌وڵی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌یدایه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی‌ ڕوسیاو ئیسرائیل هه‌وڵده‌ده‌م له‌ چه‌ند خاڵێكدا وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌ :-
1. له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌و ململانێكانی‌ توركیا له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یشته‌ بنبه‌ست‌و به‌ریه‌ككه‌وتن‌و ئاكامه‌كانی‌ كاریگه‌ری‌ گورچكبڕیان له‌سه‌ر توركیا دانا به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كه‌ی‌ ڕوسیا له‌نۆڤه‌مبه‌ری‌ 2015و په‌لاماردانی‌ كه‌شتی‌ ئستولی‌ حریه‌ی‌ توركی‌ كه‌ده‌یانویست گه‌مارۆی‌ سه‌ر غه‌زه‌ بشكێنن له‌لایه‌ن  ئیسرائیله‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2010و هه‌روه‌ها ناكۆكیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له‌ سه‌ر بارودۆخی‌ سوریاو دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارام‌و كۆمه‌ك‌و هاوكاریه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل سه‌ر به‌هێزه‌ كوردیه‌كان له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستان كه‌ڕۆڵێكی‌ كاراو به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ تیرۆرو داعشدا كه‌ئه‌مه‌ش زۆر جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ توركیایه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر بارودۆخی‌ سوریا كه‌ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ یه‌كترن. ئا له‌مكاته‌دا كه‌ناكۆكیه‌كان له‌نێوان ئه‌ردۆغان‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌‌و سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ئاكپارتی‌ ئه‌حمه‌د داودئۆغلو كه‌ خاوه‌نی‌ تیۆری‌ زیرۆ پرۆبلم بوو  گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ئیتر نه‌توانن به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و داود ئۆغلو ده‌ستی‌ له‌كاركێشایه‌وه‌‌و بنئه‌لی‌ یه‌ڵدرم به‌سه‌رۆكی‌ حزب‌و دواتر سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێرا ئه‌ویش له‌یه‌كه‌م لێدوانیدا ڕایگه‌یاند كه‌توركیا له‌مه‌ودوا هه‌وڵده‌دات به‌كه‌مكرنه‌وه‌ی‌ دوژمنایه‌تی‌‌و زیادكردنی‌ دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌, كه‌ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ نوێ‌ ده‌كات پێچه‌وانه‌ی‌ داود ئۆغلۆ.

2. فاكته‌رێكی‌ تری‌ گرنگ كه‌زیاتر پاڵی‌ نا به‌ئه‌ردۆگانه‌وه‌ نامه‌ی‌ لێبووردن بۆ سه‌رۆكی‌ ڕوسیا فلادیمیر پۆتین بنووسێت سه‌باره‌ت به‌خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كه‌ی‌ ڕوسیا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌یان ڕه‌تده‌كرده‌وه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ كوردو ڕوسیابوو و سه‌ردانی‌ هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی‌ كورد له‌باكوورو ڕۆژئاوا بۆ مۆسكۆ‌و كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان‌و هه‌روه‌ها خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ هه‌لیكۆبته‌رێكی‌ جه‌نگی‌ توركیا له‌لایه‌ن گه‌ریلاكانی‌pkk به‌ڕۆكیتێكی‌ ڕوسی‌ له‌مایسی‌ 2016 كه‌هه‌موو ئه‌مانه‌ توركیای‌ نیگه‌ران كردووه‌ چ ده‌ركه‌وتنی‌ ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ كورد له‌ڕۆژئاواو هه‌ماهه‌نگی‌‌و پێشڕه‌وه‌یه‌كانیان له‌شه‌ڕی‌ تیرۆری‌ داعشدا.

3. توركیا هه‌وڵده‌دات هه‌ماهه‌نگی‌‌و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی‌ ڕوسیاو ئیسرائیل بكات ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌ی‌ سوریا له‌كاتێكدا ڕوسیا ڕاسته‌وخۆ له‌جه‌نگه‌كه‌دا به‌شداره‌وه‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌وێ‌ هه‌یه‌و ئیسرائیلیش به‌وردی‌ چاودێری‌ قه‌یرانی‌ سوریا ده‌كات له‌نزیكه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ چالاكیه‌كانی‌ حزبوڵای‌ لوبنان له‌سوریاو هێزو لایه‌نه‌ ئۆپۆزه‌سیۆنه‌ چه‌كداره‌كان‌و ڕێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشیش.

هه‌روه‌ها ئه‌نقه‌ره‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ به‌ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌توانێت ڕۆڵی‌ خۆی‌ وه‌ربگریته‌وه‌ له‌قه‌یرانی‌ سوریا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا به‌هۆی‌ ناكۆكیه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتۆن له‌ده‌ستی‌ دابوو به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ ئارام‌و ڕۆڵی‌ كورد له‌شه‌ڕی‌ داعشدا.

هه‌روه‌ها به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ڕاده‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ له‌ گه‌ڵ ڕوسیاو ئیسرائیل یارمه‌تی‌ توركیا ده‌دات له‌و هه‌ڕه‌شه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ كه‌ڕوبه‌ڕوی‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ.

4. لایه‌نێكی‌ تری‌ فره‌ گرنگ‌و پڕ بایه‌خ فاكته‌ری‌ ئابووریه‌ كه‌ئه‌نقه‌ره‌ ناچار ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی‌ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆو ته‌لئه‌بیب چونكه‌ گرژی‌ و ناكۆكیه‌كانی‌ پێشوو زیانی‌ گه‌وره‌یان له‌ ئابووری‌ توركیادا به‌هۆی‌ داكشانی‌ ڕاده‌ی‌ گه‌شتیاری‌ ڕووسه‌كان بۆ توركیاو گه‌مارۆی‌ ئابووری‌ ڕوسیا له‌سه‌ر موادی‌ خۆراكی‌ توركیا جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئابووری‌ توركیا تووشی‌ قه‌یرانگه‌لێكی‌ زۆرتر بووه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ش كاریگه‌ری‌ نیگه‌تیفیان به‌جێهێشتووه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ نوێ‌ بدۆزێته‌وه‌ بۆ غازی‌ سروشتی‌ هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆ به‌ره‌و ئاساییكردنه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ بۆندو گرێبه‌ستی‌ تازه‌ی‌ غازی‌ سرووشتی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژۆ بكات له‌ئاینده‌دا له‌كاتێكدا مۆسكۆ هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌  گرێبه‌سته‌كانه‌وه‌ فشارو هه‌ژمونی‌ خۆی‌ بسه‌پێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌به‌رژه‌وندییه‌كانیان یه‌كناگرێته‌وه‌, بۆیه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ په‌راوێزێك بۆ مانۆڕو گۆڕینی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ئیقلیمیه‌كانی‌ به‌رپرس به‌كێشه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌.

له‌كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆگان په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ ئاساییده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بیری‌ لێنه‌كردبووه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو داعش‌و هه‌موو گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌ كه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا ده‌رگاكانی‌ توركیایان بۆ خرابووه‌ سه‌رپشت كه‌چه‌ندین شانه‌ی‌ نووستوویان دروستكردوه‌و له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاساییكردنه‌وه‌یه‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ ئه‌سته‌نبوڵیان ئه‌نجامداو پێده‌چێت له‌ئاینده‌دا ده‌رگای‌ دۆزه‌خ به‌ڕووی‌ توركیادا بكه‌نه‌وه‌و ئه‌زموونی‌ وڵاتانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌دا وامان پێ‌ ده‌ڵێن.







ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM