لیژنه‌كه‌ی‌ چیلكۆت

بورهان شێخ ره‌ئوف
لیژنه‌كه‌ی‌ چیلكۆت

(سێر جۆن چیلكۆت) ناوێكه‌ تاچه‌ند ڕۆژی‌ پێشوو من نه‌بیستبوو، به‌ڵام دوای‌ بلاَبوونه‌وه‌ی‌ ڕاپۆرته‌ گرنگه‌كه‌ی‌ كه‌حه‌وت ساڵی‌ خایاندو زیاتر له‌دوو ملیۆن‌و  500 هه‌زار وشه‌ پێكهاتووه‌و نزیكه‌ی‌ 13.5 ملیۆن دۆلاری‌ تێچووه‌، هه‌روه‌ها به‌بڕیاری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیای‌ ئه‌وسا (2009) دێڤید براون ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێكهێنرا.

لیژنه‌كه‌ له‌پێنج ئه‌ندام‌و به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جۆن چیلكۆت كه‌كارمه‌ندێكی‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا بوو زۆر پۆست‌و به‌رپرسیارێتی‌ گرنگی‌ پێسپێرابوو تاڕاوێژكاری‌ شاژنه‌ ئه‌لیزابیتی‌ دووه‌می‌ ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌ركی‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ چی‌ بوو؟
ئه‌ركی‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌بوو له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو به‌ریتانیاوه‌و هه‌ر له‌چۆنیه‌تی‌ به‌شداریكردنی‌ به‌ریتانیای‌ عوزما له‌م شه‌ڕه‌داو چۆنێتی‌ بڕیاردانی‌ به‌شداریكردن له‌سه‌ره‌تاوه‌و دواتر ئیستراتیجیه‌تی‌ دوای‌ شه‌ڕی عیراق‌و چۆنیه‌تی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ به‌ریتانیا له‌عیراق.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا وابڕیاربوو كاری‌ لیژنه‌كه‌ به‌نهێنی‌ بڕوا، به‌ڵام دواتر له‌ژێر فشاری‌ ئۆپۆزسیۆن‌و به‌رپرسه‌ پێشووه‌كانی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ جێهێڵرا بۆ چیلكۆت كه‌خۆی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ربدات‌و گله‌یی‌‌و گازنده‌ی‌ زۆر له‌سه‌ر كاری‌ لیژنه‌كه‌ هه‌بوو كه‌ له‌ژێر سوێندخواردندا كاره‌كانیان ئه‌نجام ناده‌ن، به‌ڵام دواتر چیلكۆت-ی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ هه‌موو نیگه‌رانیانه‌ی‌ ڕه‌وانده‌وه‌و به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌یدا كه‌ له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا ڕاستیه‌كان ناشارێته‌وه‌و ڕاستیه‌كان ده‌خاته‌ڕوو هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌دات زۆربه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌ئاشكرابێت ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌وا ئاسایشی‌ وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌و ناهێڵێت لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ ڕاستی‌ خۆی‌ ده‌ربچێت له‌چۆنیه‌تی‌ پشكداری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ شه‌ڕی‌ عیراق له‌ساڵی‌ 2003.

ئه‌گه‌رچی‌ یه‌كه‌م دانیشتنی‌ لیژنه‌كه‌ له‌ 24 تشرینی‌ دووه‌می‌ 2010 ده‌ستیپێكرد زۆرێك له‌سه‌ركرده‌ سه‌ربازی‌‌و سیاسیه‌كانی‌ وڵات بانگهێشتكران به‌هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران تۆنی‌ بلێرو دێڤید براون زۆرێك له‌وه‌زیره‌كان‌و دیبلۆماتكاره‌كان له‌ساڵی‌ 2015دا  لیژنه‌كه‌ ڕوبه‌ڕوی‌ ڕه‌خنه‌و گله‌یی‌‌و گازنده‌ی‌ زۆر بووه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ زۆر دواكه‌وتن‌و ئه‌نجامه‌كانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یه‌نران بۆ ڕای‌ گشتی‌ بۆیه‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌یاندا كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ 2016 ئاكامه‌كه‌ی‌ ئاشكرابكرێت ئه‌وه‌بوو له‌ 6ی ته‌مووزی‌ 2016  ئاكامه‌كه‌ی‌ ئاشكراكرا.

به‌ڵێ‌ دوای‌ حه‌وت ساڵ له‌لێكوَڵینه‌وه‌ی‌ چڕوپڕ چیلكۆتی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ كورته‌یه‌كی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی‌ گشتی‌ به‌ریتانیا خوێنده‌وه‌ كه‌تێیدا هاتووه‌:-

1. به‌ریتانیا شكستی‌ هێناوه‌ له‌به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌كانی‌ له‌و شه‌ڕه‌دا
2. سه‌دام حسێن هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ نه‌بووه‌ بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌ریتانیا.
3. بژارده‌ ئاشتیه‌كانی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ كه‌ڵكی‌ لێوه‌رنه‌گیرا.
4. ئه‌مریكاو به‌ریتانیا ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تیان به‌كارهێنا.

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كانی‌ لیژنه‌كه‌ هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌ هیچ لێپیچینه‌وه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ به‌دوای‌ خۆیدا ناهێنێت بۆ هیچ كه‌س‌و به‌رپرسێك به‌ڵكو ته‌نها ڕۆڵی‌ ڕه‌خنه‌گرتن‌و قامك خستنه‌ سه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌مو كوڕیه‌كان  سوود وه‌رگرتن له‌هه‌موو په‌ندو وانه‌كانی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ ئایینده‌ی‌ وڵات‌و به‌شداریكردن له‌هه‌ر جه‌نگێكی‌ چاوه‌ڕوانكراودا, به‌ڵكو ڕاپۆرته‌كه‌ وه‌كو دادگاییكردنێكی‌ مه‌عنه‌وی‌‌و میدیایی‌ چاوی‌ لێده‌كرێت‌و هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بۆ هیچ كه‌س‌و ده‌زگایه‌ك فه‌راهه‌م ناكات.

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا دوای‌ 13 ساڵ له‌و شه‌ڕه‌ و كوژرانی‌ زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌خه‌ڵكی‌ عیراق‌و برینداربوونی‌ سه‌دان هه‌زاری‌ تر تۆنی‌ بلێر-ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌وسای‌ به‌ریتانیا داوای‌ لێبووردن ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت‌و نابێت كاریگه‌ری‌ ئه‌و جه‌نگه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌گشتی‌ به‌رچاو نه‌گیرێت هه‌ر له‌شه‌ڕی‌ تائیفی‌‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ داعش‌و هه‌موو گروهه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ تر.

چونكه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌دواكه‌وتنی‌ كوێرانه‌ی‌ تۆنی‌ بلێر بۆ سیاسه‌ته‌كانی‌ جۆرج بۆش كوڕ ده‌كات‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌بۆش داوه‌ كه‌پشتگیری‌ بكات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت‌و هه‌رچیش ڕووبدات.

خاڵێكی‌ تری‌ ڕاپۆرته‌كه‌ كه‌زۆر گرنگی‌ پێدراوه‌ نه‌بوونی‌ ئیستراتیجیه‌تیه‌كی‌ ڕوون‌و دیاریكراوه‌ بۆ پاش شه‌ڕی عیراق‌و میكانیزمی‌ به‌ڕێوه‌بردنیه‌تی‌ كه‌هیچ گرنگیه‌كی‌ پێنه‌دراوه‌و پلان‌و خۆئاماده‌كردنی‌ گونجاوی‌ بۆ نه‌كراوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ زۆر بایه‌خدار بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌ كه‌دوای‌ سه‌دام چۆن عیراق به‌ڕێوه‌ببرێت كه‌ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی‌ زۆر مه‌زنه‌ چۆنیه‌تی‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانی‌ به‌غدا بۆ تاران وه‌كو تیكه‌یه‌كی‌ زۆر چه‌ورو ئاسان كه‌ئێرانیه‌كان خۆیشیان باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد وابه‌ئاسانی‌ قووت بدرێت!

هه‌رچه‌نده‌ ڕاپۆرته‌كه‌ 12 مجه‌له‌دی‌ گه‌وره‌یه‌ بڕیاروایه‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو دوو ڕۆژی‌ له‌سه‌ریه‌ك ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ به‌ریتانیا گفتوگۆی‌ له‌سه‌ربكه‌ن وائاسان نیه‌ به‌وتارێكی‌ كورت شیكاری‌ تیرۆته‌سه‌لی‌ بۆ بكرێت.

به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سوودمه‌ند بووبێت له‌و جه‌نگه‌دا وادیاره‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ نه‌كردووه‌ گه‌لی‌ كورده‌ له‌باشووری‌ كوردستان‌و پێكهاته‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بی‌ عه‌ره‌بی‌ عیراق  كه‌ ڕزگاریان  بوو له‌دكتاتۆریه‌تی‌ سه‌دام‌و له‌هه‌مانكاتدا ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلیش له‌حكومه‌تێك ڕزگاری‌ بوو كه‌خاوه‌نی‌ ڕۆكێتی‌ دوورهاوێژو چه‌كی‌ كیمیاوی‌ سوپایه‌كی‌ به‌هێز بوو.




ئه‌م بابه‌ته 858 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM