كوده‌تای پێنجه‌م له‌توركیا

بورهان شێخ ره‌ئوف


له‌نیو سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌مه‌ جاری پێنجه‌مه‌ كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجامده‌درێت له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌، به‌وپێیه‌ی سوپای توركیا خۆی به‌پارێزه‌ری سیسته‌می سكۆلاریزم له‌ توركیا داده‌نێت.

چونكه‌ مسته‌فا كه‌مال پاشا (ئه‌تاتورك)، دامه‌زرێنه‌ری ڕژێمی كۆماری‌و توركیای نوێ‌ هه‌ر به‌پشتیوانی سوپا توانی كۆتایی به‌ڕژێم‌و خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانی 600 ساڵه‌ بهێنێت، بێجگه‌ له‌و كوده‌تا سه‌ربازییه‌ شكستخواردووه‌ی شه‌وی 15\16 ته‌مموزی 2016 كه‌ (به‌داخه‌وه‌ له‌م ناوچه‌دا مانگی ته‌مموز به‌مانگی كوده‌تاكان ناسراوه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌مان مانگدا كوده‌تای 14ی‌ ته‌مموزی 1958 له‌عێراق‌و 23 ته‌مموزی 1952 له‌میسریش هه‌ر له‌م مانگه‌دا ئه‌نجامدران) كه‌ چوار كوده‌تای تر ئه‌نجامدراون، هه‌مووی به‌ بیانوو پاساوی ئه‌وه‌ی كه‌ سیسته‌می سیكۆلارو ئاسایشی وڵات كه‌وتوونه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر كوده‌تاكانی پێشووتر سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنابیت ئه‌وا ئه‌م كوده‌تایه‌ شكستی هێنا، كه‌ هه‌رچه‌ند روودانی ئه‌م كوده‌تایه‌ له‌توركیادا به‌بڕوای من كارێكی چاوه‌ڕوانكراوبوو چونكه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی پارتی دادوگه‌شه‌پێداندا سیسته‌می سیكۆلار له‌زۆر بڕگه‌و جومگه‌دا ده‌ستی بۆ برابوو، دواترینیان هاوكاری‌و كۆمه‌كه‌كانیان بۆ داعش‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی تر له‌دوای به‌هاری عه‌ره‌بی‌و هه‌وڵی گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی وڵات له‌په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی.

هۆكاره‌كانی شكستی كوده‌تاكه‌
هه‌رچه‌نده‌ كوده‌تای سه‌ربازی له‌هه‌ركوێ‌ بێت‌و هه‌ر كه‌س بیكات، كارێكی قێزه‌ونه‌و دژ به‌بنه‌ماكانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیان و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌.
1.  كوده‌تای سه‌ربازی شكستی هێنا له‌توركیا، چونكه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ئه‌گه‌ر له‌ناو سوپادا چه‌ند ئه‌فسه‌رو پله‌دارێك هه‌بن بڕوایان به‌ كوده‌تای سه‌ربازی هه‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ركه‌وت قابیلی قایل بوون‌و په‌سه‌ندكردن نیه‌، ئه‌زموونی دیموكراسی له‌و وڵاته‌دا هه‌نگاوی گه‌وره‌ی بڕیووه‌ بۆ پێشه‌وه‌ وه‌كو وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهان  هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی، له‌هه‌وڵی گۆڕینی بنه‌ماكانی سیستمی سیكۆلارین له‌و وڵاته‌دا.

2. هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ل ده‌سته‌ڵات‌و هاوپه‌یمانی سوپا له‌گه‌ڵ گه‌ل‌و هاوپه‌یمانی نه‌یارانی ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ یارانی له‌به‌رامبه‌ر كوده‌تاچیه‌كاندا، ئه‌مه‌ هاوسه‌نگه‌ریه‌ له‌پێناوی دیموكراسیدا نه‌ك پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاك پارتی، ئه‌مه‌ په‌ندێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاك پارتی كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و هه‌رچۆن (16/7) بینالی یڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیران له‌گۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی دا به‌ ڕوونی‌و ئاشكرا سوپاس‌و پێزانینی خۆیانی بۆ هه‌موو حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌و گه‌ل‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هه‌رته‌نها سوپاس‌و پێزانین به‌س نین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌دا، به‌ڵكو هه‌نگاوی ئازایانه‌و ژیرانه‌ی تری گه‌ره‌گه‌، ئه‌گینا وڵات ڕووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌و قه‌یرانی قووڵتر ده‌بێته‌وه‌.

3. فاكته‌رێكی تر كه‌ زۆر گرنگ‌و چاره‌نووسساز بوو بۆ شكستی كوده‌تاكه‌، تۆڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێت و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌كو فه‌یسبوك‌و تویته‌ر‌و سكایب بوو، كه‌ له‌كاتێكدا كوده‌تاچیه‌كان كه‌ناڵی فه‌رمی (TRT)یان داگیركرد، سه‌رۆك ئه‌ردۆگان په‌نای بۆ كه‌ناڵی (CNN تورك)‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان برد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی بۆ جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی كه‌ بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان‌و به‌رگری له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌ردۆگان زۆرجار له‌ڕابردوودا په‌لاماری ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ده‌دا‌و سزای ده‌دان‌و دایده‌خستن، كه‌چی ئه‌مجاره‌ ئه‌مان فریادڕه‌سی بوون.

له‌كۆتاییدا، ڕه‌نگه‌ خاڵی تر زۆربێت بۆ شكستی كوده‌تاكه‌ به‌ڵام من ئه‌مانه‌ به‌خاڵی سه‌ره‌كی ده‌بینم، لێدوانێكی گرنگی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپا جێگه‌ی سه‌رنج‌و تێڕامانه‌ كه‌ وتی سه‌رده‌می كوده‌تا به‌سه‌رچوو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌توركیا، وتی سوپا بڕبڕه‌ی پشتی ئاسایش‌و سه‌قامگیری وڵاته‌و پارێزه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی‌و دیموكراسیه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وا له‌سه‌رۆك ئه‌ردۆگان ده‌كات كه‌ له‌داهاتوودا هه‌ماهه‌نگی‌و ڕاوێژی زیاتر له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی سوپادا بكات له‌پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ‌ چاودێری دۆخی توركیا له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ئه‌ردۆگان له‌دوای ئه‌م كوده‌تا شكستخواردووه‌ جارێكیتر به‌هێزتر دێته‌وه‌ گۆڕه‌پان‌و پاكتاوی سوپا‌و داموده‌زگاكانی وڵات ده‌كات به‌و بیانووه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌ردۆگان له‌ ئێستادا له‌ هه‌مووكات لاوازترو شكستخواردووتره‌ له‌دوای هه‌ستكردنی به‌شكستی سیاسه‌ته‌كانی له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تی‌و ناوخۆییشه‌وه‌، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌هه‌موو كاروكرده‌وه‌كانی ڕابردووی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕوسیاو ئیسرائیل‌و سوریا‌و میسر بۆ دامركانه‌وه‌ی ڕق‌و بێزاری گه‌ل‌و سوپاش.


ئه‌م بابه‌ته 721 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM