ویكیلیكس

بورهان شێخ ره‌ئوف


 له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوودا جارێكی‌ تر پێگه‌ی‌ ویكیلیكس گۆمی‌ مه‌نگی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ شه‌ڵه‌قاند هه‌زاران دۆكۆمێنت و به‌ڵگه‌ی‌ گرنگی‌ پارتی‌ دادوگه‌شه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ توركیای‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ گه‌لێكیان په‌یوه‌ندی‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌پێویستمزانی‌ قسه‌وباسێك له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه‌و پێكهاته‌و ئامانج وبه‌ڕێوه‌به‌رانی‌ بكه‌م.

ویكیلیكس ڕێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ قازانج نه‌ویسته‌ كه‌ هه‌واڵ‌و زانیاری‌‌و ڕاپۆرتی‌ تایبه‌ت‌و نهێنی‌ بلاَوده‌كاته‌وه‌ له‌میدیاكاندا له‌سه‌رچاوه‌ی‌ نهێنی‌‌و نه‌ناسراوه‌و دزه‌ به‌هه‌واڵه‌كان ده‌كات.
 
 
له‌ 4ی‌ ئوكتۆبه‌ری‌ 2006 بۆ یه‌كه‌مجار پێگه‌ی‌ ویكیلیكس ( wikileaks. org)  تۆماركرا به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان, له‌مانگی‌ دیسه‌مبه‌ری‌ هه‌مان ساڵدا یه‌كه‌م دۆكۆمینتی‌ بڵاوكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند كه‌ وادامه‌زرێنه‌ره‌كانی‌ پێكهاتوون له‌هه‌ندێك چالاكوانی‌ چینی‌‌و ڕۆژنامه‌نووسان‌و وه‌رزشكاران‌و ته‌كنیكارانی‌ سه‌ره‌تایی‌ هه‌ندێك كۆمپانیای‌ ئه‌مریكی‌‌و تایوان‌و ئه‌وروپاو ئوسترالیاو باشووری‌ ئه‌فریقیا.
دامه‌زرێنه‌رانی‌ ویكیلیكس ناسراو نه‌بوون به‌فه‌رمی‌ تاوه‌كو له‌ یه‌نایه‌ری‌ 2007 جولیان ئسانج‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدابوون خۆی‌ ناساند وه‌كو ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌تی‌ ڕاوێژكاری‌ ویكیلیكس دواتر ڕاپۆرته‌ هه‌واڵیه‌كان له‌ئوسترالیاوه‌ باسیان له‌وه‌كرد كه‌جۆلیان ئسانجی‌ ئوسترالی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ ویكیلیكسه‌ هه‌روه‌كو یه‌كێك له‌خۆبه‌خشه‌كانی‌ ویكیلیكس به‌گۆڤاری‌ وایردی‌ ڕاگه‌یاندبوو كه‌جولیان ئسانج له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌ تایبه‌تیه‌كاندا وتوویه‌تی‌  كه‌ئه‌و دامه‌زرێنه‌رو سه‌رنووسه‌رو گیان‌و دڵ‌و وته‌بێژو فه‌یله‌سوف‌و پلان داڕێژه‌رو سپۆنسه‌رو ڕێكخه‌رو هه‌موو شتێكی‌ ویكیلیكسه‌,  هه‌روه‌ها پێگه‌كه‌یان تاوه‌كو یۆنیۆی‌ 2009 زیاتر له‌ 1200 خۆبه‌خشی‌ تۆماركراو و جۆلیان ئسانج‌و هه‌شت كه‌سی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ڕاوێژكاری‌ پێكهاتبوون.

ئامانج له‌دامه‌زراندنی‌ ویكیلیكس:
ویكیلیكس ڕایگه‌یاند كه‌ئه‌وان ئامانج‌و ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كیان ئابڕووبردنی‌ ڕژێمه‌ دكتاتۆرو زۆرداره‌كانه‌ له‌ئاسیاو بلۆكی‌ سۆسیالیستی‌ سۆڤیتی‌ جاران له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ئه‌وروپاو وڵاتانی‌ بیابانی‌ باشوورو ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست, بۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كرا كه‌ئه‌م پێگه‌و ڕێكخراوه‌ كۆمه‌ك‌و پشتیوانی‌ گه‌وره‌و گرنگی‌ لێبكرێت له‌لایه‌ن زۆر كه‌س‌و تاقمی‌ تره‌وه‌ بۆ ئابڕوبردنی‌ هه‌موو ئه‌و كۆمپانیاو حكومه‌تانه‌ی‌ كه‌ ڕه‌فتاری‌ نابه‌جێ‌‌و نه‌شیاوو دوور له‌ڕه‌وشت ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایكرد له‌یه‌نایری‌ 2007دا ببنه‌ خاوه‌نی‌ زیاتر له‌ 1.2 ملیۆن دۆكۆمینتی‌ دزه‌پێكراو و ئاماده‌ بۆ بڵاوكرنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ ویكیلیكس:
ویكیلیكس به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ڕێكخراوێكی‌ قازانج نه‌ویسته‌و پشت به‌كۆمه‌ك‌و یارمه‌تی‌ خه‌ڵك و ڕێكخراوه‌كان ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌  بانكه‌كان‌و حسابی‌ ئینترنێته‌وه‌ ده‌بێت هه‌روه‌كو دامه‌زراوه‌ی‌ واوی‌ هۆڵه‌ندی‌ ڕایگه‌یاند كه‌یه‌كێكه‌ له‌كه‌ناڵه‌ به‌ ێزه‌كانی‌ كۆمه‌كی‌ ویكیلیكس كه‌وا هه‌ر له‌ئۆكتۆبه‌ری‌ 2009 ه‌وه‌ تاوه‌كو دیسه‌مبه‌ری‌ 2010 زیاتر له‌ 900 هه‌زار ئۆرۆ ی‌ ئه‌وروپی‌ كۆمه‌كیان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 370 هه‌زاری‌ بۆ ویكیلیكس بوو هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ نه‌شاردۆته‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دۆكۆمینتێك یه‌ك شه‌پۆلی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌ك ده‌بارێته‌ سه‌ر  ویكیلیكس زۆرترینیان كاتێك بوو كه‌دۆكۆمینته‌كانی‌ دیبلۆماسی‌ نهێنی‌  ئه‌مریكا بڵاوكرایه‌وه‌.
ڕێكخستنی‌ كارگێڕی‌:
تیمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ویكیلیكس له‌ 2010 پێكهاتبوو له‌پێنج كه‌س كه‌به‌رده‌وام له‌ كاردابوون‌و نزیكه‌ 800 كه‌سی‌ تری‌ خۆبه‌خش به‌نیمچه‌ ده‌وام به‌بێ‌ وه‌رگرتنی‌ هیچ كۆمه‌ك‌و پاداشتێك, هه‌روه‌ها ویكیلیكس سه‌نته‌رو باره‌گای‌ فه‌رمی‌ نیه‌ خه‌رجی‌ ساڵانه‌ی‌ ویكیلیكس نزیكه‌ 200 هه‌زار ئۆرۆیه‌  ئه‌ویش بۆ خه‌رجی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئینته‌رنێت‌و بیرۆكراسی‌ كارگێڕیه‌  وه‌ ئه‌و خه‌رجیانه‌ ده‌گاته‌ 600 هه‌زار ئۆرۆیش  ئه‌گه‌ر مووچه‌ی‌ خۆبه‌خشه‌كان دابین بكرێت و پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ كرێ‌ ی‌ پارێزه‌ریش نادرێت هه‌مووی‌ خۆبه‌خشانه‌یه‌.

هه‌روه‌ها زۆر خه‌ڵات‌و كۆمه‌كی‌ تر پێشكه‌ش به‌ویكیلیكس كراوه‌ له‌لایه‌ن ئاژانشی‌ ئاسۆشیتدپریس‌و لوس ئه‌نجلس تایمزو  زۆر شوێنی‌ تریش.
باری‌ یاسایی‌ ویكیلیكس:
ویكیلیكس له‌بارێكی‌ یاسایی‌ زۆر ئاڵۆزدایه‌ جولیان ئسانج له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ئه‌وان ڕۆڵی‌ قه‌ڵغان ده‌بینن بۆ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌هه‌واڵ‌و سه‌رپێچیه‌كان ده‌دركێنن‌و له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان بخه‌نه‌به‌ر لێپرسینه‌وه‌و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مان له‌ویكیلیكس هه‌واڵه‌كه‌ بڵاوپه‌خش ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ په‌یامنێره‌كانیانه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی‌ وێب و ئیمێڵه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر هیچ چاودێریه‌كدا نیه‌ هه‌ووه‌ها ده‌ڵێت كه‌ باره‌گای‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ له‌ سویده‌ چونكه‌ یاساكانی‌ ئه‌و وڵاته‌ باشترین پارێزگاری‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ ده‌كه‌ن .

ئه‌گه‌ری‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ویكیلیكس:
وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ ئه‌مریكا دۆسییه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ویكیلیكس‌و دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی‌ جولیان ئسانج كرده‌وه‌ له‌دوای‌ دزه‌پێكردنی‌ هه‌واڵی‌ دیبلۆماسی‌ ئه‌و وڵاته‌.
 
 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ حكومه‌ت‌و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ئوسترالیاش نه‌یانتوانی‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن  كه‌ویكیلیكس یاسای‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ پێشێلكردووه‌.
له‌سویدیش دۆسییه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر جۆلیان ئسانج  وه‌كو ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ ویكیلیكس كرده‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌  ده‌ستدرێژی‌ سیكسی‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ به‌درۆخسته‌وه‌و وتی‌ ئه‌وه‌ به‌ئاره‌زووی‌ خۆیان بووه‌، زیاتر وتی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئامانجی‌ سیاسی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌و هه‌وڵێكه‌ بۆ له‌كه‌داركردنم هه‌رچه‌نده‌ دواتر به‌هۆی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ كاته‌وه‌ ئه‌و دۆسیه‌ خۆی‌ داده‌خرێت.
جولیان ئسانج داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ری‌ له‌وڵاتی‌ ئیكوادۆر كردووه‌ له‌ساڵی‌ 2012 ه‌وه‌ مافی‌ په‌نابه‌ری‌ وه‌رگرتووه‌و له‌باڵوێزخانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌له‌نده‌نی‌ پایته‌ختی‌ به‌ریتانیا.
 
 
به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ جولیان ئسانج له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ هه‌وادارانییه‌وه‌ به‌یه‌كێك له‌لێكۆڵه‌ره‌ تێكۆشه‌ره‌كان داده‌نرێت  كه‌ عه‌وداڵی‌   گه‌یشتنه‌  به‌ڕاستی‌‌و هه‌وڵی‌ ئابڕووبردنی‌ گه‌نده‌ڵكاران  ده‌دات به‌هه‌موو هێزو توانای‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ژیانی‌ خۆی‌ بۆ ته‌رخانكردووه‌ به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2012ه‌وه‌ له‌باڵوێزخانه‌ی‌ ئوكوادۆره‌ له‌به‌ریتانیا ناتوانێت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌, له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ نه‌یارانی‌ تۆمه‌تباری‌ ده‌كه‌ن به‌كه‌سێك كه‌حه‌زی‌ له‌خۆده‌رخستن‌و ناوبانگه‌و ژیانی‌ خه‌ڵكانی‌ تر ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.
له‌ڕێگه‌ی‌ په‌خشكردنی‌ ئه‌و هه‌موو هه‌واڵ‌و وێنانه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ جولیان ئه‌وه‌ی‌ ڕاگه‌یاندوو ئه‌و به‌خۆی‌ پێداگری‌ ده‌كات له‌ڕاستی‌‌و دروستی‌ هه‌واڵه‌كان ئینجا بلاَوده‌كرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئسانج به‌وه‌ ناسراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی‌ كه‌كاری‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن  زۆر دڵسۆزو چالاكه‌ گه‌لێك زیره‌كه‌و خاوه‌نی‌ توانایه‌كی‌ بێسنوره‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ شفره‌و به‌رنامه‌كانی‌ كۆمپیوته‌ر.
 
 
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ ئیتر له‌دوای‌ هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی‌ زانست‌و تكنلۆجیا له‌جیهانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ده‌یان ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌‌و سه‌ركوتكه‌رو سوپاوپۆلیسی‌ ئاشكراو نهێنی‌‌و چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌‌و كۆكوژ, بوونی‌ دادگاو دام‌و ده‌زگاكانی‌ نه‌زاهه‌و ده‌ستپاكی‌‌و په‌رله‌مان‌و چاودێری‌ دارایی‌‌و بازرگانی‌  ئیتر هیچ حكومه‌ت‌و حزب‌و كۆمپانیایه‌كیش ناتوانن یاری‌ به‌موقه‌ده‌راتی‌ میلله‌تان بكه‌ن‌و به‌ڵكو زوو یان دره‌نگ په‌رده‌ له‌ڕووی‌ هه‌موو ڕاستیه‌كان هه‌ڵده‌ماڵرێن‌و پێشبینی‌ ده‌كه‌م له‌داهاتوودا نه‌ك ویكیلیكسێك به‌ڵكو سه‌دانی‌ تر سه‌رهه‌ڵبده‌ن‌و ئاینده‌ی‌ زۆر وڵات‌و حزب‌و كۆمپانیا دیاری‌ بكه‌ن.





ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM