له‌ڕوسیا، ئه‌ردۆغان به‌دوای‌ چیدا وێڵه‌؟

بورهان شێخ ره‌ئوف

ئه‌گه‌رچی‌ پێش كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ 15 ته‌موزی‌ ڕابردوو له‌توركیا ئه‌ردۆگان ده‌ستی‌ به‌زنجیره‌یه‌ك به‌خۆداچوونه‌وه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌و سیاسه‌تانه‌ی‌ ڕابردووی‌ كردبوو به‌وه‌ی‌ داوای‌ لێبووردنی‌ له‌ڕوسیا كرد له‌به‌رامبه‌ر خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ سیخۆی‌ (24)ه‌كه‌ی‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیش هه‌مان هه‌نگاوی نا.

ئێستاش له‌دوای‌ كوده‌تاكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێراتر وه‌خۆ كه‌وتووه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ده‌ستگیركردنی‌ هه‌زاران كه‌س له‌ چین‌و تۆێژه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ وه‌ده‌رنانی‌ هه‌زاران كه‌س له‌سه‌ركار له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ توركیادا كه‌پێناچێت ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ به‌شداری‌ كوده‌تاكه‌یان كردبێت.

به‌ڵی‌ دوای‌ هه‌موو ئه‌و كردارانه‌ی‌ ئه‌ردۆغان له‌دوای‌ كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌  كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ڕه‌خنه‌و گله‌یی‌‌و گازنده‌ی‌ زۆری‌ ئه‌وروپیه‌كان‌و ئه‌مریكیه‌كان كه‌ به‌سه‌ركوتگه‌رو پێشێلكه‌ری‌ مافی‌ مرۆڤ  وه‌سفیانكردو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌ن كه‌ده‌رگاكانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپای‌ به‌ڕوودا دابخه‌ن كه‌ساڵانێكی‌ درێژه‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان توركیا ببێته‌ ئه‌ندام له‌و یه‌كێتیه‌دا هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ واژۆكراو ده‌رباره‌ی‌ په‌نابه‌ران.

هه‌موو ئه‌وانه‌ سوڵتان ئه‌ردۆغانیان زۆر نیگه‌ران كردووه‌ كه‌هه‌موو ده‌رگاكانیان به‌ڕوودا كڵۆمداوه‌ ئاماده‌نین پێشوازی‌ لێبكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت دوای‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ هیچ سه‌رۆكێكی‌ ڕۆژئاوایی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیشی‌ له‌ته‌كدا ئه‌نجامنه‌داوه‌ وه‌كو سه‌رچاوه‌كان باسی‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌ردۆغان به‌په‌له‌ خۆی‌ كردا به‌ڕوسیادا به‌فلادیمیر پۆتینی‌ ده‌گوت براده‌ر هه‌ر چوار خوله‌ك جارێك له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ درێژه‌ی‌ له‌ته‌ك ئاژانسی‌ تاسی‌ ڕوسی‌ كردی.

ئه‌ردۆغان‌و پوتین له‌سه‌رچی‌ ڕێككه‌وتن؟
له‌و كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌ی‌ نێوانیاندا كه‌زیاتر له‌دوو سه‌عاتی‌ خایاند  كه‌ له‌ئاكامی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ خێرایانه‌ی‌ ده‌نرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌بواری‌ ئابوری‌‌و سیاسی‌‌و سه‌ربازی پێده‌چێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر قه‌یرانی‌ سوریاو  هاوپه‌یمانی‌ تر له‌ناوچه‌كانی‌ ترو به‌تایبه‌تی‌ قه‌وقاز.

به‌ڵام گرنگترین دووخاڵ كه‌دزه‌ی‌ كردووه‌ بۆ ڕۆژنامه‌كان تائێستا له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتوون ئه‌مانه‌ن:-
1. ڕوسیا خوازیاری‌ ئه‌وه‌بوون له‌سوڵتان كڵۆمدانی‌ سنووره‌كانی‌ سوریاو توركیا له‌هه‌موو كۆمه‌ك‌و پشتیوانیه‌كانی‌ ماڵی‌‌و سه‌ربازی‌ بۆ هه‌موو تاقم‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌سوریاو هه‌وڵنه‌دان‌و هه‌نگاونه‌نان بۆ گۆڕینی‌ ڕژێمی‌ حوكم له‌سوریا، هه‌روه‌ها وه‌ده‌رنانی‌ هه‌موو شۆڕشگێڕانی‌ شیشانی‌‌و قه‌وقازی‌ له‌توركیا.

2. له‌به‌رامبه‌ریشدا سوڵتان خوازیاره‌ له‌مۆسكۆ كه‌ به‌ڵێنێكی‌ فه‌رمی‌ بداتێ‌ كه‌هیچ كۆمه‌ك‌و پشتیوانی‌‌و ئاسانكاریه‌ك نه‌كات بۆ دامه‌زراندنی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ كوردی‌ به‌درێژایی‌ سنووری‌ سوریاو عێراق‌و له‌باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ توركیاش. لابردنی‌ هه‌موو سزا ئابوری‌ كۆت‌و به‌نده‌كانی‌ به‌رده‌می‌‌و په‌له‌كردن له‌ڕاكێشانی‌ هێڵی‌ غازی‌ سیلی‌ توركی‌.

هه‌رچه‌نده‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م خالاَنه‌ له‌وه‌ناچێت وا ئاسان بێت، به‌ڵام لێدوانه‌كانی‌ بن عه‌لی‌ یڵدرمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا كه‌ وتی‌ سوریاو وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ پێشكه‌وتنی‌ جوان به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن‌و هه‌روه‌ها داخوازی‌ مه‌ولود چاویش ئۆغلو وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا له‌ڕوسیا كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌ش دژ به‌داعش ئه‌نجامبده‌ن، هه‌روه‌ها لێدوانه‌كانی‌ ئه‌ردۆغان بۆ ئاژانسی‌ تاسی‌ ڕوسی‌ كه‌وتی‌ نامه‌وێت سوریا له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا وتی‌ به‌ڵام له‌سایه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌دا ئه‌سته‌مه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رادانیكردنی‌ شاندێكی‌ توركی‌ كه‌ له‌سێ‌ لایه‌ن پێكدێت له‌سوپاو هه‌واڵگری‌‌و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ مۆسكۆ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌ته‌ك هاوتا ڕوسیه‌كانیان بۆ باسكردنی‌ دۆخی‌ سوریا.

وادیاره‌ ئه‌ردۆغان خۆی‌ یه‌كلایی‌ كردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی‌ ڕوسیاو هاوپه‌یمانه‌كانێتی‌ بۆ قه‌یرانی‌ سوریا كه‌ له‌ناوبردنی‌ تیرۆره‌ به‌یه‌كجاره‌كی‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن تاقمه‌ تیرۆریسته‌كانه‌وه‌ وا به‌ئاسانی‌ تێپه‌ڕنابێت كه‌ گه‌لێك خانه‌ی‌ نووستویان له‌توركیا هه‌یه‌و ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ئه‌سته‌مبوڵ‌و ئه‌نقه‌ره‌ شاهیدن.

ماوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ ڕژێمی‌ ئه‌سه‌د تائێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بووه‌ پێده‌چێت له‌كه‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ مۆسكۆوه‌ ئاگاداربكرێنه‌وه‌و ڕای‌ خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ جارێ‌ زووه‌ هیچ شتێك بڵێم له‌سه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ گرنگه‌ی‌ نێوان قه‌یسه‌رو سوڵتان، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ زۆر هاوكێشه‌و هاوپه‌یمانێتی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردابێت.


ئه‌م بابه‌ته 1142 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM