یه‌که‌م نمایشکاری ئه‌مریکا بناسە

خەندان لایف-

ئۆدری مه‌نسۆن، ئه‌کته‌ر و نمایشکاری ئه‌مریکی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌، به‌هۆیی جوانیه‌که‌شیه‌وه‌ نازناوی ڤینۆسی ئه‌مریکای پێ دراوه‌ و زیاتر له‌ 12 په‌یکه‌ری ئه‌و له‌ شاری نیویۆرک دانراوه‌، ناوبانگی له‌هه‌موو شوێنێکدا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و لەکاتی خۆیدا ده‌بێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی هونه‌ری ئه‌مریکا.

ئه‌و له‌ 1891 له‌ نیویۆرک له‌ دایکبووه‌ و مێژووی کارکردنیشی بۆ ساڵی 1909 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کاتێک وه‌ک ئه‌کته‌ر به‌شداری له‌ شانۆی ((The Boy and The Girl کردووه‌، ئۆدری باوه‌ڕی به‌ دابونه‌ریتی ئه‌وسای کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌بووه‌ و بۆیه‌ ئه‌و ده‌بێته‌ یه‌که‌م نمایشکاری ئه‌مریکی و بێگوێدانه‌ ڕه‌خنه‌کان له‌ کاره‌ هونه‌ریه‌کانی به‌بێ جلوبه‌رگ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌مه‌ش هۆکارێک بوو تا په‌یکه‌رتاش و ده‌رهێنه‌ره‌کان به‌رده‌وام به‌دواییدا بن و داوای لێ بکه‌ن به‌شداری به‌رهه‌مه‌کانیان بکات.

جگه‌له‌مه‌ش جوانی و متمانه‌ به‌ خۆکردنه‌که‌ی وای لێکردبوو ببێته‌ که‌سایه‌تییەکی دیاری سه‌رده‌می خۆی، به‌ڵام زۆر جاریش له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌وریان دابوو تووشی گرفت هاتووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ کۆتایی ساڵی 1919، ئه‌و پیاوه‌ی ئۆدری خۆشویستووه‌ و خێزاندار بووه‌، ژنه‌که‌شی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ کوشتووه‌ تا بتوانێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بکات، بۆیه‌ ئۆدری له‌لایهن‌ پۆلیسه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، دواتریش پیاوه‌که‌ به‌ر له‌ سێداره‌دانی خۆشی ده‌کوژێت.

دوای هه‌ژاربوونیشی دایکی به‌ ناچاری قاپ و قاچاغی فرۆشتووه‌ و له‌ 1921 بۆ به‌شداریکردنی له‌ فیڵمی Heedless Moths که‌ له‌سه‌ر ژیانی خۆیی بووه‌، به‌ڵێنی 27,500 دۆلاری پێ ده‌درێت، به‌ڵام دواتر بریکاری به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌که‌ په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و پاره‌که‌ی ناداتێ.

ژیانی ئه‌کته‌ره‌که‌ پڕ له‌ کێشه‌ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ بووه‌ و جارێکیش هه‌وڵی خۆکوشتنی داوه‌. له‌و ڕۆژه‌ی ته‌مه‌نی بۆته‌ چڵ ساڵی باری ده‌روونی ته‌واو نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر داوای دایکی ‌ دادوه‌ری دادگای ناوچه‌ی ئۆسیگۆ بڕیاری ناردنی ئۆدری ده‌دات بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی و تا له‌وێ چاره‌سه‌ری بۆ بکرێت.

پاشان ئۆدری 65 ساڵی ته‌مه‌نی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌سه‌رده‌بات و ته‌نها یه‌کجار خزمێکی نزیکی سه‌ردانی ده‌کات و له‌ 1996 گیانله‌ده‌ستده‌دات، خێزانه‌که‌ی نه‌یانهێشتووه‌ گۆڕه‌که‌ی کێلی بۆ دابنرێت، چونکه‌ ده‌یانه‌وێت ناوی ئۆدری مه‌نسۆن له‌نێو خێزانه‌کایاندا ڕه‌ش بێته‌وه‌.

ورده‌ ورده‌ خۆری ئۆدری مانسۆن ئاوابوو، خه‌ڵکیش ناوه‌که‌ی له‌بیرکرد، به‌ڵام بۆ هه‌ر شوێنێکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بچیت ئه‌وا په‌یکه‌رێکی ئه‌و ده‌بینرێت، هێشتا وه‌ک سیمبوڵی جوانی وڵاته‌که‌ی ماوه‌ته‌وه‌.
























ئه‌م بابه‌ته 21708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو