لە ساڵیادی مردنەکەیدا.. هەموو شتێک لەسەر بروس لی

خەندان لایف –

بروس لیی لە ٢٧-١١-١٩٤٠ لە شاری سان فرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا لە دایکبووە، لە ٢٠-٧-١٩٧٣ و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

باوکی بروس لی گۆرانیبێژی ئۆپێرا بووە لە شاری هۆنگ کۆنگ، خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٣٢ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچیان کرد.


بروس لی لەلایەن پەرستاری نەخۆشانەیەکەوە ناوی لێنراوە، یەکەم دەرکەوتنی بروس لە فلیمەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی ٣ مانگی لە ساڵی ١٩٤١ وەک منداڵێکی ناو فلیمەکە.


لە دوای تەواوکردنی ئامادەیی، دەستیکرد بە خوێندنی فەلسەفە لە زانکۆی واشینتۆن، لەو ماوەیەدا بروس وەک مامۆستایەک وانەی هونەری بەرگری بە کۆمەڵێک خوێندکار دەوتەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٦٤ ژیانی هاوسەری لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارەکانی خۆی بە ناوی لیندا ئیمێری پێکهێنا، لە ساڵی ١٩٦٥ یەکەم منداڵی خۆی بوو بە ناوی براندۆن، دواتر لە ساڵی ١٩٦٩ منداڵێکی تری بوو بە ناوی شانۆن.


مردنێکی گوماناویی:

لە ٢٠-٧-١٩٧٣، یەک مانگ پێش ئەوەی کۆتا فلیمی بە ناوی (Enter the Dragon) نمایش بکرێت، بروس لی لە شاری هۆنگ کۆنگی وڵاتی چین بەشێوەیەکی گوماناویی دەمرێت.

بروسلی و جاکیشان


لەو کاتەدا دەزگا رەسمییەکانی چین هۆکاری مردنەکەیان گەڕاندەوە بۆ کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو لەناو مێشكیدا، بەهۆی خواردنی دەرمانێکی دژە ئازار کە بروس ئەو دەرمانەی لەبەر برینداربوونی پشتی دەخوارد.


هەر لەسەرەتای مردنەکەیەوە زۆر کەس گومانیان لە راپۆرتە پزیشکییەکان کرد و پێیانوابوو کە بروس لی کوژراوە.

گومانەکان لەبارەی مردنی بروس لی جارێكی تر سەیریانهەڵدایەوە کاتێک کوڕەکەی بروس بە ناوی براندۆن لی لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا و لەکاتی وێنەگرتنی فلیمێکدا بەشێوەیەکی گوماناویی تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.


تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە هۆکاری سەرەکی مردنی بروس و کوڕەکەی بە تەواوەتی چی بوو، ئەگەر کوژراون کێ سوود لە کوشتنیان دەبینێت؟

رۆڵی بروس لی لە سینەمادا

لە دوای مردنەکەی، دوایین فلیمی بروس لی نمایشکرا و نمایشکردنی ئەم فلیمە کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوەوە و لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

بەرهەمهێنانی فلیمەکە تەنها یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێچووبوو لەکاتێکدا توانی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتەکەی بێت.

شارەزایانی بواری سینەما بروس بە یەکێک لە ئەکتەرە هەرە سەرکەوتووەکان دادەنێن و پێیانوایە بروس لی توانی داهێنان بکات لە رەوتی فلیمی ئەکشندا.

لە پاڵ بواری سینەمادا، بروس لی شارەزاییەکی فراوانی هەبوو لە هونەرە جیاوازەکانی بەرگری و لەم بوارەدا خاوەنی چەندین داهێنان و شێوازی بەرگری تایبەت بە خۆیەتی کە ناسراوە بە (جیت کۆن دو).





س.م


ئه‌م بابه‌ته 19452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو