واحید هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت

خەندان لایف-

هونەرمەندی گۆرانیبێژ واحید عەلی نەژاد رایدەگەیەنێت کە ژیانی لە مەترسیدایە و دەیانەوێت مافی ژیانی لێبسێنن و هەڕەشەی تێزاب پێداکردنی لێدەکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی ئەو کەسانە کێن هەڕەشەی لێدەکەن؟، واحید بۆ خەندان دەڵێت "من ئەو کەسانە ناناسم بەباشی، من لەسەرەتاوە هەڕەشەم لێدەکرا، بەڵام زۆر بە ئاسایی وەرمدەگرت، تا لەم ماوەیەدا لەدەرەوە بینیم ئۆتۆمبێلێک بەتوندی بەرەو رووم هات و ویستی خۆیم پێدا بدات، منیش زۆر سەرم سوڕمابوو کە دەبێت کێ بێت ئەو کارە بکات، چونکە من کێشەم لەگەڵ کەسدا نییە، بەڵام دووبارە گەڕایەوە و بەهەمان شێوە و وتی ئەگەر ڕۆژێکمان مابێت بۆ تۆمان ماوە"،بەداخەوە بیرم لای گرتنی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە نەبوو.

چەندینجار لە فەیسبوک و نامەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە، ئێستا چوونە دەرەوە بۆ من زۆە ئاستەم بووە، بەبێ هۆ هەڕەشەی پێداکردنی تێزاب و کوشتنم لێدەکرێت، بەچ حەق و مافێک خۆ من ماڵی کەسم نەخواردووە، مافی ژیانیان لەمن گرتووە، بەهەر شێوەیەک بێت هەوڵ دەدەن من بەدڵی ئەوان بم، بەڕاستی من ناتوانم بەدڵی هەموو کەس بم و هەموو کەسیش بەدڵی من نییە، بەڵام تائێستا سوکایەتیم بە هیچ تاکێکی کورد نەکردووە هەموویان ڕۆڵە و نەتەوەی وڵاتەکەمن، بەڵام هەڵوێستی کۆمەڵە کەسانێک زۆر خراپە بەرامبەر من لەگەڵ ڕێزم بۆ کەسە باشەکان، چونکە هەموویان بەو شێوەیە نین کە دژایەتیم بکەن.

واحید لە وەڵامیدا بۆ ئەو کەسانی هەڕەشەی لێدەکەن دەڵێت "هەر بەردەوامم لەسەر کارە هونەریەکانم و هەوڵی باشتر و جوانترکردنیان دەدەم، ئەگەر ئەو کەسانە بە کوشتنی من دڵیان ئارامە بێ یەک و دوو با بە ویژدانێکی ئاسوودەوە بمکوژن زۆر ئاساییە، بەڵام من زیانم بۆ کەس نییە، ئایا تائێستا ماڵی کەسم خواردووە و سوکایەتیم بەکەسێک کردووە؟

بۆ ناچن داوای ماف لەو کەسانە بکەن کە مافیان دەخۆن، بەهەر شێوەیەک بم جوان یان ناشرین دروستکراوی خودام شانازی بە خۆمەوە دەکەم و هەردەم سوپاسی خودا دەکەم.



واحید تائێستا سکاڵای لەسەر کەس تۆمار نەکردووە، لەکاتێکدا وەک خۆی دەڵێت زۆر کەس بە ئاشکرا سووکایەتیان پێکردووە، بەڵام لای هیچ گرنگ نەبووە و ڕایدەگەیەنێت کە نامەی هەڕەشەکانی زۆر زۆرن و نزیکەی 1400 نامە هێشتا بەشێکی نەخوێندووەتەوە کە لەلایەن ئەدمینەکانی پەیجەکەیەوە بینراون.

واحید دەڵێت بەخودا ئەوەی بە من کراوە لەناو کوردا بە کەس نەکراوە سوکایەتی و بێ ڕێزی و هەڕەشە، خۆتان بەردەوام دەیبینن، بەڵام هەردەم ڕێزم لە هەمووان گرتووە و بێ ڕێزیم بە نەتەوە و وڵاتی خۆم نەکردووە.

واحید عەلی نەژاد، ساڵی 1990 لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، لە تەمەنی 15 ساڵیەوەو دەستی بەكاری هونەری كردووە و تائێستاش پێنج كلیپی بڵاوكردووەتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا لە لێدوانێکیدا بۆ خەندان ڕایگەیاند کە "ستایلێكی نوێی هێناوەتە ناو میوزیك و هونەری كوردییەوە، دەشڵێت "خۆم پێجوانە‌و شانازیش بەخۆمەوە دەكەم".




س.م


ئه‌م بابه‌ته 19978 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو