جۆرە جیاوازەکانی سەرئێشە چی لەبارەی تەندروستیتەوە دەڵێت؟

خەندان لایف –

هەموو کەسێک لە ژیانیدا تووشی سەرئێشە دەبێت، بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سەرئێشە بەشێوەیەکی سروشتی دەتوانیت پەنا ببەیتە بەر خواردنی مۆز و خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو.

سەرئێشە چەندین جۆری جیاوازی هەیە و هەریەکەشیان هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە بۆ تووشبوونی.

دکتۆر سەکیب کە پزیشکی نەخۆشییەکانی مێشکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک جۆری سەرئێشە ئاساییە، بەڵام هەندێکی تریان نیشانەن بۆ هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار.

ئەمانەی خوارەوە چوار جۆری بەربڵاوی سەرئێشەن و هەریەکەیان پەیامێکمان پێدەڵێن لەبارەی تەندروستی جەستەمان.

١- سەرئێشەی جیوب

لەکاتی هەڵئاوسانی یەکێك لە جیوبەکانی سەردا، رەنگە تووشی سەرئیشەیەکی پڕ ئازار بیت. ئەم ئازارە بەهۆی هەوکردنەوە روودەدات و رەنگە ببێتەهۆی فشار خستنە سەر روومەت، چاو و ناوچەوان لەگەڵ تا.

٢- سەرئێشەی گرژیی

ئەمە دیارترین جۆری سەرئێشەیە و زیاتر بەهۆی هەبوونی فشار یان ئازارەوە دروست دەبێت لە دەوروبەری سەر، پشتی سەر و مل.

هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم جۆرە لە سەرئێشە دەگەڕێتەوە بۆ فشار و ماندووبوون کە دەبێتەهۆی گرژبوونی ماسولکەکانی مل و سەر.

٣- سەرئێشەی هێشوویی

ئەم ئازارە رەنگە لەسەر یەکێک لە چاوەکان دروست ببێت و بەزۆری لە ئافرەتاندا دەردەکەوێت، ئەم ئازارە هەندێکجار نامێنێت و پاش ماوەیەک دووبارە دروستدەبێتەوە. رەنگە ئاو لەناو لوت و چاودا کۆببێتەوە. تائێستا بە تەواوی هۆکاری تووشبوون بەم سەرئێشەیە نەزانراوە.

٤- شەقیقە

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (Dailyhealthgen) ئەم سەرئێشەیە زیاتر لەنێوان تەمەنی ٢٥-٥٥ ساڵیدا دەردەکەوێت. تەنها لە وڵاتی ئەمریکا ٣٨ ملیۆن کەس بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن.

ئەم جۆرە لە سەرئێشە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری زۆر ئاڵۆزتر لە جۆرەکانی تر روودەدات. ئەم سەرئێشەیە بەوە جیا دەبێتەوە کە زۆربەی جارە تەنها یەک لای سەر دەگرێتەوە.

هەندێکجار ئەم جۆرەی سەر ئێشە دەبێتەهۆی دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە، کەمخەوی، تێکچوونی بینایی، هەستەوەری بەرامبەر رووناکی، سڕبوون لە دەموچاودا.



ئه‌م بابه‌ته 27893 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو