١١ نیشانەی نەخۆشی شێرپەنجە کە زۆربەی خەڵکی پشتگوێی دەخەن

خەندان لایف –

چەند نیشانەیەکی گشتی هەن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە کە بە داخەوە زۆربەی خەڵکی پشتگویی دەخەن هەتا ئەو کاتەی کات درەنگ دەبێت.

نەخۆشی شێرپەنجە نەخۆشییەکی کوشندەیە، بەڵام گەر لە قۆناغەکانی سەرەتادا پێی بزانرێت ئەوا دەتوانرێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت و چارەسەر بکرێت. 

مەرج نییە دەرکەوتنی ئەم نیشانانە لە کەسێکدا هەموو کات نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام لە پێناو پاراستنی تەندرووستی هاوڵاتیان پزیشکەکان ئامۆژگاریمان دەکەن کە لە کاتی دەرکەوتنی یەکێک لەم نیشانانە سەردانی پزیشك بکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست و رێگری کردن لە حاڵەتی نەخوازراو. 

١- گۆڕانکاری لە دەردراوەکانی لەش

رشانەوەی زۆر، قەبز بوون، یاخود گۆڕانکاری لە شێوە و رەنگی پیسایی، زۆر بوونی میز و زۆر سەردانکردنی تەوالێت رەنگە نیشانەیەک بن بۆ هەبوونی شێرپەنجە لە بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەرس.

٢- ئازار

بوونی ئازار دەکرێت هەندێک جار نیشانە بێت بۆ چەند جۆرێکی نەخۆشی شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی ناو دەم، شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ و هتد...

٣- خوێنبەربوون

هەندێک جۆری دیاریکراوی شێرپەنجە دەبنە هۆی خوێنبەربوون. دەکرێت کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە خوێن لە پیسایەکەیدا یان لە میزەکەیدا هەبێت. دەکرێت لە کاتی کۆکینیشدا خوێن بێتە دەرەوە.

٤- گرێ یان ئەستووری

درووستبوونی گرێیەکی نوێ یان گرێیەکی کۆن کە قەبارەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە پێویستی بە سەردان کردنی پزیشک هەیە دەستبەجێ.

٥- هەرسنەبوونی خۆراک

هەرسنەبوونی خۆراك چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە و تەنیا پەیوەست نییە بە شێرپەنجەوە. هەندێک جار دەکرێت هەرسنەبوونی خۆراک پەیوەندی بە هەبوونی شێرپەنجەوە هەبێت لە بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەرسدا. قوتدانی خواردن بە قورسی یان ئازاری بەردەوامی گەدە دەکرێت هەندێک جار زەنگێکی مەترسیدار بێت.

٦- گۆڕانکاری لە خاڵ و پەڵەکانی پێست

گۆڕانی قەبارە، رەنگ یان شێوەی خاڵ و پەڵەکانی سەر پێست دەکرێت نیشانەیەک بن بۆ شێرپەنجەی پێست.

٧- گەشەی قژ بە شێوەیەکی ناسرووشتی

گۆڕانکاری لە ئاستی ئاسایی گەشەی قژ مەرج نییە هەموو کات بە تەنها پەیوەندی هەبێت بە شێرپەنجەی پێستەوە، بەڵکو دەکرێت هەندێک کات پەیوەندی هەبێت بە هەندێک شتی ترەوە. بەڵام گەر هەستت بە شتێکی گوماناوی کرد لە گەشەی قژتدا، سەردانی پزیشک بکە.

٨- تا

بوونی تا هەندێک جار پەیوەندی هەیە بە درووستبوونی شێرپەنجەی خوێن. دەکرێت تا نیشانەیەک بێت بۆ بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە ئەندامەکانی جەستەدا.

٩- کەمبوونەوەی کێش

کەمبوونەوەی کێشی لەش بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەبێ هیچ هۆکارێکی زانراو، پێویستی بە سەردانکردنی پزیشک هەیە. بە پێی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی زۆربەی نەخۆشەکانی شێرپەنجە تووشی کەمبوونەوەی کێشی لەشیان دەبن.

١٠- کۆکین

کۆکین بۆ ماوەیەکی زۆر یان برینداربوونی قوڕگ رەنگە هۆکارەکەی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسە بێت یان قوڕگ بێت.

١١- شەکەتی

شەکەتی دەکرێت بەهۆی کارکردنی سیستەمی بەرگری جەستەوە رووبدات لە دژی خانە شێرپەنجەییەکان.


ئه‌م بابه‌ته 61599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو