پزیشکەکان داوا دەکەن دایکان و باوکان ددانی کەوتووی منداڵەکانیان فڕێ نەدەن

خەندان لایف –

دکتۆر سۆنگتاو شی لە ئینستیتیوتی نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ددان و دەموچاو رایگەیاند لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە ددانی منداڵ رێژەیەکی یەکجار زۆر لە خانەی دایک (Stem Cell)ی لە خۆگرتووە کە دەکرێت دواتر لە کاتی گەورەبوونی منداڵەکەدا بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی.

توێژەران و شارەزایان ئاماژە بە سوودەکانی خانەی دایک دەکەن بۆ دڵ، میشک، پەنکریاس و ئەندامەکانی تری جەستە کە بەهۆی نەخۆشییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

خانەی دایک بەو خانانە دەوترێت کە هێشتا هێچ فەرمانێکیان لە جەستەدا وەرنەگرتووە ودەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ چەندین جۆری خانەی جیاواز کە فەرمانێکیان لە خۆگرتووە لە جەستەدا.

تیمەکەی دکتۆر شی بۆیان دەرکەوتووە ددانی کەسێکی گەورە تەنها یەک جۆر خانەی دایکی تێدایە، بەڵام ددانی منداڵان چەندین جۆری جیاوازی لە خۆگرتووە.

خانەی دایک لە رەگی ددانەکانی منداڵدا بوونی هەیە و دواتر لەگەڵ گەورەبووندا فەرمانی خۆیان وەردەگرن و دەبن بە خانەی دەماری، ئێسک و کڕکڕاگە.

بە ووتەی زانایان ئەم خانانە دەکرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ چارەسەرکردنی جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرە، چونکە کاتێک ئەو خانانە لە ددانی منداڵەوە وەردەگیرێن، دەکرێت دواتر بیانگۆڕن بۆ خانەی پەنکریاسیی و بخرێنە ناو پەنکریاسەوە بۆ دروستکردنی هۆرمۆنی ئینسولین.

ئەو خانە دایکییانەی لە ددانی منداڵانەوە وەردەگیرێن پێویستە تا گەورەبوونی کەسەکە بە زیندوویی بهێڵدرێنەوە لە رێگەی دابین کردنی خوێن بە بەردەوامی لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە.

دکتۆر پیتەر مورەی کە بەرپرسی تاقیگەیەکی درووستکردنی ددانە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو کەسێک دەتوانێت دووبارە ددانەکانی خۆی لەو خانە دایکییانەوە درووستبکاتەوە کە لە کاتی منداڵییەوە بۆی هەڵگیراوە.

لە ئێستادا چەندین خزمەتگوزاریی و کۆمپانیا بوونیان هەیە کە هاوشێوەی بانکێک هەڵدەستن بە هەڵگرتنی ددانی منداڵ بە شێوەیەکی تەندرووست تا کاتی گەورەبوونی کەسەکە. هەندێک لەو کۆمپانیایانە خۆیان ئامێری تایبەت دابین دەکەن بۆ دایک و باوکی منداڵەکە تا خۆیان ددانی منداڵەکەیان هەڵبگرن بۆ کاتی پێویست.



ئه‌م بابه‌ته 22208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو