پێکەنین باشترین دەرمانە

خەندان لایف-

پێکەنین یەکێکە لەو پەرچەکردارانەی بێ ویستی خۆمان دروستدەبێت لەکاتی بیستنی هەواڵێک یان قسەیەکی خۆشدا، بەڵام ئەو پێکەنینەی دەسکردیە پێی ناوترێت پێکەنین، چونکە لەڕۆحەوە یاخود لەناخەوە دروست نابێت و سوودێکی ئەوتۆی نییە.

پێکەنین تەنها کردارێک نیە لە دەمەوە دەربڕدرێت، بەڵکو سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە وەک دەوترێت "پێکەنین باشترین دەرمانە".

پەستانی دەروونی و بوونی گرفت چەندین کاریگەری سلبی لەسەر لەش دروستدەکات و مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ زیاد دەکات، بەڵام پێکەنین دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو پەستانە دەروونیە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر کەسە پێگەشتووەکانی سەروو تەمەنی 18 ساڵ ئەنجامدراون، پێکەنین  هۆکارێکە بۆ باشترکردنی کارو چالاکیەکانی بیروهۆش و توانای فێربوون، بەتایبەتی یادگای مێشک کە جێگایەکە بۆ هەڵگرتنی بیرەوەری و یادگاریەکان.

پێکەنینێک لە ناخەوە بێت و بەهێز بێت و ماندووت بکات هۆکارێکە بۆ کالۆری سوتاندن، ئەگەر هەوڵدەدەیت یاخود ئارەزووی ئەوەدەکەیت، کە هەمیشە بە تەندروستی ژیانت بەڕێ بکەیت، هەوڵبدە پێکەنین بکەرە هاوڕێی ژیانت.

پێکەنین واتلێدەکات کە هەستێکی باشترت هەبێت و دڵخۆش بیت و متمانەت بەخۆت بێت، ئەو کەسانەی کە بە دەست نەخۆشیە دەرونییەکانی وەک خەمۆکیەوە دەناڵێنن پێکەنین دەتوانێت یارمەتیان بدات.

 پێکەنین دەتوانێت توانای تاکە کەس زیاد بکات، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ئازار دەچێژن ئەگەر نەخۆشی خراپ یان تەنانەت نەخۆشی درێژخایەنیشیان هەبێت، پێکەنین دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکەیان بدات.

ئەگەر دەتەوێت بەگشتی شێوازی ژیانت باشتر بکەیت، سەیری فیلمی پێکەنیناوی بکە یان نوکتە و قسەی خۆش بکە، بەڕاستی پێکەنین ڕێڕەوی ژیانت باشتر دەکات.


 



ئه‌م بابه‌ته 3660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

زۆرترین خوێندراو