ژياننامەی ستێڤن جێرارد

تايبەت بە خەندان سپۆڕت - سەربەست نەجمەدين

ژيانی کەسیی جێرارد:

ستێڤن جيرۆج جێرارد، لە رێکەوتی ٣٠ / ٥ / ١٩٨٠ لە ويستۆنی شاری ليڤەرپوڵ لە دايک بووەو بەيەکێک لە کاپتنە بەهێزەکانی مێژووی تۆپی پێ داندەدرێت.

جێرارد لەسەر مەزهەبی کاسۆليکييە و لە ١٦ / ٦ / ٢٠٠٧ ژيانی هاوسەرێتی پێکهێناوە لەگەڵ ئەلێکس کوران کە ئەميش هەمان ئايديای جێراردی هەبووەو خاوەنی سێ کچە لە هاوسەرەکەی، هەروەها خاوەنی يەک برا و سێ خوشکە، براکەی ناوی پۆڵ جێراردە و ئەميش گۆڵپارێزی ئيڤەرتۆن بووە بۆ ماوەی شەش وەرز، سێ خوشکەکەشی ناويان (ئيلا ، لێکسێ ، لۆوردێس)ە.

لە تەمەنێکی منداڵييەوە پەيوەندی بە تيمی ويڵستۆن جونيۆرزی شارەکەيەوە دەکات و سەرەتای ياریی کردنی لەو يانە ميللييەدا تێدەپەڕێنێت.

دوای گەورەبوون و رۆيشتنی نۆ ساڵ بەسەر تەمەنی ـدا لەلايەن قوتابخانەی ليڤەرپوڵەوە وەردەگيرێت دوای دەرچوونی لە تاقيکردنەوەکانی، بەڵام هەر بەزووی بەئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت لەماوەی ١١ ساڵ مانەوەی ـدا لەو قوتابخانەيە بەتەواوەتی گەشەدەکات و داهاتوويەکی پرشنگدار چاوەڕێی دەکات.

سەرەتای ياریی کردنی لە تيمی يەکەمی ليڤەرپوڵ:

لە پێش دەستپێکردنی وەرزی ١٩٩٨ - ١٩٩٩، راهێنەری ئەو کاتەی ليڤەرپوڵ ناوی جێرارد دەخاتە ليستی پێکهاتەکەيەوە ئەمەش دەبێتە خۆشترين کاتەکانی ئەو ياريزانە، دوا تێپەڕبوونی چەند مانگێک و لە رێکەوتی ٢٩ / ١١ / ١٩٩٨ لە ياریی ليڤەرپوڵ و بلاکبێرن لەکۆتا خولەکەکان جێرارد دەچێتە ناو ياريگاوەو بۆ يەکەمين جار لە خولی نايابی ئينگلتەرا و ليڤەرپوڵ دەبيندرێت.

سەرەتای ياریی کردنی لە تيمی يەکەمی هەڵبژاردەی ئينگلتەرا:

دوای ئەوەی بۆ ماوەی يەک ساڵ لە تيمی خوار تەمەن ٢١ ساڵی ئينگلتەرا دابوو، بەڵام لەلايەن راهێنەری ئەو کاتەی تيمی يەکەمی ئينگلتەراوە، جێرارد بۆ يۆرۆی ٢٠٠٠ بانگهێشتکرا بەڵام لەو پاڵەوانێتييەدا تەنها يارييەکی ئەنجام ـدا، پێشتريش يارييەکی دۆستانەی بۆ هەڵبژاردەکەی ئەنجام دابوو لە پێش دەستپێردنی ئەو پاڵەوانێتييە.

ئاماری ياریی کردنەکانی بۆ يانە و هەڵبژاردەکەی:

هەربەچوونی بۆ ليڤەرپوڵ، دوای ئەوەی يانەکەی ئاستێکی بەرزيان لەو ياريزانە بينی بۆ ماوەی چەند ساڵێک گرێبەستيان لەگەڵیدا واژوو کرد و بەردەوام نوێيان دەکردەوە بەڵام لە دوای ١٧ ساڵ و لە مانگی يەکی ٢٠١٥ بڕياری رۆيشتنی يانەکەی دا لەدوای کۆتایی هاتنی ئەو وەرزەی پرێيمەر ليگ.

لەماوەی ١٧ ساڵ ياریی کردنی بۆ ليڤەرپوڵ، جێرارد لەسەرجەم خولەکان و بە يارييە دۆستانەکانيشييەوە ٧٠٨ ياریی ئەنجامداوەو ١٨٦ گۆڵی تۆمار کردووە لەناوياندا ٥٠٤ ياریی فەرمی لە خولی نايابی ئينگلتەرا ئەنجامداوەو ١٢٠ گۆڵيشی تۆمار کردووە.

بەڵام لەماوەی ١٤ ساڵ ياریی کردنی بۆ هەڵبژاردەی ئينگلتەرا، جێرارد ١١٤ ياریی کردووەو ٢١ گۆڵيشی تۆمار کردووە.

شێوازی ياریی کردنی:

ستێڤن جێرارد هەر لە تەمەنی منداڵييەوە زياتر لە هێڵی ناوەڕستدا ياریی دەکرد ئيدی لە باڵەکانەوە بوايە ياخود ناوەراست، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ يەکەمين جار جێرارد لەلايەن رێدناپی راهێنەری ئەو کاتەی ليڤەرپوڵەوە لە هێڵی ناوەڕاست جێگيرا کرا، لەوکاتەشەوە ئەو ياريزانە بەردەوام لەو هێڵەدا ياریی دەکرد و شوێنی خۆی لە ياريگاکان دۆزييەوە.

ئەو نازناوانەی بەدەستیهێناوە لەگەڵ يانەکەی:

فا کەپ (٢٠٠١ ، ٢٠٠٦)

جامی خولی فوتبۆڵ (٢٠٠١ ، ٢٠٠٣ ، ٢٠١٢)

جامی قەڵغانی خێرخوازی (2006)

خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا (2005)

جامی يوێفا (2001)

جامی سوپەری يوێفا (2001)

خەڵاتە کەسييەکانی:

چەندين خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوەو زۆرينەی کاتەکانيش بە پياوی يارييەکان هەڵبژێردراوە، لە گرنگترين دەستکەوتەکانی دوو جار ناوی لە پێکهاتەی ساڵی پرێيمەر ليگ و جارێکيش لە يۆرۆ و جارێکيش لە چامپيۆنز ليگ بووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی بڕۆنزی باڵۆن دۆری پێبەخشرا.

سپۆنسەرەکانی:

بەهۆی ئاستە بەرزەکەیی و ناودارييەوە، کۆمەڵێک کۆمپانيا و لايەن بوو بوونە سپۆنسەری ئەم ياريزانە لەبەرانبەر کردنی ريکلام دا، لە گرنگترين ئەو کۆمپانيايانەی سپۆنسەری بوون (ئەديداس ، جاگوار ، لوکۆزاد) بوون، هەروەها کۆمپانيای نايکيش بۆ چەند ساڵێک پێداويستييە وەرزشييەکانی بۆ دروستکردووە.

لە ئێستادا جێرارد تەمەنی ٣٥ ساڵە و لەدوای ١٧ ساڵ ياریی کردنی بۆ ليڤەرپوڵ وابڕيارە لە مانگی تەموزی ئەمساڵ و بۆ ماوەی ١٨ مانگ رووبکاتە يانەی نيو يۆرک گالاکسی ئەمريکایی و لە خولی (MLS) درێژە بە ياریی کردنی بدات.


Steven Gerrard, 2014.jpg






























ئه‌م بابه‌ته 10009 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن


زۆرترین خوێندراو