یاریزانێک بە سەیرترین هۆکار کارتی سوری وەرگرت

خەندان سپۆرت-

لەیاریی تۆپی پێدا زۆر شت هەیە کە یاریزان بەهۆیەوە کارتی سور وەردەگرێت، وەکو لێدانی بەهێز، دوو کارتی زەرد و لە هەندێک حاڵەتیشدا جنێودان بە یاریزانی بەرامبەر یان داوەر، بەڵام لە یەکێک لە خولەکانی سوید، یاریزانێک بە هۆکارێکی نوێ و سەیر کارتی سوری وەرگرت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی 'Lanstidningen Sodertalje' ئادەم لیندین لیونجکڤیستی یاریزانی یانەی پێرشاگین ئێس کەی، لە یاریی تیپەکەیدا بەرامبەر یانەی جارنا ئێس کەی لەگەڵ نزیک بوونەوەی یارییەکە لە خولەکەکانی کۆتایی "بایەکی لێ بەدردەبێت"و بەهۆیەوە داوەری یارییەکە کارتی سوری بەڕوویدا بەرزکردووتەوەو لە یاریگا کردوویەتییە دەرەوە.

لەسەر ئەو ڕووداوە ئادەم دەڵێت: "من ئازاری سکم هەبوو بۆیە پێویست بوو ئەو کارە بکەم و کردیشم، بەڵام بەهۆیەوە داوەر کارتی سوری بەڕوومدا بەرزکردەوە".

دەشڵێت: "شۆک بووم، ئەمە سەیرترین ڕووداوە کە لە تۆپی پێدا بینیبێتم، بە داوەرەکەم وت ئایا  لە نێو یاریگادا بات لێبەربێت قەدەغەیە؟ ئەو لە وەڵامدا پێی وتم نەخێر".

دانی کاکۆ داوەری یارییەکە لەسەر ئەو ڕووداوە دەڵێت کە ئادەم لە خولەکی 65دا کارتێکی زەردی هەبووەو بەهۆی ئەو حاڵەتەوە کارتێکی تری پێداوە، بەڵام ئادەم ئەمە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەو کارتی وەرنەگرتووە لەو یارییەدا.

کاکۆ لە وەڵامی ئادەمدا بە میدیاکانی وت: "من بینیم کە ئەو دژی یاریزانێکی تر ئەو کارەی کرد، ئادەم بە ئەنقەست وایکرد و ڕەفتارێکی ناشرین بوو، بۆیە کارتی دووەمی زەردی وەرگرت".

داوەرەکە دان بەوەشدا دەنێت کە هیچ یاسایەک نییە ڕێگە لەو حاڵەتە بگرێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو لە ژیانی خۆیدا تەنها حاڵەتیکی سەیری تری بینیوە ئەویش کاتێک یاریزانێک لەدەرەوەی یاریگا میزی کردووەو بەهۆیەوە کارتی زەردی وەرگرتووە.

هاوکات یاریزانێک کە بەشداربووی یارییەکە بووە دەڵێت کە ئەو چەند مەترێک لە ڕووداوەکەوە دوربووە، بەڵام دەنگی باکە هێندە گەورە بووە، گوێی لێبووەو ئەم ڕووداوە بە سەیرترین ڕووداو وەسف دەکات.



ئه‌م بابه‌ته 19040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن


زۆرترین خوێندراو