هزر و دڵ پڕه‌كانی گیرفان خاڵی ‌


شتێك هه‌یه‌ پێی بڵێن وه‌رزشی كوردی؟، پرسیارێكی قورسه‌ منیش ناتوانم سه‌د له‌سه‌د وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا نازانین وشه‌ی وه‌رزش له‌چیوه‌ هاتووه‌ و وه‌رزش چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و سوودی بۆ تاك وكۆمه‌ڵگا و وڵات چییه‌!، هه‌موومان به‌چاوی خۆمان ده‌بینین له‌وانه‌یه‌ پێلێ و مارادۆنا وكرۆیف نه‌بووایه‌ دوور نه‌بوو كه‌س به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین و هۆڵه‌ندای بناسیایه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌یه‌ كێ نه‌بووایه‌ كوردی ده‌ناسی؟، له‌وانیه‌ بڵێن پێشمه‌رگه‌، منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م، چونكه‌ ئه‌وانه‌ به‌گیان و خوێنی خۆیان به‌رگری له‌وڵات ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌رزشم لامه‌به‌سته‌ و ئێمه‌ كێمان دروست كردووه‌ و كێمان كردۆته‌ مێژوو وه‌ك وه‌رزشكاری دێرین و هی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و ئاینده‌، چۆن هه‌ر چوار پارچه‌ ئازیزه‌كه‌ی كوردستان به‌یه‌ك ببه‌ستێته‌وه‌ و ببێته‌ پێشه‌نگه‌كانی جیهان، گه‌ر زوویر نه‌بن ده‌ڵێم نیه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ی كورد وه‌رزشكاری دێرینی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان كۆچیان كردووه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌ ژیاندا ماون و جێگه‌ی شانازین.


ئه‌وه‌ی زۆر لام مه‌به‌سته‌ خوله‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكا و ئاسیا وعه‌ره‌ب واده‌ی ته‌واو بوونییه‌تی، ئه‌وان دوای خوله‌كه‌ ده‌چن بۆ یارییه‌كانی مۆندیال و جامی یانه‌و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا و كوپا ئه‌مریكا و جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا و ....تاد، ئێمه‌ش خوله‌كانی كوردستان ته‌واو ده‌بێت و هاوینی گه‌رمی ئه‌مساڵ چۆن یاریزانه‌كانمان دابه‌ش ده‌بن، سه‌ره‌تا وه‌رزشكاره‌ دێرینه‌كان رۆژانه‌ به‌یانیان به‌ هزر و دڵ پڕی و گیرفان خاڵی به‌نه‌فه‌رات روو له‌چایخانه‌ی وه‌رزشكاران ده‌كه‌ن، هه‌ر رۆژه‌ و ئه‌ستێریه‌ك به‌نائومێدی و دڵ پڕ له‌هیواو حه‌سه‌ره‌ت كۆچی دوایی ده‌كات!، ئینجا دواتر بۆ خۆده‌رخستن له‌میدیاكان چله‌ی بۆ رێكده‌خه‌ن، كه‌ تا زیندوو بوو دژایه‌تییان ده‌كرد، هه‌ندێكیش به‌ناچاری و به‌بێ شه‌رمانه‌ ده‌یان كه‌نه‌ به‌رده‌ست و چایچی خۆیان!، گه‌ر پرسیاریش بكه‌ی ده‌ڵێ من كارێكم بۆ دۆزییه‌وه‌، كه‌چی خۆی پێشتر نه‌ك لای ئه‌و یاریزان بووه‌، بگره‌ به‌ تۆپ هێنه‌ره‌وه‌ی دانه‌ ده‌نا و هه‌ندێكیان خه‌فه‌ت و بێزاری و نه‌داری ژیان وای لێكردوون ده‌ست وسمێڵیان به‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌!، هه‌ندێكیش ته‌نها بۆ كات به‌رێكردن یاریی ئۆكه‌ی و دۆمینه‌ ده‌كه‌ن!، هه‌ندێكیان هیچ چالاكییه‌كیان نیه‌ ته‌نها له‌گۆشه‌ی چایخانه‌ مات و بێده‌نگن، دڵنیام هزر و مێشكیان پڕه‌ له‌هونه‌ری وه‌رزش و پڕۆژه‌ی وه‌رزشی، به‌ڵام نه‌ك كه‌س گوێیان بۆ ناگرێت و بگره‌ به‌شێك له‌به‌رپرسه‌ وه‌رزشییه‌كان كه‌ چوار پێنج پۆستیان هه‌یه‌ وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن وه‌رزشی كوردستان نامێنێ و كاریان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دێرینانه‌ بسڕنه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ دوو مه‌به‌ست كه‌ یه‌كه‌میان مێژووی وه‌رزش بۆ خۆیان وه‌ك پاره‌ی وڵات قۆرخ بكه‌ن و بیشێوێنن، دووه‌میان ته‌نها له‌‌ترسی كورسییه‌كه‌ی خۆیانه‌، یاریزانه‌كانیش هاوشێوه‌ی دێرینه‌كان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتیان هه‌یه‌، هێندێكیان بێ ئیش و دڵ بریندار، هێندێكیان گیرفان گه‌رم بۆ سیاحه‌و سه‌فه‌ر بۆ توركیا!، هه‌ندێك ده‌ڵێن دونیامان رۆیشت با دینیشمان نه‌ڕوا ده‌چێ بۆ عه‌مره‌، هه‌ندێكیان به‌ناچاری ده‌بنه‌ شاگرد لای هانده‌ره‌كه‌ی، هه‌ندێك خۆی بۆ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان ئاماده‌ ده‌كات تا ترشیات و پاقڵاوه‌ بفرۆشێت، به‌ڵكو پاروێك نان بۆ منداڵه‌كانی په‌یدا بكات، هه‌ندێكیش براده‌ری تیڤییان زۆره‌و هه‌موو رۆژێك (شرۆڤه‌ و شیكاری) به‌لاشیان هه‌یه‌!، هه‌ندێكیش دوو شه‌شی بۆ ده‌رچووه‌ بۆ لای هه‌ر به‌رپرسێك ده‌چی له‌پرسگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌ مه‌جلیسی به‌ ته‌حلیلی سه‌قه‌ت گه‌رم كردووه‌! ئینجا بۆ خۆی پاروێكی چه‌ور وه‌رده‌گرێـت، هه‌ندێك به‌ر‌پرسه‌ وه‌رزشییه‌كه‌ی به‌ قه‌د كوڕی ئه‌بێت، كه‌چی بۆ پاروێك نان ئه‌بێ به‌ماست بڵێ ره‌شه‌!، هه‌ندێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و شه‌رمن و دڵسۆز و كوڕی شار له‌چایخانه‌ی وه‌رزشی دانیشتووه‌ هزر و دڵ پڕه‌كانی گیرفان خاڵییه‌.

له‌كۆتایی موچه‌ی وه‌رزشكاره‌ دێرینه‌كان له‌مێژه‌ بڕاوه‌، هی یانه‌كانیش بڕا كه‌واته‌ یاریزانه‌كان و دێرینه‌كان نوقمی زه‌ریا بوون، ئێستا شتێك هه‌یه‌ پێی بڵێن وه‌رزشی كوردی؟.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو