له‌یادی 117 ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی میدیای وه‌رزشی كوردی له‌كوێی هاوكێشه‌كه‌یه‌؟!


له‌وانه‌یه‌ بڵێن ناونیشان یاخود مانشێتێكی زه‌به‌لاح و ناوه‌رۆكێكی خاڵی به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین! كێ ده‌ڵێ وایه‌؟ كێ ده‌ڵێ راست نیه‌،ئه‌گه‌ره‌كان خۆیان له‌نێوان به‌ڵی ونه‌خێره‌،بۆیه‌ ده‌بێت نرخی سین له‌م هاوكێشه‌ قورسه‌ مێژوو و ئه‌كادیمیه‌ بدۆزینه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ به‌ناوی كوردستان ساڵی (1898) و دوای ته‌نها (23) ساڵ و له‌ رێكه‌وتی 2-6-1921 رۆژنامه‌ی (پێشكه‌وتن) بابه‌تێكی وه‌رزشی به‌ناوی (ئه‌سپ تاودان ) بڵاوكرده‌وه‌، پاشان هه‌واڵه‌كه‌ی گۆڤاری ( روناكی) ساڵی 1935 كه‌ ( حوزنی موكریانی له‌ژماره‌ (2) ی ئه‌م گۆڤاره‌ هه‌واڵێكی وه‌رزشی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ده‌وڵه‌مه‌ند وناودارانی هه‌ولێر بۆ موسابه‌قه‌ كاسێكی زیویان دروست كردووه‌، دواتر له‌ساڵی 1960 له‌ گۆڤاری رۆژی نوێ (عه‌لی ئه‌حمه‌د ته‌ها) دیمانه‌یه‌كی وه‌رزشی له‌گه‌ڵ سكرتێری یانه‌ی سلێمانی بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناونیشانی وه‌رزش،ئه‌مجاره‌یان له‌رێكه‌وتی 6-5-1967 رۆژنامه‌ی برایی ئاگاداریێكی وه‌رزشی بڵاووده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌واڵی وه‌رزشی هه‌بوو بۆیان ره‌وانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌م رۆژنامه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی وه‌رزشییان ته‌رخان كردووه‌، ئینجا گۆڤاری سلێمانی ورۆژنامه‌ی هاوكاری ورۆژنامه‌ی ژین  و كاروانی وه‌رزش و ئینجا ساڵی 1994 یه‌كه‌م پاشكۆ له‌رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی ئازاد له‌دایكبووه‌ به‌ناوی (پاشكۆی مۆندیال).

ئه‌مه‌ وه‌كو مێژوو،به‌ڵام ئێمه‌ی میدیاكارانی وه‌رزشی دوای تێپه‌ڕبوونی (117) ساڵ ئێمه‌ له‌كوێی ئه‌م مێژووه‌ و هاوكێشه‌داین،دڵنیام له‌سه‌ده‌یی بیست ویه‌ك وسه‌رده‌می جیهانگیری و ته‌كنه‌لۆژیا وپێشكه‌وتن و لوتكه‌ی میدیای وه‌رزشی جیهانی داین،كه‌چی میدیاكارانی كورد تا ئێستا ده‌زگایه‌كی وه‌رزشی تایبه‌تمان نیه‌،هه‌روه‌ها كه‌رسته‌و كه‌ل وپه‌لی میدیای وه‌رزشی جیهانیش تائێستا به‌لای ئێمه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌،هه‌وره‌ها رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی میدیای وه‌رزشیمان نیه‌ تا هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌،ته‌نانه‌ت زۆربه‌ری زۆرمان نازانین یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی (ئیپس) نه‌ك ئه‌ندام بین به‌ڵكو زانیاریشمان له‌سه‌ری نیه‌،ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاسیایی وعه‌ره‌بی و عێراقیش هه‌ندێك رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی به‌ حوكمی براده‌رایه‌تی ئه‌ندامن.

له‌هه‌مووش سه‌یرتر تا ئێستا میدیاكارانی وه‌رزشی كورستان ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان نیه‌،ئه‌و ناسنامه‌ی كه‌ وه‌ریان گرتووه‌ سه‌ر به‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌،واته‌گشتیه‌كه‌یه‌،بۆیه‌ پارساڵ دیمانه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ نه‌قیبی سه‌ندیكا ئه‌نجامدا وتی:بۆ ساڵی ئاینده‌ میدیاكارانی وه‌رزشی ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆیان ده‌بێت!

بۆیه‌ من وێرای پیرۆزبایم بۆ تێكڕایی میدیاكاران ورۆژنامه‌نووسانی كوردستان،ده‌بێت نرخی سین له‌م هاوكێشه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ میدیاكارانی وه‌رزشییه‌،ئه‌گه‌رنا سین له‌ كۆتایی جارانی (سفر) بكریت،ده‌بێته‌ سفر،كه‌ هیوادارم وانه‌بێت!.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو