هاندەرانی وەرزشی كوردستان دەناسن؟



گەر باس لە هاندەری وەرزشی بكەین،ئەوا چەند ناوێك وەك ئەستێرە دەدرەوشێنەوە لە ئاسمانی هاندەرانی وەرزشی كوردستانی و جیهان،هەمووشیان بۆ هاندان و جۆشدان و خۆشی نێو یاریگا و خۆشەویستی بۆ وەرزش بووە،چونكە لە خاڵێكی زۆر سادە وساكار دەتوانین راستی بسەلمێنین،ئەویش تێكڕایی هاندەرانی جیهان لە كات و گیرفانی خۆیان بەبێ بەرانبەر سەرف دەكەن،زۆرجاران بە فرۆكە و شەمەندۆفێر وپاس و كەشتی كیشوەرەكان و وڵاتانی ئەوسەری جیهان دەبڕن بۆ هاندانی تیپەكەی یان هەڵبژاردەی وڵاتەكەی،جا گرنگ نیە هانی چ تیپێك یان چ جۆرە وەرزشێك دەدات،گرنگ ئەوەیە لە سات وكات وگیرفانی خۆی سەرف دەكات بۆ هاندان وبەبێ بەرانبەریش،كە زۆرجاران تووشی چەندین كاری شەڕ و ناخۆشی و زۆرجاران گیان لەدەستدانیشی تێدەكەوێت.
 
هاندەری وەرزشی دەكرێت بڵێین زەرەرمەند ترین توێژە لەنێو جیهانی وەرزش بەگشتی،چونكە نە بە پارە سوود مەند دەبێت و نە بەناوبانگیش دەبێت وەكو یاریزانەكان،راستە هەندێكیان ناوبانگ دەردەكەن،بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتەكەیان،هەندێكیش لەبۆنەكانی وەكو مۆندیال وئۆلۆمپیاد و جامی نەتەوەكانی ئەوروپا و كۆپا ئەمەریكا ناوبانگێك دەردەكەن،بەڵام هەروەكو یاریزانەكان ناوبانگ دەرناكەن،ئینجا ئامادەبوونیان لەنێو هۆڵ ویاریگاكان بەبەردەوامە و خۆشحاڵیشن،بێگومان ئەمەش دلسۆزی وگیانی وەرزشی و خۆشەویستی بۆ وەرزش و خاك و وڵات نەبێت هیچی ترنیە،بۆیە هاندەرانی وەرزشی دەكرێت ببن بە جۆشدان وهاندان وخۆشكردن و جوانكردنی هۆڵ ویاریگاكان.

 رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێكەوتی 16/9/2015 هاندەری بەناوبانگی بەرازیلی ( كلۆڤێس ئەكۆستا فیرنادێز) كۆچی دوایی كرد،هەر لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵەكە رۆژنامە وگۆڤار و پێگەكانی ئەلیكتڕۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وتیڤی و بەگشتی میدیاكانی وەرزشی و گشتی یەكەم هەواڵیان بە هەواڵی هاندەری بەناوبانگ كلۆڤێس بوو،تا ئێرە ئاساییە و بەڵكو مافی خۆیانە كە هاندەرێكی بەناوبانگ كۆچی دوایی دەكات باسی بكەن و ژیاننامەی بخوێنەوە وبیكەنە مانشێتی تیڤی ورۆژنامە وگۆڤارەكان،چونكە خزمەتیان بە وڵات و یانە و شار و تیپ كردووە،پاداشتەكەشی ئەمڕۆ دەبنە سومبولی وڵات. بابگەڕێینەوە كوردستانی ئازیزمان،بابزانین چەند ئازیزی هاندەری وەرزشیمان ئەوانەی كۆچی دواییان كردووە و یان ئەوانەی ئێستا لەنێو جیگاكەوتوون ونەخۆش وبێ چارەسەرن كەس ناڵێ سڵاوتان لێ بێت!، تۆ بڵێی شتی وا هەبێت ؟

 یان ئێمە هەروا راهاتووین مەوزوع گەورەبكەین؟كێ دەڵێ وانیە؟ كێ دەڵێ وایە؟ هەموویان راستن،جا كەی خزمەتی زیندووەكان كراوە تا كۆچكردووەكانمان لەبیر بێت! كاكە ئەوەی مردووە خوا عەفوی بكات و بڕایەوە! ئەی ئەوەندە ساڵەی هاندەری وەرزشی تیپ و نیشتیمانەكەی بووە؟ 


باشە ئەی موچەیان بۆ ببڕینەوە؟ وەاللە تەواومان كرد،یاریزانەكان گەلێك موچەیان هەیە ئینجا نۆرەی هاندەری وەرزشییە!. كێ هاندەرانی وەرزشی كۆچ كردوو مام جبرایل كورتان دروو و جەمال نەجار هەولێری و حاجی یاسین ئەحمەد كەركووكی و حاجی كانەبی هەولێری و سوبحی ئیبراهیم (پلۆ) زاخۆی و هاندەرانی كۆچكردووی شاری سلێمانی حاجی عەلی جاسوس (كەبابچی) و شێخ مەحمودی سایەق و حەمە سەعید چایەچی بیرماوە؟ ئەوانە سمبولی هاندەرانی وەرزشی كوردستانن،بەڵام داخەكەم نەك بیریان نەماوە،بگرە ئەگەر بەرێكەوت هەڵە بكەن باسیان بكەین!،ئەمە وڵاتی ئێمە بزانن چەند خۆشەویستی و رێزیان بۆ هاندەرانی وەرزشی هەیە!. هاندەرانی وەرزشی كوردستان چییان لە هاندەری بەرازیلی كۆچكردوو (كلۆڤێس) كەمترە؟ من سەیرم بەیەك دیاردە دێت كە بەراستی بێزاری كردووم،گوێ بیست نەبووم، نەمبینی،نەم خوێندەوە، دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكارانی وەرزشی كوردستان باس لە هاندەرانی وەرزشی كۆچكردوو و دێرینەكانی كوردستان بكەن!،هۆكارەكەش زۆر ئاسانە و نایان ناسن و زانیارییان نیە،بەڵام هاندەرانی جیهانی هەواڵە وكۆپی بكەو تەواو!!.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو