کودەتای میدیاکارانی وەرزشی

زاگرۆس نانەکەلی

مەلای مەشهور پێنج هێلکەی بە درهەمێک کڕی بوو، شەش هێلکەی بەدرهەمێکیش دەفرۆشتەوە،ووتیان مەلا بۆ وادەکەی؟ مەلا وتی:باخەڵک نەزانێ مەلا بێ ئیش وکارە!.

شەوی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا من دوور لەئێوە نەخۆش بووم، وەکو کابرای قارداش رەنگم سپی هەڵگەرابوو، من لەبەر نەخۆشی و ئەویش لەترساندا، دوایی هاتمە سەرخەت وفەیس بووک وهەواڵەکانم سەیر دەکرد.

میدیاکارانی وەرزشیی ئەو شەوە چییان دەکرد؟ راست وچەپ بەناو کەوتبوون،بەداخەوە هەندێک لەمیدیاکارانی وەرزشیی لەسەر ئەو حاڵە رەخنەیان لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەگرت، یەکێک نووسیبووی" ئەمشەو شرۆڤەکاری سیاسی زۆر بوون"، یەکێکی تریشیان نووسیبووی "شرۆڤەکارانی سیاسی کورد پێشبینییەکانیان هەڵەیە" ئەوی تر نووسیبووی  "ئەم کودەتایە بوونەتە سێ بەش"،ئەویتر نووسیبووی "تورکیا دراوسێمانە کودەتا سەر بگرێت وەزعی ئێمەش تێکدەچێت"،یەکێکی تر فەرمووبووی "کاکە گیان لەم بێ مەعاشییەدا دیسان ئەرزاق  گران دەبیت"، یەکێکی تریان وابزانم تازە لەخەو هەڵسابوو، نووسیبووی" جەماعەت  کێ بردیەوە عەسکەر یان هین؟" ئەوی تر وڵامی دابووەوە نوسیبووی" برا گەیشتۆتە پێنج پەناڵتی!".

یەکێکی تر نوسیبووی" با کودەتاچییەکان باش بزانن ئەو وڵاتە جوانە بەوان تێکناچێت"،بەڕاستی لێدوانێکی زۆر گرنگ بوو!"، منیش ووتم : زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری، دوایی هەرخۆم بەخۆم ووت: کام وەتەن بەسەزمان؟

یەکێکی تر نووسیبووی" کورد بووتە دوو بەش هەبوو دژ بوو ئەوی تر حەزی لێ بوو کودەتاکە سەربگرێت"،یەک نووسیبووی "پیاو حەق بڵێ هاوینان بەس ئەو وڵاتە هەیە بچین ئەگەرنا دەسوتێین لەگەرمادا و هەروەها خۆشیشە"، ئەویتر نووسیبووی" کاکە ئێوە لۆ خۆتان ماندی دەکەن ئەوە سیناریۆیە"، ئیدی تێکەڵ و پێکەڵاویەکی زۆر هەبوو.

ووتیان هەندێک شوکرانە نوێژیان دەکرد،هەندێکیش نزا و پاڕانەوەیان کردبوو،هەندێک ئەو کودەتاچیانەیان بەدەست کەتبایە کارتی سووریان دەدانێ، هەندێک  زانیان کودەتاکە سەری نەگرتووەو  کاکە ئەمریکا نەیهێشتووە سەربگرێت.

ئیتر سەیرەکە لەوەدا بوو هەمووشیان نووسیبوویان ئێمە سیاسەتمەدارنین و حەزیش لە سیاسەت ناکەین و تێکەڵی سیاسەتیش نابین، بۆ برا ئێوە چیتان بۆ سیاسەتمەدارەکان هێشتبوەوە؟ خۆ شرۆڤەکارانی سیاسی هێندە قسە و لێدوانیاندا لەسەر وەزعەکە نەدابوو!  کاتی یارییەکانی کوپا ئەمەریکا و یۆرۆی فەڕەنسا ئەگەر یەک سیاسەتمەدار شرۆڤەی یارییەکانیانی بکردبایە بڕوابکەن  میدیاکارانی وەرزشیی دەیان ووت: هەر میدیای وەرزشی مابوو تێکەڵی ببن وتێکی بدەن، منیش لەلای خۆمەوە هەواڵێکم  بڵاوکردەوە بەڵام وەرزشی  بوو پەیوەندی بە کودەتاکەشەوە هەبوو، نووسیبووم: میسی گەشتەکەی بۆ وڵاتی تورکیا هەڵوەشاندەوە.

سەیرەکە لەوەدایە هەموویان خۆیان لەبیر کردبوو کە میدیاکاری وەرزشین، کاتێکیش بەخەبەر هاتن کودەتا تەواو بووبوو، لێدوانە سەیر وسەمەرەکانیشیان لەفەیس بووک بڵاو بوو بوەوە،نەیان دەزانی چۆن فریای سڕینەوەی پۆستەکانیان بکەون،یان گوێ بیستی هەواڵی نوێ بن تا لێدوان و شرۆڤەی سەقەتی تر بکەن.

برادەران بروابکەن لەمەدا دووخاڵ دەتانگرێتەوە،یەکەمیان ئارەزوو و خۆ ویستییە وقسە لەسەر هەموو شتێک دەکەن و لەهیچیشی نازانن، دووەمیان ئامادەبوون و خۆدەرخستن لەهەموو بوارێکدا مانای ژیری و ئازایەتی نییە،تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنە و بەس.

گەر بەووردی لەم بابەتە ووردبینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی شرۆڤەی سیاسی پەیوەندی بە میدیاکاری وەرزشییەوە نییە؟ تەنها  بۆ ئەوەی پێتان بڵێن لەهەموو بابەتێکدا قسەتان هەیە و بەدیدی خۆتان  تا لە مەیدانەکەدا وون نەبن، ئاخر کەی سیاسەت پەیوەندی بەئێوەوەیە بیکەن بە مەوزوع؟

راستە بۆ زانیاری وچاوکراوەی پێویستە ئاگاداری رووداوەکان بن وقسەشی لەسەربکەن و خوێندنەوەشتان لەسەریان هەبێت،بەڵام نەک ببن بە سیاسەتمەدار و شرۆڤەکاری سیاسی،من هیواخوازبووم وەکو مەلای مەشهور لەهێلکەکانتاندا زەرەرتان بکردبایە نەک ناوتان بزڕایە، کودەتایەکەی ئێوە لەسەر خودی خۆتان وپیشەکەتان بوو،دەبوایە باشتر بیرتان بکردایەتەوە، بێ ناوی لەبەد ناوی باشترە.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو