شوڕتەی لاخەبەر و میدیاکارانی وەرزشی

کاتی خۆی بۆیان گێڕامەوە بە شورتەیان بگۆتبایە (لاخەبەر) یەکسەر توڕەدەبوو و دەیگرتی!، کاتی خۆی هەندێک کەس بۆ شوڕتاتی پێشکەشیان کردبوو لەناکاو ناویان دەرچوو و بوون بە شوڕتە، واتا ئاگادارنەبوون، ئەوکات ناویان لە شورتە نا (شورتەی لاخەبەر)، مەبەستی من لەکوردەواری دەڵێ (تا سەر بمێنێ عاجباتییان دەبینی).

ماوەیەکە میدیاکارانی وەرزشی بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ رووماڵکردنی چالاکییەکانیان گلەیی دەکەن، کێشەکە لەوەدایە لەیەکێتی تۆپی پێ سەرپەرشتیاری راگەیاندنیان داناوە بۆ یارییەکان، بەڵام میدیاکاران لەبری راپەڕاندنی پیشەکەی خۆیان، بوونەتە (شورتەی لاخەبەر)، لەبری ئەوەی هەرچی کرداری باش و کەموکوڕی نێو یاریگا و تیپەکان و داوەران و هاندەران و میدیاکاران هەیە بەئەکادیمی و بەویژدان و راستگۆیانە تۆماربکەن، کەچی بەپێدانی پاداشتێکی سەرپەرشتیاریی لەو هەموو ئەرکەیان لاداوە و میدیاکاران لەنێو یاریگاکان دەردەکەن و دەڵێن زۆرمان پێ ناخۆشە، بەڵام مەمنوعە مەمنوع!، دەزانن لەهەموو جیهاندا تەنها لەبەنزینخانەکان دەنووسرێ (مەمنوع)!، بەڵام لەلای خۆمان لەهەموو شتێکدا مەمنوعی بێ رکابەرین!.

سەرپەرشتیاری میدیاکاری وەرزشی واتا، چاودێر، واتا نزیک لە.....، واتا سەرپەرشتیاری وردی رووداوەکان، واتا تۆمارکار، واتا بەڕێوەبەر، واتا بەڕێزی چاودێری دیمەنەکان، بەعەرەبی پێیدەڵێن (موشریف)، وابزانم بەئینگلیزییش بەمەعناى (Supervisor)، لای خۆمانیش بۆتە (شوڕتەی لاخەبەر)!.

برادەرێک بۆ ئەم کێشەیە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ قسەی کرد، ئەگەر شوێنیان نەبێت میدیاکارانی وەرزشی هەڵوێست وەردەگرن، جەنابیان وتبووی (ئەمە کاری ئێمە نییە)، لەدیمانەیەکمدا لەگەڵ سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ ئەویش وتی (من شەخسی لەگەڵ ئەوەنیم سەرپەرشتیاری راگەیاندنی وەرزشی هەبێت)، چونکە هەر حزبایەتی و شارچێتی و یانەچێتی دەکەن، وەڵڵا برا ساڵی (2015) لەڕێگایە، بیرکردنەوە و بچووک بوونەوەی ئەم پیشەیە بەمجۆرەبێت.

لەلایەکی ترەوە میدیاکارانی وەرزشی مان بگرن و رووماڵکردنی چالاکییەکان نەکەن، دەترسم لەدەزگاکانی خۆیان دەریان بکەن، ئەگەر بەردەوام بن لەیاریگاکان دەردەکرێن، کوردەواری دەڵێ (پێشی دەریاییە پشتی دوژمنە).

دەکرێ بپرسین نەبوونی شوێن بۆ میدیاکارانی وەرزشی کێ لێی بەرپرسە، یانەکان، یەکێتی تۆپی پێ، دەزگاکانی راگەیاندن، میدیاکارانی وەرزشی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان؟، ئەرێ پێم نابێژن کوا بەرگریکردن و مافی میدیاکارانی وەرزشی، کوا رێز و حورمەت بۆ میدیاکاری وەرزشی و پیشەکەیان؟

 لای من گرنگە بەرپرسیارەکە چارەیەکی خێراو بەپەلە بۆ ئەم کێشەیە بکات و بەرپرسیارانیش با ئەمجارە بەبەر عەفو عامی بکەون، بەبۆنەی هاتنی سپڕای ناوبژیوانان بۆ کوردستان، هیوادارم ناوبژیوانانیش لەگەڵ هاتنی ئەو سپڕایە خێریان بۆ بداتەوە و وەزعی تەحکیمیان باشتر بکەن.


نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو