ئەو میدیاکارە وەرزشییەی وڵاتی زیندوو کردەوە!!


لەوانیە ناونیشانی ستوونەکەم هاوشێوەی خەونێکی سەراب مەزندە بێت! کێ دەڵێ پروپاگندەی میدیاکارانی وەرزشی نیە! یاخود مانشێتێکی زەبەلاحی رۆژنامەیەکی بێ فرۆشیارەکانن! لەوانیە بڵێن لێدوانێکی سیاسەتمەدارێکە! یان پیاهەڵگووتنی لاوک وحەیران بێژێک بێت! لەوانەیە ولەوانەش نیە هەموو وابێت و هەمووشی هەڵە بێت!.

بەڵام ئەمە راستیێکە دوای (90) ساڵ بۆمان ئاشکرابوو، لەمەی بێ ئاگا، لەمەی هەردەم دەست وپێ بەندی دیکتاتۆرەکانی کە بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی کوردستانیان داگیر کردووە!، رێککەوتی 12-1-2015 لە زیورخی سویسری خەڵاتی باشترینەکانی فیفا دابەشکرا، قسەمان لەسەر ئەوەنیە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم، پیاوێکی نۆهەد ساڵەی ژاپۆنی کە ناوی ( هیرۆشی کاگاوا) بوو، بەڵێ ئەم مرۆڤە دوای نۆهەد ساڵ ئینجا خەڵاتی سەرۆکی فیفای پێ بەخشرا، کت ومت لای خۆمانە!، هەیە چاریەگێک عومری (هیرۆشی) نیە، کەچی (90) جار و بە تەمەنی ئەو مرۆڤە خەڵات ورێزلێنان و دیاری وباشترین وپاڵەوان و میدالی رەنگاو رەنگی وەرگرتووە!.

هیرۆشی کاگاوا لە دوای کارەساتی ( هیرۆشیما وناکازاکی) بەو پەڕی هێز و توانا وژیری خۆی بۆ لەبیربردنەوەی ئەو کارەساتە لەرێگای میدیای وەرزشی کار بۆ ئەوە دەکات خەڵکی وڵاتەکەی وەرزش بکەن، بەتایبەتی تۆپی پێ، بەڵێ هەوڵدانی ئەو پیاوە لەیەکەم وێستگەی ساڵی 1951 بوو کاتێک (6) ساڵ دوای ئەو کارەساتە هەواڵێکی وەرزشی بڵاو دەکاتەوە، پاشان بەشداری مۆندیاڵی 1974 ئەڵمانیای رۆژئاوایی ئەوکاتی کرد بەهەواڵ وراپۆرت وبابەتی وەرزشی جۆراوجۆر بووە هاندەر وهەوێنێک بۆ دوورخستنەوەی خەم و ئازار وخۆش وویستنی تۆپی پێ، بە(14) ساڵ وای کرد وڵاتی ژاپۆن بەشداری مۆندیالی فەرنسا بکات ساڵی 1998، ئەم مرۆڤە بوو بە کارێزما و فریادڕەسی وڵاتەکەی، هیرۆشی کاگاوای تەمەن نۆهەد ساڵە بە پیاوە بە تەمەن و باپیرەی ژاپۆنی ومیدیاکارانی وەرزشی بانگ دەکرێت، ئەو ژاپۆنی لە بۆمبی ئەتۆمی وکاولکاری کردە خۆشەویستی و زیندوو بوونەوەی وڵات!.

گەر پرسیارێک بکەین، چونکە ناتوانین خۆمان بە (هیرۆشی کاگاوا) بەراورد بکەین، ئێمەی میدیاکارانی وەرزشی تاچەند نیمچە هەوڵێکمان داوە بۆ بوژانەوە و پێشخستنی وڵات لەرێگەی پیشەکەی خۆمان ؟.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو