گرنگی یاریی دۆستانه‌

زۆركات پێش ده‌ستپێكردنی خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان، یاخود له‌ ناوه‌ڕاستی خولی ناخۆی وڵاتان ده‌بینین زۆرێك له‌ یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌و تیپه‌كان كه‌مپی مه‌شق و ڕاهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها دوابه‌دوای ئه‌وه‌ چه‌ندین یاریی دۆستانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و تاقیكاری ته‌واوی یاریزانه‌كان ده‌كرێت، تاقیكردنه‌وه‌ی‌ گشتی‌ بۆ تیپه‌كان به‌مانای هه‌موو كاسته‌كه‌یه‌، تا ڕاهێنه‌ر بزانێت گه‌یشتونه‌ته‌ چ ئاستێك له‌ڕووی‌ توانای‌ جه‌سته‌یی و ته‌كنیك و ته‌كتیكه‌وه‌. زۆرجار ڕووده‌دات ڕاهێنه‌ر چه‌ند یاریزانێكی له‌یه‌ك بنكه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام كاتێك ئه‌و كه‌مپ و یارییه‌ دۆستانه‌ی ئه‌نجامدا ده‌رفه‌تی ده‌بێت هه‌ر یاریزانێك زیاد له‌ جێگایه‌كدا تاقیبكاته‌وه‌ و جێگۆڕكێی پێبكات.

هه‌ندێكجار ڕاهێنه‌ر پێش هه‌ر خول و پاڵه‌وانێتییه‌ك ته‌نیا به‌یه‌ك پلان یاریی كردووه‌، كه‌چی ده‌بینێت تیپه‌كه‌ی زیاد له‌ پێویست ده‌بێت گۆڕانكاری ڕیشه‌ی له‌ شێوازی یاریاندا بكرێت، كه‌ باشترین شوێنی ئه‌و مه‌یدانی تاقیكرانه‌وه‌و چه‌سپاندنی نه‌خشه‌كه‌ی یارییه‌ دۆستانه‌و كه‌مپه‌كانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سوودی زۆر له‌ پلانی یه‌ده‌گیش ببینێت. كاتێك ئه‌مانه‌ ڕوویاندا به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانای هونه‌ری تیپ له‌سه‌ر ئاستی گشتی نوێبونه‌وه‌ی ته‌واوی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ یارییه‌ دۆستانه‌كانه‌، كه‌ مایه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ هونه‌ریه‌كانی تیپه‌كه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رگیز له‌كاتی مه‌شقه‌كاندا تاقیكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ده‌رناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كه‌شی یارییه‌ دۆستانه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی ڕۆڵێكی كه‌ی گرنگ و لیكتێگه‌یشتنی نێوان یاریزانه‌كانیش له‌وێدا ده‌بینرێت نه‌ك ته‌نیا له‌ كه‌مپَكی داخراودا. چه‌نده‌ ڕاهێنه‌ری به‌تواناو گه‌وره‌ له‌ یاریگادا ڕۆڵی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ لایه‌نی مه‌عنه‌وی یاریزانیش كاریگه‌ری بردنه‌وه‌و زامنی یه‌كڕیزی تیپه‌كه‌ ڕۆڵی هه‌یه‌.

بۆ نموونه‌: له‌ كاتێكدا ڕاهێنه‌ره‌كان هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ تیپه‌ بچوكه‌كان یاریی بكه‌ن، دواجار بگه‌نه‌ هاوشانه‌كانی خۆیان، له‌ كاتێكدا هه‌ر بردنه‌وه‌یه‌ك زیاتر هانی یاریزان ده‌دات به‌ گیانێكی كێبڕكێكاری زۆره‌وه‌ بچنه‌ یاریگاوه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا نابێت ته‌نیا بردنه‌وه‌یش ته‌رازووی ئه‌و یاریانه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌مانه‌ هه‌موو ئاماده‌سازیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تۆ به‌ تیپێكی ئاماده‌كراوه‌وه‌ بچیته‌ خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان، ئه‌گه‌ر بردنه‌وه‌كانیش به‌ده‌ست هات خراپ نیه‌و پاڵنه‌رێكی گه‌وره‌تره‌ بۆ تیپ و یاریزانه‌كان. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ گرنگیه‌كانی یاریی دۆستانه‌ ئه‌وه‌یه‌: یاریزانان له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وا گه‌شته‌كاندا ڕابێن، یاخود ئاشنابوونی یاریزان به‌ یاریگاكان و دۆخی خوله‌كان زیاتر پاڵنه‌ری به‌هێزه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون و تێگه‌یشتن و سوود وه‌رگرتن له‌وه‌ی له‌ یارییه‌ فه‌رمیه‌كاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ یاریزان ئاسان ده‌بێت كاتێك له‌ یاریی ڕاسه‌قینه‌دا ده‌یه‌وێت هه‌ستی خۆی ده‌رببڕێت. بارێكی دیكه‌و چاكه‌ی یاریی دۆستانه‌ ئه‌وه‌یه‌: ڕاهێنه‌رانی تیپ ده‌توانن سوود له‌ چه‌ند پلانێك و تاقیكاری به‌رده‌وام ببینن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو چركه‌ ساتی یارییه‌كاندا گۆڕانكاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ئه‌نجام بده‌ن، دواجاریش ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ زۆر گرنگ نیه‌، به‌ڵكو گرنگی له‌وه‌دایه‌ ڕاهێنه‌ر زۆرشتی دیكه‌ی گرنگی ده‌ستكه‌وێت تا له‌ یارییه‌ فه‌رمیه‌كاندا به‌كاری بهێنێت.



نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو