پێرێز و ئه‌نشلۆتی هه‌ریه‌ك خاوه‌نی ڕه‌وایه‌تین

ئه‌و كاته‌ی ڕاهێنه‌رێك له‌ ته‌ختی شاهانه‌ ده‌هێنرێته‌ خواره‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ماوه‌ی ده‌ساڵه‌ چی سه‌رۆك یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید هه‌یه‌، تووشی جۆرێك له‌ نا هاوسه‌نگی یاریی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ بوونه‌، یاخود چاكتره‌ بڵێم: ته‌ماشاكردنی خۆت له‌ ئاوێنه‌ی دژه‌كانته‌وه‌ هه‌رگیز وێنه‌یه‌كی جوان و پڕ له‌ دیقه‌تت پێنابه‌خشێت، به‌ڵكو به‌ به‌رده‌وامی تۆ ده‌بیته‌ پاشكۆی چاوكردن له‌وانه‌ی به‌ ئه‌زموونێكی درێژخایه‌ن گه‌یشتوونه‌ته‌ لوتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌.

هه‌موو بینه‌ری یاریی جوان و چێژ به‌خشین. به‌ڵام هه‌رگیز بڕوامان به‌وه‌نیه‌ هه‌رچی ڕاهێنه‌ر و كاره‌كته‌ره‌ گه‌وره‌كانه‌، دوای ته‌نیا وه‌رزێك، یاخود كه‌متر به‌ تێكشكاوی به‌ره‌و ئامانجێكی نادیار پاڵیان پێوه‌ بنرێت. ئه‌نشلۆتی له‌ كاتێكدا هات، تیپی سپی له‌ غه‌رغه‌ره‌ی مردندابوو، هه‌روه‌ها ده‌مێك بوو یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ئه‌وی تێپه‌ركردبوو، به‌ڵكو ئه‌وان هه‌رچیان ده‌كرد له‌ هه‌ژموون و چه‌پۆكی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید ڕزگاریان نه‌ده‌بوو، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قه‌یرانی بێڕیزی یاریزانه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كدی و ڕاهێنان به‌ چه‌ندین پلانی یاریی جۆراوجۆر به‌ڕۆكی ماڵه‌ سپیه‌كه‌ی گرتبوو.

ئه‌نشلۆتی ته‌نیا كارێك كه‌ له‌ده‌ستی نه‌هات بیكات، یاخود نه‌گه‌یشته‌ مه‌فسه‌دی ڕوونی ئامانجه‌كه‌ی، ئه‌وه‌بوو: بڕیاری زۆری له‌ باره‌ی یاریزانه‌ یه‌ده‌گ نیشنه‌كان و بۆندی نوێی یانه‌كه‌دا. كارێكی دیكه‌ی به‌ به‌رده‌وامی جه‌ختی له‌سه‌ر یاریی به‌رده‌وامی هه‌رسێ‌ یاریزان (بنزیما و ڕۆناڵدۆ و بێڵ) ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ش هه‌ریه‌كه‌ به‌جۆرێك له‌م وه‌رزه‌دا نه‌گبه‌تی بوون بۆ یانه‌كه‌. ڕۆژنامه‌كانی ئیسپانیا خۆیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌نشلۆتی پیاوی یارییه‌ دژواره‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ زۆرێك له‌ یارییه‌ گه‌وره‌كان تیپه‌كه‌ی تاڵاوی زۆری چه‌شتووه‌ و ئه‌ویش هیچ پلانێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌، كه‌ ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ به‌ به‌رده‌وامی ته‌نیا به‌ پلانێك به‌شداری ده‌كرد.

ئه‌نشلۆتی كارێك، یاخود هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ وه‌رزی پێشوو ئه‌نجامیدا، ئه‌وه‌بوو نه‌یهێشت ئیداری یانه‌كه‌ هیچ هیرَشكارێك بگوازنه‌وه‌ بۆ تیپه‌كه‌، به‌ڵكو ئه‌و به‌ به‌رده‌وامی جه‌ختی له‌ بوونی بنزیما و ڕۆناڵدۆ ده‌كرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شبوو ئیداره‌ی یانه‌كه‌ له‌ هێنانی "ڕادیماڵ فاڵكاو" پاشگه‌زبوونه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌یش له‌ گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر یووناتید له‌م وه‌رزه‌دا هیچی پێشكه‌ش نه‌كرد. بوونی یاریزانێكی وه‌كو چیچاریتۆش ته‌نها بۆ قوفڵی قسه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كورسی یه‌ده‌گ نشینی یانه‌كه‌بوو. ئه‌نشلۆتی ئه‌گه‌رچی خه‌ونی یانه‌كه‌ی له‌ ناسناوی ده‌یه‌م هێنایه‌ دی، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌مبوو له‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وامی جێگۆڕكێی به‌ یاریزانه‌كان له‌ شێوازی یاریی تیپه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌دا، هه‌روه‌ها یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ته‌نیا (15) یاریزانی سه‌ره‌كی بۆ تیپه‌كه‌، ڕووحی جه‌نگاوه‌رانه‌ی له‌ دڵی ئه‌وانه‌ی دیكه‌دا نه‌هێشتبووه‌وه‌، به‌جۆرێك هیچ كه‌سێك له‌ تیپه‌كه‌دا هه‌ستی به‌ ئاسایش و ئارامی نه‌ده‌كرد.

له‌ كۆتایدا، ئه‌وه‌ی ئه‌نشلۆتی خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی، پێموایه‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید جێگای ئه‌وه‌نیه‌. به‌درێژای ماوه‌ تیپی مێره‌نگی كات به‌ هیچ ڕاهێنه‌رێك نادات له‌سه‌رخۆ تێستی كاره‌كانی بكات، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌موو ڕاهێنه‌رێك به‌بوونی پاره‌كه‌یان و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌یه‌تی، چی پێده‌كرێت ئه‌نجامی بدات، ئه‌گیانه‌ نه‌ك جامێك، به‌ڵكو ده‌یان ناسناو وه‌كو وه‌رزێك نابێت تیپه‌كه‌ به‌بێ‌ ئه‌نجام له‌ یاریگادا بێته‌ده‌ره‌وه‌. كه‌واته‌، هه‌م پێرێز و هه‌م ئه‌نشلۆتی خاوه‌نی ڕه‌وایه‌تین، به‌ڵام هه‌ریه‌ك به‌ شێوازێك.




نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو