سواڵی بێشه‌رمانه‌ی یانه‌كان مایه‌ی نیگه‌رانیه‌!

له‌ ڕاستید هیچ كات باوه‌ڕم به‌ بناغه‌ی ئێستای تۆپی پێی كوردستان نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها هه‌رگیزیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم وه‌رزش به‌مشێوازه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمێكی دابڕاو له‌ جیهاندا بكرێت.. كه‌ بیر له‌ تۆپی پێی كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌ پێكه‌نینم به‌ حاڵی یانه‌كان دێت، هه‌روه‌ها گریانیش بۆ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بزانن ده‌یده‌ن به‌كێ‌ و له‌ چیدا خه‌رجی ده‌كه‌ن. باشه‌ ئێوه‌ ئێستا ته‌ماشای بكه‌ن وه‌رزشی ئێمه‌ چیه‌؟ یان له‌ چ مه‌ملكه‌تێكدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، یاخود ئامانجامان له‌م خولانه‌وه‌یه‌دا چیه‌؟ بێگومان هیچ. ده‌ستێك دۆمینه‌ و جامێك بدرێته‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك ڕه‌نگه‌ هیچیان مانا له‌وه‌ زیاتر نه‌ به‌خشن، خۆخه‌ریككردن هه‌ر خۆخه‌ریككردنه‌، هه‌ندێك یاریی وه‌ك دۆمینه‌ په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌ت و پاره‌ی زۆریشه‌وه‌ نیه‌، ڕه‌نگه‌ جار جار چایه‌ك بۆ ئه‌و كاته‌ خراپ نه‌بێت.

ئێوه‌ ته‌ماشای داهێنانی سواڵ و ده‌روه‌زه‌ی یانه‌كانتان كردووه‌، یان ئاگاتان لێیه‌ چه‌ند بێشه‌رمانه‌ پاره‌ی زۆری یانه‌كان به‌ هیچ و له‌ هیچدا ون ده‌كه‌ن، دواتر ده‌رگای سه‌رۆكی حكومه‌ت و نوسینگه‌ی به‌رپرس نیه‌ داوای ده‌روه‌زه‌ی لێنه‌كه‌ن و له‌وێ‌ ڕۆژ تا ئێواره‌ خه‌ریكی كوتانی ده‌رگاكان نه‌بن. به‌ڕاستی سواڵی بێشه‌رمانه‌ی یانه‌كان مایه‌ی نیگه‌رانیه‌و زۆر به‌رپرسی یانه‌یه‌ش هه‌یه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك دادگای بكرێت، به‌ڵكو ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت وه‌رزش و تۆپی پێ‌ له‌ كوێی گیرفانی تاریكی ئه‌ودا جێیان ده‌بێته‌وه‌. ئازیزان، حاڵه‌تی سواڵی یانه‌ دیاره‌كانی كوردستان بۆته‌ دیارده‌، دیارده‌یه‌ك به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و حیزب بپرسن باشه‌ ئه‌م یانه‌ زه‌به‌لاحه‌ بۆ مایه‌ پووچ بوو، خۆ ئه‌وان نه‌ گه‌شتی مێلبۆرنیان كردووه‌، نه‌ له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپادا به‌شداریانكردووه‌، مه‌گه‌ر ته‌نیا شه‌وانه‌ له‌سه‌ر مێزێكی په‌مه‌ی له‌ژێر چه‌ند گڵَۆپێكی ڕه‌نگا و ڕه‌نگدا كۆبنه‌وه‌و چیدیكه‌ نه‌توانن درێژه‌ی به‌ شه‌قه‌ی په‌رداخه‌كانیان بده‌ن. فه‌لسه‌فه‌ی وه‌رزشی كوردستان بووه‌ به‌ (فلس) بیری مانه‌وه‌ی ئه‌وان و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن. گرنگ نیه‌ ڕوو بشكێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چه‌رخی كارگه‌و تیریقه‌ی په‌رداخه‌كان نه‌وه‌ستێت.



نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو