گیرفانى زێدان و دەستى بەڕێوبەرەکان

هەوراز کاوە

دەمەوێت هەندێک جیاواز قسە لەسەر دۆخى یانەى ڕیاڵ مەدرید بکەم. قسە گەلێک مایەى ئەوەبێت خوێنەرى ئێمە زیاتر بەوە ئاشنابن، تا چەند گۆڕانکارى ڕاهێنەرەکان لە یانەى ریاڵ مەدرید دەتوانن خزمەتى ئەنجام و سەقامگیرى یانەکە بکەن، یاخود هێشتا بابەت گەلى دیکەى زۆر شاراوە لەپشت داڕووخانى تیپى یانەى ڕیاڵ مەدریدەوە هەیە، یان هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە دەست بۆ دۆڵاب و فایلە شاراوەکانى  ئیدارەى یانەکە ببەین، کە تا چەند سەرکەتووبن لە کێشانى نەخشە ڕێگاى داهاتووى تیپەکە. کێن ئەوانەى تیپەکەیان بەم دەردە بردووە و، نایەڵن پرۆژەکان بەر ئەنجامى کۆتایى هەبێت؟

لە راستیدا کێشەى سەرەکى یانەى مێرەنگى نەبوونى بەڕێوەبەرى وەرزشیە، کە ڕەنگە بە لاتانەوە سەیربێت ئەو قسەیە دەکەم، بەڵام بەڕێوەبەرى وەرزشى لە ئێستادا بە شاباڵ و درێژەدەرى پلانى یانەکان دادەنرێن، کە لە مەیشدا یانەى مێرەنگى چەندین هەنگاو و بۆندى خراپ و هەڵەى ناوە. ئەگەر بەوردى سەیرى بەڕێوەبەرى تۆپى پێى یانەى بەرشەلۆنە (زوبى زارێتا) بکەین، ئەوە بە درووستى دەبینن یانەى ڕیاڵ لە هێنان و هاندانى یاریزاناندا بۆ ڕیزى تیپەکە چەند هەڵەى کوشندایان ناوە. لە ماوەى ڕابردوودا (زوبى زارێتا) بە سەرکەوتوترین کەس و پلاندانەرى یانەى بەرشە دادەنرێت، بەوەى توانى چەندین بەهرەى گەوەرەى وەک (پیکى و پیدرۆ و بۆسکێتس و فابریگاس و پوێڵ و بۆیان)... هتد. لە تیپى یانەى بەرشەلۆنەى (ب) بدۆزێتەوە، هەروەها توانى ڕۆڵى گەورەى هەبێت لە هێنانى (سانچێز و ئیتۆ) و قایلکردنى ئیدارەى یانەکە، تا (پیپ گواردێلا) لە تیپى یەکەم دابنێن. پاش ڕۆشتنى (گواردێلا)، (زوبى زارێتا) داواى لە ناوبراوکرد ئەرکى تیپى بەرشەلۆنەى (ب) بگرێتەوە ئەستۆ، هەرچەندە گواردێلا ئەمەى ڕەتکردەوە و تیپەکە لە ئێستادا لە ڕیزى یانە پلە سێیەکانە، بەڵام دووربینى ئەو پیاوە نیشانەى ئەوەیە زوو هەست بەوە دەکات، کە لەکام جومگەدا تیپەکە نەخۆشە و نەخۆش دەکەوێت، کە هەموو ئەوە دەزانین بەشێکى زۆرى سەروەرییەکانى بەرشەلۆنە ئەکادیمیای لاماسیا و پشوودرێژى (زووبى زارێتا)بوو.

ئەو وێنەیەى لە سەرەوە پێشانمدا تەنیا بۆ بەرچاوڕوونى ئێوەبوو، هەرچەندە هەردوو تیپەکەیش دوولایەنى دژ بەیەکى سەرسەختن و هەریەکە دەیەوێت سوود لەوى دیکەیان وەربگرێت. کێشەى سەرەکى یانەى ڕیاڵ مەدرید نەبوونى بەڕێوەبەرێکى وەرزشى خاوەن پرۆژیە، کە بتوانێت لە یەککاتدا چاودێرى بارى هەردوو تیپى ڕیاڵ و ڕیاڵى کاستیا بکات، هەروەها ژیربێت لەوەى بتوانێت لەسەر ئاستى یانەکانى دەرەوە ئەو یاریزانانە دەستە بژێر بکات، کە لەگەڵ ژینگەى لەبارى یانەکەدا دەگونجێن. بۆ نموونە: لە پێشوودا (خۆرخى ڤاڵدانۆ) وەک بەڕێوەبەرى یانەکە کارى دەکرد، بەڵام لەگەڵ هاتنى (مۆرینهۆ) لە ساڵى (2011)داو، دەست بەکاربوونى وەک بەڕێوەبەرى یانەکەش، ئەو کەسە لە پۆستەکەى دوور خرایە، بەبێ ئەوەى چاوەڕوانى پرۆژە و بەرهەمى کارەکانى بکەن. دواى (مۆرینهۆ) سەرۆکى یانەکە بڕیاریدا (فێرنادۆ هێرۆ) بەرگریکارى پێشوو تیپەکە، وەک بەڕێوەبەر دەست بەکاربێت، کەچى ئەویش نەکرا و کرا بە یاریدەدەرى (کارلۆ ئەنشلۆتى)، هەرچەندە (هیرۆ) لە پێشوودا لەگەڵ هەڵبژاردەى ئیسپانیا و یانەى (مەلەگە)دا ئەو پۆستەى هەبووە، کە دووریش نەبوو بتوانێت بەر بە چەندین هەڵەى وەک گرێبەستەکەى (گاریس بێل) و فرۆشتنى (ئۆزێل و هیگواین و ئەلۆنسۆ و دى ماریا) بگرێت.
 پێرێز بیرى لە هێنانى (بیدیگا میاتۆڤیچ) کردەوە، کە پێشتر لە (2006) تا (2009) لە دەمى (کالدیرۆنى) سەرۆکى یانەکەدا، بەرێوەبەرى تیپەکەبوو، هەروەها توانى یاریزانان (هیگواین و گاگۆ و ڕۆبن و شنایدەر و مارسیلۆ و ڤان نیسلتەڕۆ) بگوازێتەوە بۆ تیپەکە، کەچى ئەوەندەى نەبرد ئەویش کاروانى پلانەکانى بە دوورخستنەوە کۆتایى هات. 

بەوەى تیشکم خستەسەر ڕوون دەبێتەوە، کە چەندە بەڕێوەبەرە وەرزشییەکان ڕۆڵیان لە پێکهاتە و یەکلاى کردنەوەى تیپى وەرزدا هەیە، کە بەڕوونى ئەم گرفتە لە جەستەى یانەى ڕیاڵ مەدریدا بەدى دەکرێت، هەروەها دەتوانى چەند یاریزانى وەک (بێل و دانیلۆ و کرۆز و کۆڤاسیچ)... هتد، بینیتە پێش چاوى خۆت کە بەبێ خوێندنەوەى بارى تیپەکە لە پێکهاتەى تیپەکەدا دەبینرێن، بەبێ ئەوەى بزانن لە کوێى پلانى یانەکەدان. دوورنیە ڕاوێژیش بە ڕاهێنەرى تیپەکە نەکرابێت لە هێنانى ئەوانەدا، چونکە لە کۆتاییدا ڕاهێنەر دەبێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆپى یانەکەدا. کەچى دەبینین پیاوێکى لاسارى وەک پێرێز بە زەبرى پارە ستارەکان دەگوازێتەوە و چەندین کارەساتى لە تیپەکەدا درووست کردووە، وەک گوێنەدانە بەڕێوەبەر و دەرکردن و هێنانى راهێنەران و نەدۆزینەوەى هاریکارێک بتوانێت هێڵى پێشەوەى یانەکە تۆکمەتر بکات.

 ڕۆژنامەى (مارکا) دەنگۆى ئەوەى بڵاوکردەوە (ئەلکساندەر دلپیرۆ) ئامادەیە وەک بەڕێوەبەرى وەرزشى ڕیاڵ مەدرید  دەست بەکاربێت، بەڵام متمانە بەو ناکرێت تا چەند (پێرێز) گوێ لە بڕیار و پشوودرێژى ئەوان دەگرێت، کە لە ڕاستیدا مافى ئەوانە ڕێز لە بڕیار و ڕاسپاردەکانین بگیرێت، تا زێدانێکى بێ گیرفان و پووڵیش لەوە دڵنیابێت، بەڕێوەبەرێکى هەیە بە باشى لە کلۆربوونى تیپەکەى دەگات.
 بە هەرحاڵ (ولیام شکسپیر) وتەیەکى جوانى هەیە دەڵێت: (( ئەوانەى دەگەنە پلەو پایەى بەرز، ئەگەر تەنیا خۆیان خاوەن بڕیاربن، ئەوە بە دڵنیایەوە مافى هەمووان دەخۆن، دەسەڵاتەکەیان بۆ خراپە بەکار دەهێنن)).

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو