پاش هاتنى گواردیلا، مۆرینهۆ چى دەکات؟

هەوراز کاوە

لەماوەى ڕابردوودا (خۆسیە مۆرینهۆ) بەهۆى داشکانى ئاستى تیپەکەى لە یانەى (چێڵسى) ئینگلیزى وەدەرنرا، بەڵام ڕەنگە وەدەرنانەکەى هێندەى هاتنى (پیپ گواردێلا) بۆ خولى ئینگلیزى ئازار بەخش نەبێت، بۆیە لە ئێستادا (مۆرینهۆ) یەکێک لە باشترین ڕاهێنەرەکانى جیهان بێکارە و زۆریش لە یانە باشەکان دەستیان بە ڕاهێنەرەکانیانەوە گرتووە، هەروەها ئەستەمە ئەو ڕاهێنەرە هەروا بە ئاسانى دەستى لە یانە و تیپێکى باش گیربێت، چونکە هاتنى (پیپ)، واتە هاتنى یارى گشتگیر و کرانەوەى زۆر و هەنگاونان بەرەو لوتکەى گەورەتر و پەرەدان بە ئاستى لاوانى خولى ئینگلیزى.

ئەوەى ئێستا وەک دەرفەت لەبەردەم ئەو ڕاهێنەرە ماوەتەوە، کە خۆیشى ئارەزوو دەکات لەوێ جێنشین بێت، یانەى (مانچستەر یونایتدە) بەڵام ئاسۆکە هێشتا بە ناڕوونى ماوەتەوە. قسەیەکى دیکە هەیە دەڵێت: ((مۆرینهۆ دوورنیە ڕوو بکاتە یانەى (پاریسان جێرمان)ى فەرەنسى، لەبەر ئەوەى ئیدارەى ئەو تیپە دەیانەوێت هەنگاوى زیاتر بەرەو یارى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بنێن و، ڕاهێنەرى ئێستایان تەنیا لە چوارچێوەى خولەکانى فەڕەنسادا دەخوڵێتەوە)).
 لەسەرچوونى بۆ فەڕەنسا، (مۆرینهۆ) دەڵێت: (( چاوەڕوانى کۆتایى وەرز و ڕۆیشتنى لۆران بلان دەکەم)) کە ئەوەش دوورنیە تەنیا لەبەر یانەى (مانچستەر یوونایتد)و چاوەڕوانى ئەوانبێت!

ئێستا یانەى (ئینتەر میلان) لە دۆخێکى پڕ لە داشکانى ئەنجام و دوورکەوتنەوە، لە خولى یانە پاڵەوانەکاندا کات بەسەر دەبات، بۆیە دوورنیە لە کۆتایى وەرزدا (ڕۆبەرتۆ مانچینى) لە پۆستەکەى دووربخرێتەوە، ئەوەش ئەگەرەکان زیاد دەکەن (مۆرینهۆ) بگەڕێتەوە ڕیزى یانەى (نیراتزۆرى)، بەڵام لەگەڵ نەگەیشتنى ئەو تیپە بۆ خولەکانى ئەوروپا، جارێکى دیکە گومانەکان واى دەردەخەن (موو) ڕوو لەو یانەیە نەکات. هەرچەندە ئەو تیپە باری ئابوورى تا ئەندازیەک خراپ نیە، بەڵام ئارەزووى (جۆزێ) خولێکى داشکاوى هاوشێوەى (کاڵیشۆ)نیە، بۆیە دەیەوێت لەبرى خولێکى بەهێز لەسەر ئاستى ئەوروپادا پەرە بەتوانا و ناوبانگى بدات.

پێش دەرکردن و شکستخواردنى لەگەڵ یانەى (بلوز)دا، ڕاهێنەرى ناوبراو ئارەزووى دەکرد ئەرکى ڕاهێنەرایەتى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى (پرتوگال) بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەم گریمانیەیش ڕەنگە نەیەتەدى، چونکە لەم کاتەدا تیپى (پرتوگال) لە جامى یۆرۆى داهاتوودا بەشدارە و ئەو ڕاهێنەرەیش داهاتووى خۆى نابەستێتەتە ئەنجام و کۆتاییەکانى ئەو تیپەوە. بە بۆچوونى من: ((پاش هاتنى گواردێلا، بۆ خولى ئینگلیزى، چیتر (جۆزێ) چاوەڕوانى ئەوە ناکات ئەنجامى یانەکانى خولى ئینگلیزى دەگات بە کوێ، بەڵکو نزیکە پێش دەرکردنى (ڤانگال) وەک ئاماژەیەک بۆ وەرزى داهاتووى (پیپ) و تاڵکردنى شرینى گرێبەستەکەى، وەک ڕکابەرێکى سەرسەخت و پڕ لە دژوارى بەرانبەر ئەو ڕاهێنەرە ڕاست ببێتەوە، ئەوەش دوورنیە ئیدارەى یانەى (مانچستەر یوونایتد) چى دیکە چاوەڕوانى وەرزى ئەمساڵ نەکەن، بەڵکو پاش هاتنى (گواردێلا)، مانچستەریش پێویستى بە کەسایەتیەکى وەکو (مۆرینهۆ) هەیە، تا سنوورێک بۆ باڵا دەستى ئەو ڕاهێنەرە دابنێت)).

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو