بۆ زێدان پۆگباى دەوێت؟

هەوراز کاوە

لە ئێستادا پێمان وایە یانەى ڕیاڵ مەدرید، کێشەى لە هێڵى ناوەڕاستدا نیە، بەڵام ڕاهێنەرى تیپەکە، جەخت لەو دەکاتەوە کە پێویستیان بە ئەستێرەکى چەشنى (پۆل پۆگبا)یە، وەکو یاریزانى یاریدەدەر و جێگرەوە بۆ ئەو بنکەیە، بە تایبەتى سەرجەمى یانەکانى کیشوەرى ئەوروپا، جگە لەوەى پشت بە یاریکردن لە ناوەوە دەبەستن، لە هەمانکاتدا زۆرترین یاریش لە لاکانەوە بۆسەر تیپى دژ ئەنجام دەدەن. یانەى ڕیاڵ مەدرید، یاریزانى نموونەى ئیسکۆى هەیە، بەڵام ئەو بە بەردەوامى تۆپ لەلاى خۆى دەهێڵێتەوە و نمایشى پێوە دەکات، دواتر دەیگۆرێت بۆ هێرشى سێ یەکى هێڵى پێشەوە، هەروەها خامیس ڕۆدریگز، ڕاستە لە سەنتەرى یاریکردن دەمێنێتەوە، بەڵام ئەویش کەمترین یارمەتى ئەوانەى نووک دەدات، کە زیاتر وەکو یاریزانى بەردەم خۆى نمایش دەکات، ئەگەر باسى کۆفاسیچ، بکەین ئەویش تواناى نیە بۆ ماوەیەکى زۆر لە یارییەکاندا بمێنێتەوە.

هەردوو یاریزان (کرۆس و مۆدریج) لە خولى ئیسپانى و یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپادا، خراپترین ئاستیان لە ڕووى هونەرى و هاریکارى یاریزانەکانى پێشەوە پێشانداوە، هەرچەندە ئەو دوو یاریزانە بەشێوەیەکى گەورە لە دائیرەى نیوە یاریگاى خۆیاندا زۆرترین بچڕاندن و داخستنى ڕووبەر بەڕووى تیپى دژدا ئەنجامدەدەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن هەماهەنگى لەگەڵ یاریزانەکانى دڵى پێشەوە بکەن.

قسەى من، لەسەر زێدانە، کە هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە ئیدارى تیپەکەى جێگرەوەیەکى نایابى بۆ ناوەندى یاریگا، بۆ بگوازنەوە، کە خواستى ئەویش تەنیا (پۆل پۆگبا)یە، کە ئەو یاریزانە لە پشتى یاریزانەکانى هێڵى پێشەوە یارى دەکات، هەروەها توانایەکى باشیشى لە گەڕاندنەوە بۆ بەگریکردن و دروستکردنى یارى و گۆڵکردن هەیە.

زیزۆ، دەیەوێت ستارێکى چەشنى ناوبراو بخاتە سەر حساباتى ئەم وەرزەى، بە تایبەتى ئەو لەبەر یەک نووختەى گرنگ پۆگباى دەوێت، کاتێک ئەو یاریزانە لە بچڕاندنى تۆپەکان و یاریکردن لە لاکان و گلدانەوەى لە ناوچەى سزاى تیپى دژ نایابترین یاریزانى گۆڕەپانەکانى کیشوەرى ئەوروپایە، لە کاتێکدا یانەى میرەنگى، چەندین وەرزە نەیتوانیوە یاریزانێکى هەبێت زیاد لە ڕۆڵێک بگێڕێت، هەروەها وەرزى پێشویش هیچ کام لە وانەى سەنتەرى یارى تواناى یاریکردنیان نەبوو لە لا باڵەکان، بۆیە زێدان، بەدواى جێگرەوەى باشى ناوەندى یارى تیپەکەیەوەیەتى، نەک بێ بایەخکردنى ئەوانەى لەوێدا ڕۆڵ دەبینن.

نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو