مۆندیالى قەتەر و کۆیلەکردنێکى ترسناک

هەمیشە پارە فەساد و نەزانین و گەندەڵى بە دواى خۆیدا دەهێنێت، یان چاکتر وایە بڵێم زۆرجار هەندێک لەو کەسانەى بزنزمان و سەرمایەدارى گەورەن، خاوەنى زۆرترین فەساد و نەزانین و دواکەوتوین. هەندێکجار کە پارە زۆربوو بە کۆیلەکردن و پاوانکردنى هەژارەکان دەبێتە ئەرکى یەکەمینى خاوەن پارە و پاروى چەور

. لەوەتەى کەنداوى عەرەبى مەلیک و دەستڕۆیشتوەکان بەڕێوەى دەبەن، زۆرترین ڕێژەى بەهەدەردانى پارە و تێرکردنى ئارەزووە تاکیەکان پەرەى سەندووە، هەروەها لە خاکى موسڵماناندا خەریکە بە کۆیلەکردنەوەى مرۆڤەکان دەبێتەوە بە دیاردەو جارێکى دیکە سەرانى عەرەب دەیانەوێت ئەوەى لە عەهدى قورەیشدا ڕویدا ئەوان بە دەموچاوێکى کەوە بیخەنە بازاڕى نەزانى خۆیانەوە. لە نیمچە دورگەى عەرەب سەرەتا بە کۆیلەکردن و فرۆشتنى مرۆڤەکان لە پەرداخێکى ئاوى سارد هەرزانتر بوو، بەڵام لەگەڵ هاتنى سەردارى مرۆڤایەتى بە ڕێنماى ڕاستەوخۆى (پەروەدەگارى جیهانیان)و ناردنى پەرتوکێکى وەکو قورئان مرۆڤەکان بە موسڵمان و غەیرە موسڵمان بوونە خاوەنى کەرامەت و ژیان و ژین و دینیان پارێزرا، هەروەها هەموو کەس ئازاد کرا لەوەى چۆن کار دەکات و دەبێت کارەکەیشى لە چوارچێوەى پاراستنى عیزەتى نەفس و دواتر گەڕانەوەى بێت بۆ ناو ماڵ و منداڵ و خێزانەکەى.

وتەیەکى گرنگى ئیمامى یەکسانى و دادپەروەرى عومەرى کوڕى خەتاب هەیە دەڵێت: "مرۆڤەکان بە ئازادى لە دایک دەبن چۆن دەبێت بکرێن بە کۆیلە" بەڵام دیارە سەرانى وڵاتى قەتەر و مەلیکەکانى کەنداو ئەوەیان بیرچۆتەوە، یاخود بە تەواوى لە دینەکەیان لایانداوەو و دەیانەوێت بۆ چەند ڕۆژێک، یان بۆ ئافەرینێک هەزاران کەس بکەنە قوربانى و وەک کۆیلە سەیریان بکەن. سەیرە تۆ خاوەنى پارەبیت، بەڵام دەست بۆ هەڵگرتنى هەموو بەردێکى گەورەبەریت.

مۆندیالێک ئەو هەموو کارەسات و ڕەشوەى ناوێت، لە هەموو ترسناکتر ئەوەیە ئێستا لەبەر کارى زۆرى یاریگاکانى قەتەر و بەرگرتن بە کرێکارانى بیانى وڵاتە هەژارەکان، دەیان و سەدان کەس دەبنە قوربانى و مافى مرۆڤیش تۆخۆش! لەم سەر وەختەدا جارێکى کە دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە نابێت یارییەکانى جامى جیهانى (2022) لە وڵاتى قەتەر بەڕێوەبچێت، چونکە ئەو وڵاتە خەریکە بەها بۆ مافى مرۆڤ و کرێکارەکانى دانانێت و سەدان کەس لەلایەن دائیرەى کۆچبەرانى قەتەرەوە وەک کۆیلە سەیر دەکرێن و نایەڵن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانى خۆیان، یا چاکتر وایە بڵێم ئەو مرۆڤانەى ئەوێ ئێستا وەک زیندانى وان و دەبێت بە بەردەوامى کار بۆ سەرخستنى مەلەفى مۆندیالى قەتەر بکەن.

بەهۆی ئەوەی‌ دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی وەک قەتەر دانیشتوانە رەسەنەکەی‌ خۆی (1) ملیۆن کەسە، ئەوەش وایکردووە زۆربەی خەڵکەکەی‌ دەوڵەمەندبن و کارنەکەن لە پڕۆژەکاندا، بۆیە ئەو وڵاتە بەناچاری لە وڵاتە هەژارەکانی وەک نیپاڵ و هیندستان و سریلانکاو فلیپین هتد.. کرێکار بهێن و، بەهۆی کارکردنی زۆر و پلەی گەرمای بەرزەوە تا مانگی مایسی ئەمساڵ (1250) کرێکار گیانیان لەدەستداوە، ئەگەر ئەو رێژەیە بەردەوام بێت، ئەوا لە هەر پڕۆژەیەکدا (4500) کرێکار دەبنە قوربانى، ئەوەش لەلایەن مافی مرۆڤەوە جێگەی‌ قبوڵ نییە، نەک تەنیا ئەوە بەڵکو تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ لەلایەن دائیرەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەوە پاسپۆرت لە کرێکاران دەسەندرێت بۆ ئەوەی‌ وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

بۆیە لە ئێستادا ڕۆژنامەکانى بەریتانیا داوادەکەن جامى جیهانى ساڵى (2022) لە قەتەر بسەنرێتەوە و بەهاناى کرێکارانى بیانى ئەو وڵاتەوە بچن.



نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو