تێناگەم پرۆسەى یانەى سلێمانى ئاڵۆزە

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنى پایزدا وەرینى گەڵا و گوڵى یانەى سلێمانى دەست پێدەکاتەوە. هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنى خولى یانەکانى عێراقدا، یانەى سلێمانى کوردستان پڕدەکاتەوە لە پەشێوى ترسناکى وروژاندنى قەیرانى کەم پارەیى و داخستنەوەى یانەکە و پەکەوتنى وەرزشى شارێک، کە نیوسەدەیە وەرزشى نەکەوتووە.

لە ڕاستیدا سەر لەو سەرمێز و بن مێزەى یانەکە دەرناکەم و نازانم ئەو یانە کەم هێزکراوە بۆ ئەوەندە پێویستى بە پارەیە و ئەوەند پێویستى بە حەکیمێک نیە دەستى بگرێت و بیخاتە سەر هێڵى پانتایى یاریى ڕاستەقینە.

ماوەى دوو وەرزە یانەى وەرزشى سلێمانى لە هەوڵى کۆکردنەوەى کۆمەک و گوشارخستنە سەر ئیدارى پارێزگاى سلێمانیە و هەمیشە وا خۆیان پێشاندەدەن لەو پەڕى کەمدەستى و کەم دارایدا دەژین و، دەبێت وەک نەریت هەموو وەرزێک حکومەتى هەرێم ملیارێک دینار ببخشێتە ئیدارەى یانەکە و دواتریش پێم ناڵێن چۆن و لە چیدا ئەو هەموو گونیە پارەیە سەرفکرا؟. بەڕاستى دڵتەنگم بەوەى یاریى یانەکە لە خولى عێراقى دەبینم، کاتێک یاریزانەکانى تیپى سوور لە زۆر ڕووى تەکتیکى و تەکنیکیەوە لاوازن و زۆرجارێش یاریزانەکان شوێنى یاریى خۆیان ون دەکەن و تواناى جەستەییان وەک پێویست نیە، لە کاتێکدا ئەوەى یانەکە کردوویەتى، یاخود بە ڕوونى دیارە هێنانى تەنیا ڕاهێنەرێکى خاوەن ئەزموونە و ئەوانەى دیکەى بە یاریزان هەژمار دەکرێن هەندێکیان جاروایە یەک وەرز، یان دوو وەزرە لە یانەکەدا یاریى دەکەن و ئەوەندەش بەردەستى ئەم ڕاهێنەر و ئەو ڕاهێنەریانکردووە سەلیقەى یاریى ڕاستەقینەى خۆیان لەدەستداوە.

ئەگەر یانەى سلێمانى بیەوێت هەنگاوى جەدى، جدیتر هەڵبگرێ بۆ ئەوەى سنورەکانى عێرق ببڕێت، گرنگە ئیدارەى یانەکە لە ڕێکخستنەوەى هاتن و چوونى یاریزانەکانیەوە دەست پێ بکات و کار بۆ ئەوە بکەن چیتر ئەوەندە لەگەڵ گرێ کوێرەى ڕاهێنەر و هێنان و بردنى ئەو ناواندا کار نەکەن و ئەوەندەش بیر لەوە نەکەنەوە هەموو ساڵێک کۆمەڵێک یاریزان تێست بکەن و دواتر دەستبەرداریان بن. لە یاریى تۆپى پێدا گرنگە تیپ و یانەکان خۆیان یاریزان بۆ خۆیان دروست بکەن، یان باشتر وایە بڵێم پێویستە بە چاوى سەرى دوورمەودایى سەیرى یاریزان بکرێت و دەرفەتى ئەوەشى هەبێت لە ساتە دژوارەکاندا ئیدارى یانەکە یارمەتى بدات. ناکرێت تۆ یانەیەکت هەبێت هەموو ساڵێک بە دادۆشینى ئەم و ئەو دروستى بکەیتەوە و خۆتیش نەتوانیت خاوەنى گۆڵپارێزێکى باش و بەرگریکارێکى ڕەق و ناوەندێکى دروستکار و و هێرشکارێکى یەکلاکەرە بیت، یاخود یانەى سلێمانیش وەک زۆر یانەى دیکە بەینى خۆمان بێت تەنیا ئەرکى ئەوەیە مەراسیمى یارییەکان بەجێ دەگەیەنێت و باشترینەکانى دەدات بەم و بەو و چاوەڕوانى پایز دەکاتەوە!




نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو