ئایە ریاڵ مەدرید یاریى بەئەنجامەکان کردووە؟

ڕەنگە هەرگیز بڕوا بەوە نەکەى یانەیەکى وەکو یانەى ڕیاڵ مەدرید بەدواى ئەوەدا بگەڕێت یاریى بە ئەنجامى یارییەکان بکات، یاخود هەمیشە بڕوامان بووە یانەى مەلەکى زۆرترین ستارە گەورەکانى جیهانى کۆکردۆتەوە و زۆرترین بڕە پارەشى پێداون، لە پێناوى ئەوەى زۆرترینجار نازناوو یارییەکان بباتەوە، بەڵام لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا یانەى ناوبراو دەیان ملیۆن یۆرى خەرجکرد لە پێناوى ئەوەى جارێکى کە بگاتەوە یاریى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا و ئەو گرێ کوێرەیە بکاتەوە، دواجار لە وەرزى پێشوو یانەکە خەونى لە مێژینەى هاتەدى و جامەکەى بردەوە، کەچى دواى چەندین مانگ لە بەدەست هێنانى ئەو نازناوە، ئاماژەکان واى بۆدەچن یانەى شاهانە بە نهێنى هەوڵى داوە لە کاتى ڕاکێشانى تیروپشکى قۆناغى دووەمى یارییەکان ڕووبەڕووى یانەى شاڵگەى ئەڵمانى بێتەوە، هەروەها خۆیان لە بەرامبەر یانەى مانچستەر سیتى بپارێزن. ئەوەى ئەم چیرۆکەى ئاڵۆزکردووە، تەنیا ئەوەیە ڕۆژنامەکانى نزیک لە یانەى بەرشەلۆنە ئاماژە بەگرنگى بابەتەکە دەکەن و پشتیان بە وەیش بەستووە لە وەرزى ئەمساڵى "بالۆن دۆر" سەرۆکى یانەکە ئەندامى هەمان لیژنەى دەست نیشانکردنى چاکترین یاریزانى جیهانبووە، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى پێرێزى سەرۆکى یانەى ڕیاڵ مەدرید نزیکى زۆرى لەگەڵ هەردوو یەکێتى تۆپى پێى جیهانى و ئەوروپى هەیە.

چیرۆکەکە:

یەکێک لە ڕۆژنامەکانى نزیک لە یانەى بەرشەلۆنە یانەى ڕیاڵ مەدرید بەوە تۆمەتبار دەکات، لە قۆناغى 16ى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپاى وەرزى پێشوو، لە شارى نیۆنى سویسرى  یاریى بە ئەنجامى تیروپشکى ئەو قۆناغەکردووە. لە یەکێک لە وتارەکانى جێگرى سەرنوسەرى ڕۆژنامەى (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ى نزیک لە یانەى بەرشەلۆنە "فڕاسیسک ئەخیلار" ئاماژە بەوە دەکات نیمچە گۆڕانێک لە تروپشکەکەدا کراوە، بۆ ئەوەى یانەى ڕیاڵ مەدرید ڕووبەڕِووى یانەى مانچیستەر سیتى ئینگلیزى نەبێتەوە، بەڵکو لەو قۆناغە یاریى لەگەڵ یانەى شاڵگەى ئەڵمانى بکات. هەروەها ئەخیلار وادەبینێت جموجۆڵێکى چالاک هەیە لەلایەن (ئیمیلۆ بۆتراگینۆ)، کە بەڕێوەبەرى دامەزراوەکانى یانەى ڕیاڵ مەدریدە و کار لەسەر ئەو پەڕانە دەکات لە یەکێتى تۆپى پێ ئەوروپا لە بەرژوەندى یانەى ڕیاڵ مەدریدە، پێشى وایە: ئەو کەسە ترسناکە و بە نهێنى زۆر پەڕەى جۆراجۆرى یاریى پێکردووە لە سوودى یانەى مەلەکى. نوسەر بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئاماژەى بەوەکردووە ئەوە چەنجارە یانەى شاهانە ڕووبەڕووى یانەى شاڵگەى لاوازى خولى ئەڵمانى دەبێتەوە، کە ئەوەش جارى یەکەم نیە، بەڵکو سەرەتاکەى لە وەرزى ساڵى (2013)دا دەستى پێکرد، هەروەها گومانەکان زیاد لە جارێک پێمان دەڵێن ڕەنگە ئەمە لە نێوان یانەى ڕیاڵ مەدرید و شاڵگە و یەکێتى تۆپى ئەوروپى کرابێت، بە قەرەبوو کردنەوەى پارە بۆ یانەى شاڵگە و بە ئومێدى مانەوەى یانەى ڕیاڵ و بەدەست هێنانى یۆرۆى زۆریش بۆ یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا.




نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو