رۆناڵدۆ نۆ کارتى سوور و دەرونێکى ڕووخاو

پێتان سەیرنەبێت ئەگەر بڵێم هەمیشە بەهۆى لوتبەرزیەکەى لە یاریگاکاندا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە چاوێکى کەم سەیرى دژ و هەندێکجاریش هاوڕێکانى دەکات. سزاکەى ڕۆنالدۆ بەڕاگرتنى بۆ دوو یاریى، جیگاى شەرمە و ئەو یاریزانە چەندینجارە لە یاریگاکان هێرشدەکاتە سەر ڕاهێنەر و یاریزانان، هەروەها ئەوەى ئەمجارەى باشترین یاریزانى جیهان، لە هەموو ئەوانەى پێشووى جیاوازبوو، بەڵکو نەک جارێک سێ جار هێرشیکردە سەر یاریزانەکانى قورتوبەو بەتوندى ڕووبەڕووى بەرگریکارانى ئەو تیپە بۆوە، کەچى دوایى یارییەکە ناوبژیوان لە ڕاپۆرتى تایبەتى خۆیدا ڕەفتارەکەى ناوبراوى وەکو کاردانەوەیەکى ئاساى باس کردبوو. کە دواجار یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیا بەپشت بەستن بەو ڕاپۆرتە و گرتەکانى یارییەکە ئەو یاریزانەى بۆ ماوەى دوو یاریى سڕکرد.

پاشان ڕۆژنامەکانى کەتەلۆنیا بەتوندى هێرشیانکردە سەر یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانى و ئەو یەکێتییەیان بە دووڕو ودرۆزن لە قەڵەمدا، بەوە ناسانیان کاریگەرى زۆرى ئیدارى یانەى مەلەکییان لەسەرە، هەروەها چەندین شیکارو بەراوردى ساڵانى نەوەدەکانى پێشووى یاریزانەکانى بەرشەیان باسکردووە، کە چۆن یەکێتى ناوبراو یاریزانەکانى ئەو تیپەى لەسەر ڕووداوێکى سادە بۆ چەند یاریى سزاداوە، ئەوە جگە لەوەى نابێت بیرمان بچێت ڕۆناڵدۆ بەوە ناسراوە لەگەڵ چەندین یاریزانى دیاری جیهانى لە یاریگاکاندا شەڕى کردووە، لە ماوەى یاریکردنیشیدا (9) کارتى سووری وەرگرتوو. یەکێک لەو ڕووداوانەى هەرگیز لەبیر ناکرێت ئەوەیە: "کریس لە یەکێک لە یارییەکانى کلاسیکۆ بەتوندى پەلامارى پیپ گواردێلادەدات"، هەروەها لە یاریى هەڵبژاردەکەى و بەڕازیل بەتوندى بە هەردوو دەستى لە مللى مارسیلۆى بەرگریکارى بەڕازیلیدەدا، ئەوە جگە لەوەى لە جامى جیهانى (2010)دا بە توندى لە یاریزانى ئیڤوارى (جوڤرى سیرى دیى)دا، کە ئەوە جارى یەکەم نیە ئەو یاریزانە وەک ئەستێرەیەکى ناوازە پەلامارى یاریزانان دەدات، کە لە شیکارییەکاندا هاتووە هەر کاتێک ئەو یاریزانە ئاستى خراپبێت ئەوە ڕاستەوخۆ پەنا بۆ گرژى و ئاڵۆزى دەبات. سەرەتاکانى ئەم ڕاستیە لە دەسپێکى ساڵى نوێدا بەدى دەکرێت و وەکو وێنە بۆتانى دەخەمەڕوو.

لەدواى جامى جیهانى یانەکانەوە تا ئێستا ڕۆناڵدۆ حەوت یاریى ئەنجام داوە، کەچى لە هیچ یارییەکى ئاستى وەکو پێویست نەبووە، لەسەرجەم ئەو (7) یارییە لە دواى مۆندیالەوە کردوونی، (6) یاریی رەسمی و یارییەکی دۆستانەبووە، بەرامبەر بە یانەى میلان لەسەر جامی تەحەدی، لە یارییە رەسمییەکاندا ئەم یاریزانە (5) گۆڵی کردووە، لەیارییەکەی میلانیشدا گۆڵێک. لە یاریی شەوی شەممەی رابردووشیدا ئەو یاریزانە نەک نەیتوانی گۆڵ بکات، بەڵکو ریکۆردێکی سەلبی تۆمارکرد بەوەی نۆیەم کارتی سووری لەژیانی پیشەگەرى خۆیدا وەرگرت، (4) کارت لەگەڵ مانچستەر یونایتدو (5)یش لەگەڵ ریاڵ مەدرید، هەر بەو هۆیەشەوە لە دوو یاریی راگیرا. لە سەرەتای لالیگاوە ئەو یاریزانە کە خاوەنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونى ئەمساڵە، زۆر بەتوانایەکی بێ سنوورەوە لە گۆڵکردن دەستیپێکرد، بە جیاوازییەکی یەکجار زۆریش پێش میسی دووەم گۆڵکاری لالیگا کەوت، بەڵام یاریی لەدوای یاریی میسی زیاتر لێی نزیکدەبێتەوە، ئێستا کریستیانۆ خاوەنی (28) گۆڵ و میسی خاوەنی (21) گۆڵە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە لانی کەم کریستیانۆ دوو یاریی ڕاگیراوە، ئەوەش هەلێکی باشە بۆ میسی تا زیاتر لێی نزیکببێتەوە. لەبەر ئەوەی ‌کریستیانۆ هەر لەسەرەتای ساڵی (2015)ەوە زۆر دوورە لە ئاستە راستەقینەکەی خۆی، تەنانەت لەیارییەکەی شەوی شەممەی رابردوودا نەیدەتوانی یاریزانێکی قورتوبا ببڕێت، جگە ‌لەوەش ئەوە ‌بە ئاشکرا بەڕووی ئەم یاریزانەوە دەبینرا، کە لە ڕووی دەروونییەوە کێشەی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو کاردانەوەو تووڕبوونانەی بوو لەیارییەکەدا، کە لە یاریزانێکی تازەپێگەیشتووش ناوەشێتەوە،‌ نەک لەیاریزانێکی ناودارو بەناوبانگی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە مانگی پێشوو خەڵاتی تۆپی زێڕی ساڵی پاری بردەوە.

دواجار ئەوەى ماوەتەوە بوترێت تەنیا خاڵێکە، کە ئەوەیش بوونى یاسایە بۆ هەمووان وەک یەک و، دواتر سزادانى ئەوانەى دەیانەوێت ئاڕاستەى یاریى لە بارێکى تەندروستەوە بگوازنەوە بۆ مەیدانى جەنگ و بەگژداچوونى یەکترى، هەروەها ناکرێت تۆ یەکێتیەکى وەرزشى گەورەبیت سزاى یاریزانە و تیپە مام ناوەندەکان زۆر قورس بکەیت و دەیانى وەکو ڕۆناڵدۆیش بەو هەموو پەلامارو کارتە سوورە ڕێگابدەیت تەنیا بۆ جارێک سزایەکى سادەبدرێت، بەڵکو گرنگە هەموو ئەوانەى هاوشێوەى ڕۆناڵدۆن، وەکو یاریزانەکانى نەوەتى سەدەى پێشووى یانەى بەرشەلۆنە بۆ چەندین یاریى سڕبکرێن و ببنە ئامۆژگارى بۆ هەموو تیپ و یانەو یاریزانەکانى خولەکە.



نیشانە کردن

زۆرترین خوێندراو